ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکى لیژنەى مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عیراق، داوا لە حكومەت و خاوەن موڵكەكان دەكات لەكرێی دوكانداران و هاوڵاتیان خۆشبن، بەتایبەت ئەوانەی كەمدەرامەتن.
ئەو داواكارییەی ساڵحی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات كە ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە 22ی ئازار لە دیوانی پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو، بەهاوبەشی لەگەڵ پارێزگار و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و شانەی قەیران بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا.
ئەرشەد ساڵحی، كە وەكو سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ بەشداریی لەو كۆنگرەیە كرد، وتی "حکومەتى ناوەند بەپێی پێویست مامەڵە لەگەڵ شارى کەرکوکدا ناكات، ئەوان هۆكاربون لەوەی بارودۆخی شارەكە بگاتە بەم دۆخە، دەبوو حکومەت هەندێك هەنگاوی بنایە و بەزوترین کات بڕیاری بدایە ئەو دوکانانەى کە موڵکى وەزارەتەکانن لە کرێی ئەم مانگە خۆشبن، نەك تەنیا هەڵپەی پارە كۆكردنەوە بكەن".
هەروەها داوای لە خاوەن موڵکەکان كرد، لەکرێی ئەو دوكاندار و ماڵانە خۆشبن كە كەمدەرامەتن.
ئەو وتەیەی ساڵحی، لەكاتێكدایە بە بڕیاری لیژنەی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەركوك چەند رێكارێك گیراونەتەبەر لە نێویاندا قەدەغەی هاتوچۆ، داخستنی زۆرێك لە بازاڕ و مۆڵە بازرگانییەكان.
هاوكات راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا لەگەڵ جەختكردنەوە لە درێژكردنەوەی هەفتەیەك بۆ قەدەغەی هاتوچۆ، داوایكرد لەڕێی مزگەوت و حوسەینییەكانەوە كۆمەك كۆبكرێتەوە بۆ خێزانە كەمدەرامەتەكان.