پێنج هاوڵاتی ئاواره گیانیانله‌ده‌ستدا، به‌هۆی داڕوخانی خانوه‌كه‌یانه‌وه كه لافاو له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك پرد و شوێنی نیشته‌جێبونی تردا له دیاله و نه‌ینه‌وا زیانی پێگه‌یاندن، له ئه‌نجامی ئه‌و بارانه به‌خوڕه‌كه‌ی له كه‌مپه‌كانیشدا ته‌نگی به خه‌ڵك هه‌ڵچنی و چه‌ندین خێوه‌تی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد.
شه‌پۆلێكی بارانبارانی به‌خوڕ و ره‌شه‌با، دوێنێ چوارشه‌ممه 18ی ئادار زۆربه‌ی پارێزگاكانی عیراقی گرته‌وه و له چه‌ندین ناوچه، به تایبه‌ت له نێو ئاواره‌كان و له ناوه‌ندی شاری موسڵ، بووه هۆی لافاو و زیانی لێكه‌وته‌وه.
له به‌عقوبه‌ی ناوه‌ندی پارێزگای دیاله، پێنج ئه‌ندامی یه‌ك خێزان به‌هۆی بارانی به‌خوڕه‌وه گیانیانله‌ده‌ستدا، كاتێك خانووكه‌یان به‌سه‌ردا روخا.
ئه‌حمه‌د سه‌رحان، دانیشتووی به‌عقوبه و شایه‌تحاڵی روداوه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و خێزانه چه‌ند ساڵێكه هاتونه‌ته گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی و ئاواره‌ی ناحیه‌ی جه‌له‌ولای قه‌زای خانه‌قینن، خانوه‌كه‌یان كه له دار‌و قوڕ دروستكراوه و زۆر كۆنه، به‌هۆی بارانه‌كه‌وه داڕوخا".
به‌وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییه، له داڕوخانی خانووه‌كه‌دا پێنج كه‌س له كۆی حه‌وت ئه‌ندامی خێزانه‌كه گیانیانله‌ده‌ستداوه.
"داپیره‌یه‌ك، له‌گه‌ڵ دایك و سێ كچه‌كه‌ی گیانیانله‌ده‌ستدا، ته‌نیا دوو منداڵی ته‌مه‌ن دوو ساڵ و نیو له‌گه‌ڵ یه‌ك ساڵ و نیو رزگاریان بوو" ئه‌و شایه‌تحاڵه ده‌ڵێت باوكی منداڵه‌كان ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كۆچی دواییكردووه.
بارانی به خوڕی دوێنێ هه‌ر زوو له چه‌ندین ناوچه لافاوی دروستكرد و چه‌ندین خانووش ژێرئاو كه‌وتن.
فارس خوزه‌یر، لێپرسراوی راگه‌یاندنی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی پارێزگای دیاله به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و خێزانه ئاواره‌یه به‌هۆی داڕوخانی بنمیچی خانوه‌كه‌یانه‌وه پێنج كه‌سیان گیانیانله‌ده‌ستدا، ته‌نیا دوو منداڵیان ماوه‌ته‌وه كه برینه‌كانیان سوكه و چاره‌سه‌ریان بۆ كراوه".
كه‌مپی ئاواره‌كان، به تایبه‌ت له سنوری پارێزگاكانی دهۆك و نه‌ینه‌وا، روبه‌ڕوی زه‌حمه‌تی زۆر بونه‌وه به‌هۆی بارانی به‌خوڕه‌وه.
سالم قولو، لە کەمپی شاریای سنوری دهۆك –زۆرینه‌ی ئاواره‌كانی نه‌ینه‌وا تێدایه- به (كه‌ركوك ناو)ی وت "رێژەیەکی زۆر لە باران و تەرزە باری، بۆیه زیانی زۆر به ئاواره‌كان گه‌یشت، زیاتر له 10 خێوه‌ت داڕوخان و دڕاون".
له ناوچه و كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هێشتا زیاتر له 700 هه‌زار ئاواره هه‌ن كه زۆرینه له نه‌ینه‌واوه‌یه، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێم.
باران و لافاو له كه‌مپی كه‌به‌رتووی دهۆكیش لافاو دروستكرد و زیانی به خه‌ڵك گه‌یاند.
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، بڕیاریدا به كردنه‌وه‌ی ده‌رگای كۆگانیان و گه‌یاندنی هاوكاری خۆراك و پێداویستی تر به ئاواره و ئه‌و خێزانانه‌ی به تایبه‌ت له موسڵ، لافاو زیانی پێگه‌یاندن.
له‌ناوشاری موسڵ، زۆربه‌ی گه‌ڕه‌ك و شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كان نقوم بون، به‌هۆی لافاوی دوای بارانی به‌خوڕ.
به‌پێی روماڵی دوێنێی په‌یامنێرانی (كه‌ركوك ناو)، له چه‌ندین گه‌ڕه‌كی موسڵ، به به‌له‌م خه‌ڵك له لاقاو رزگاركران، ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێل ئاوی تێچوو، هه‌ندێكیان خانوو به‌سه‌ریاندا روخا و به‌شێك له شه‌قام و پرۆژه‌كانیش له ئاودا نقوم بون.
له قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر له خۆرئاوای نه‌ینه‌وا، بارانی به‌خوڕ 175 خێزانی ناچار به ئاواره‌یی كرد.
رێكخراوی مانگی سوری عیراقی له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، ته‌نیا له ناحیه‌ی ره‌بیعه‌ی ته‌له‌عفه‌ر 15 خێزان ماڵه‌كانیان چۆڵكردووه به‌هۆی لافاوه‌وه، چونكه ئاو چۆته ماڵه‌كانیانه‌وه و زیانی زۆری ماددیشی پێگه‌یاندون.
له گوندێكی ناحیه‌ی عه‌یازییه‌ی ته‌له‌عفه‌ریش 25 خێزان ئاواره بون، دوای ئه‌وه‌ی باراناو چوه نێو خانوه‌كانیانه‌وه.
نه‌شئه‌ت قه‌ساب، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و گونده بۆته وێرانه به‌هۆی بارانی به‌خوڕ و لافاوه‌وه، زیانی زۆریش به دانیشتوانه‌كه‌ی گه‌یشت، جگه له برینداربونی ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی.
هه‌ر به هۆی بارانی به‌خوڕه‌وه رێگای هاتوچۆی سه‌ره‌كی نێوان موسڵ به قه‌زاكانی ته‌له‌عفه‌ر، شنگال و به‌عاج له خۆرئاوای نه‌ینه‌وا وه‌ستا.
قاسم محه‌مه‌د، قایمقامی ته‌له‌عفه‌ر به (كه‌ركوك ناو)ی وت، دوو پرد له خۆرئاوای موسڵ داڕوخان و ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی به‌شدارن له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌دا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان به زویی چاكی بكه‌نه‌وه رێگاكه بكرێته‌وه.
باران و لافاوه‌كه‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی یه‌كه‌م رۆژی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له زۆربه‌ی پارێزگاكانی عیراق، به‌هۆی مه‌ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
به‌شێك له مزگه‌وته‌كانی نه‌ینه‌وا، كه به‌هۆی كۆرۆناوه ده‌رگاكانیان به‌روی نوێژخوێناندا داخراوه، دوێنێ بڕیاریاندا ده‌رگا به‌روی ئه‌و خێزانانه‌دا بكه‌نه‌وه كه باران چووه نێو ماڵیان و ئاواره بون.
له پارێزگاكانی دیكه‌ش، له قه‌زای داقوقی كه‌ركوك و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی پارێزگاكه، بارانباران بوو به هۆی لافاو.
له قه‌زای شه‌رگاتی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، دوو پرد زیانیان به‌ركه‌وت و به‌شێكیان داڕوخا، به‌هۆی بارانی به‌خوڕ و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی روباری دیجله.
له رێگای نێوان موسڵ و دهۆك، پردێك زیانی به‌ركه‌وت و سایدێكی داڕوخا.
له پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆكی هه‌رێمی كوردستانیش، لافاو دروستبوو، له چه‌ندین گه‌ڕه‌ك ئاو چووه نێو ماڵانه‌وه و دوو هاوڵاتیش گیانیانله‌ده‌ستدا، كه یه‌كێكیان خنكا و ئه‌ویتر دوای دابه‌زینی له ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له نێو ئاوی باراندا، ته‌لی كاره‌با به‌سه‌ر پچڕاوه، ئه‌وه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كانی ئیداره‌ی هه‌ردوو پارێزگا.
زیانه‌كانی بارانی به‌خوڕ و دروستبونی لافاو، ساڵانه له موسڵ و كه‌مپی ئاواره‌كان و چه‌ندین ناوچه‌ی تری عیراق دوباره ده‌بنه‌وه.
به‌پێی پێشبینییه‌كانی كه‌شناسی له عیراق و هه‌رێمی كوردستان، كاریگه‌ری ئه‌و شه‌پۆله‌ی رووی له ناوچه‌كه كردووه له‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 19ی ئاداره‌وه كه‌مده‌بێته‌وه، له هه‌ندێك پارێزگا هه‌ور و هه‌تاو ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری بارینی نمه‌باران.