"یەك کەوچکی چا لە هەنگوین رۆژانە زامنی ژیانێکی تەندروست دەکات" فه‌رمان وای وت، له كاتی رۆكردنی هەنگویندا بۆ ناو قاپەکە كە وەکو تاڤگەیەکی ئاڵتونی دەردەكەوت.
فەرمان له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی خامه و كچه‌كه‌ی زینه، لە ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا لە ئەلقوش-ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، سه‌رقاڵی بەخێوکردنی 22 شانەی هەنگن، هێندە هەنگوین بەرهەمده‌هێنن کە ته‌نیا پشت بەو پیشه‌یه ده‌به‌ستن بۆ داهات.
"من شانە هەنگی نوێش دەفرۆشم بە هاوپیشەکانم لە بەخێوکارانی هەنگ، ساڵانه شانە کۆنەکانمان دەشکێنین بۆ دروستکردنی شانەی تازە، هەنگەکانیش دوبارە دروستیدەکەنەوە. به‌وته‌ی فه‌رمان.
مێژوی بەخێوکردنی هەنگ لە عیراق بە خەمڵێنراوی دەگەڕێتەوە بۆ هه‌شت هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بەڵگەی ئه‌وه‌ش نوسراوەکانی سۆمەرییەکانه، کە تیایاندا نوسراوە چۆن هەنگوین بۆ دەرمان بەکارده‌هێنرێت له چاککردنەوەی هەوکردنی پێست، قورحە و نەخۆشیەکانی تردا.
ململانێ، نه‌خۆشی، ئاواره‌یی و زیادبونی به‌كارهێنانی كیمیاویی بۆ كشتوكاڵ له سه‌ده‌كانی رابردودا كاریگه‌ری هه‌بووه بۆ كه‌مبونه‌وه‌ی به‌خێوكردنی هه‌نگ، له ئێستاشدا وا جارێكی‌تر ئه‌و پیشه‌یه سه‌ریهه‌ڵداته‌وه و له گه‌شه‌كردندایه.
خامه، هاوسه‌ری فه‌رمان حەساسیەتی هەیە بەرامبەر هەنگ، بەڵام ئه‌وه نەبۆتە ڕێگر لە بەردەم كاره‌كانی به‌خێوكردنی هەنگدا، "ئەمە کێشەیەکی دەرونییە، هەرکات زاڵ بویت بەسەر ترسەکەتدا، ئیتر هێور دەبیته‌وه لەناو هەنگدا، چونکە هەنگ دەتوانێت هەست به هه‌سته‌كانت بكات" خامه وای وت.
خێزانه‌كه‌ی فەرمان له 2017دا پێنج شانه‌ی هەنگیان وه‌رگرت، وەک بەشێك لە بەرنامەی ڕاهێنانی پیشەیی لەلایەن رێکخراوێكی ناحکومی (پڕۆژەی گوندی بچوكی زاخۆ) بە پشتیوانی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ په‌ره‌پێدان لە عیراق (UNDP) و حکومەتی ئەڵمانیا.
له ده‌شتی نه‌ینه‌وا و پارێزگای دهۆك، 200 ماڵ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا شانه‌ی هه‌نگ و پێداویستییه‌كانی تریان پێدرا له پۆشاكی سه‌لامه‌تی، كه‌لوپه‌ل و راهێنانیان له‌سه‌ر به‌خێوكردنی هه‌نگ و به بازاڕكردنی، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای هەڵسەنگاندنی پێویستی دارایی و حەزی ئه‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانویست له‌و پیشه‌یه‌دا به‌شداربن.
پرۆژه‌كه وه‌ك هاندانێكیش بووه بۆ خێزانه ئاواره‌كان تا بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كانیان، به هه‌بونی پیشه و دابینكردنی داهات و بژێوییانه‌وه، جارێكی‌تر كۆمه‌ڵگه‌كانیان ئاوه‌دانبكه‌نه‌وه.
لە نێو گژوگیا و سه‌وزایی دەشتی نه‌ینه‌وا، هەنگه‌كان بەردەوامن لە ژیان و گەشەکردن، جیاواز لەو هەنگانەی حەزیان لە بەرزاییەکانی شنگال و چۆمانە، هه‌نگه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا هەنگوینێکی کەمتر لەسەرچاوەی گژوگیایی بەرهەمده‌هێنن بەڵام هەمان تامی شیرینیان هەیە، چونکە بە زۆری شیلە لە باخە گیاییەکاندا کۆدەکەنەوە.
كه‌مێك له شوێنی نیشته‌جێبونی خێزانه‌كه‌ی فه‌رمان دورده‌كه‌ویته‌وه و دووبارە گوێت لە هاژوهوژی شانە هەنگەکان دەبێت، ئه‌وه‌ش ماڵی فەریدە کە دایكی دوو منداڵە، "سەرەتا بە پێنج شانە هەنگەوە دەستمانپێکرد، ئێستا 15 شانە هەنگمان هەیە، خۆم هەڵاڵە و ئاویان بۆ دادەنێم، بێگومان منداڵەکانیشم یارمەتیدەرمن" فه‌ریده وای وت.
ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌مین-ی هاوسه‌ری و منداڵە بچوکەکانیاندا، جگه له هه‌نگ، کاری بەخێوکردنی ماڵات و کشتوکاڵی بچوكی سەوزەش دەکەن، فەریدە بە زەردەخەنەیەکەوە وتی "خۆمان حەزمان لەوەیە هەنگوینی خۆمان دروستبکەین".
هەنگەکان وردە وردە دەهاتنەدەر و شانە بە شانە دەگەڕان بە دوای زەردەواڵەیەکدا کە کەمێك لەمەوپێش دەنگی دەهات، ئەمین وتی "زەردەواڵە سەرسەختترین دوژمنی هەنگە، فەریدە دەیدۆزێتەوە و لای دەبات"، له‌وكاته‌دا فەریدە گسکێکی پوشی لە لاقەدی دەرهێنا و زەردەواڵەکەی کوشت و کەوتە سەر زەوییەکە، لەکاتێکدا زەردەواڵەکە دەیویست بچێتە ناو شانە هەنگەکەوە و شاهەنگەکە ڕاو بکات.
بەرهەمی هەنگوین ساڵ بۆ ساڵ جیاوازە لە بەخێوکارێکەوە بۆ بەخێوکارێکی تری هەنگ، بۆیه ئاساییه ببینرێت خێزانەکان لەگەڵ بەخێوکردنی هەنگدا خەریکی کشتوکاڵیش بن.
بەخێوکارانی هەنگ دوچاری چەند ئاستەنگییەک دەبنەوە، لەپاڵ بوونی زەردەواڵەدا، زەوییە کشتوکاڵییەکان لە نزیکیان کە پڕن لە مادەی کیمیایی زیانبەخش بۆ دورخستنەوەی مێروو، خۆڵ و پاشماوە کەڵەکەبوەکانی کۆمەڵگە نیمچە شارییەکانیش دەبنە هۆی ڕاکێشانی هەنگەکان له كاتێكدا هەنگەکان لاوازن و بەرگەی نەخۆشی ناگرن.
فەرمان وتی "تێبینی ئەوەمکرد هەموو دوای نیوەڕۆیەك هەنگەکان کەمتر دەبونەوە، لە کێڵگەکان هیچ هەنگێکم نەدەبینی، رۆژێکیان دوایانکەوتم و بینیم لەسەر پاشەڕۆکان نیشتونەتەوە، كه دوکانێکی بچوك رۆژانه لەسەر شەقامەکە دەیڕشت، ئه‌وه‌ش هەنگەکان و زەردەواڵەکانی رادەکێشا، كه زۆر مەترسیدارە، چونكه نه‌ك ته‌نیا زەردەواڵەکان دەیانکوژن، بەڵكو هەنگوینەکەش تامی خۆش نابێت".
فەرمان رۆژانه ئه‌و خاشاك و پاشه‌ڕۆیانه‌ی به خۆڵ داده‌پۆشی، تا هەنگەکان نەچن بەلایدا و زۆریان لێبکات بگەڕێنەوە کێڵگەکان بۆ خواردن، "حەزدەکەم هەنگوینەکەم تامی خۆش دەربچێت، بۆ ئەوەی کڕیارەکانم دوبارە لێمبكڕنەوە" فه‌رمان وای وت.
باشترین رێگه بۆ فرۆشتنی به‌رهه‌می هه‌نگوین له ده‌شتی نه‌ینه‌وا بڵاوبونه‌وه و گه‌یاندنیه‌تی له زمانی خه‌ڵكه‌وه.
ئەمین، بەخێوکارێکی تری هەنگه و دەڵێت "لە کۆمەڵگە بچوکەکانماندا، هەمووان دەزانن لە کوێ باشترین هەنگوین بکڕن، تەلەفۆنم بۆ دێت لەلایەن خێزانە نزیکەکانی خۆمانەوە و منیش هەنگوینیان بۆ دەبەم".
"هەنگوینەکەمان بۆنی خۆشە، چونکە تامی خۆشە، ئەمەش باشترین بازاڕە بۆ فرۆشتنی باشترین جۆری هەنگوین".
لە ساڵی 2017ـه‌وه بەخێوکارانی هەنگ لەو پرۆژه‌یه‌دا به‌رده‌وامن و گه‌شه ده‌كه‌ن، هەموو ساڵێك بەخێوکارەکان شانەکانیان لەت دەکەن و داهاتیشیان تادێت زیاتر ده‌بێت، لەگەڵ زیادبونی خواست و شارەزایانی تەکنيکیشدا، بەخێوکارانی هەنگ داهاتویەکی شیرین چاوەڕێیان دەکات.
سه‌رچاوه: به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان (UNDP)