حكومەتی ئەمریكا بە بڕی 670 هەزار دۆلاری ئەمریكی هاوكاریی عیراق دەكات ئەوەش لەڕێی رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە و بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی کۆڤید-19.
ئەو هاوكارییەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریكا، لەڕێی سندوقی نەختینەی فریاگوزاری بۆ نەخۆشییە گوازراوەکانی سەر بە ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتییەوە دەبێت.
ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەو کۆمەکانە لە ڕێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە دابین دەکات بۆ یارمەتیدانی ئامادەکاریی و روبەڕوبونەوەکانی کۆڤید-19 لە عیراق.
"ئەم کۆمەکانە هاوکار دەبن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی پلانی ستراتیژی ئامادەسازیی و وەڵامدانەوە بۆ رێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبونەوەی کۆڤید-19 لەو وڵاتانەی تیایاندا بڵاوبۆتەوە یان لە مەترسیدان، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی بڵاوبوونەوەی لە سەرجەم وڵاتان"، بەپێی راگەیەنراوێكی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا.
ئەم کۆمەکانە هاوکار دەبن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی پلانی ستراتیژی ئامادەسازیی و وەڵامدانەوە بۆ رێگەگرتن لە زیاتر بڵاوبونەوەی کۆڤید-19
باڵیۆز ماسیو تولەر، لەوبارەیەوە دەڵێت "راگەیاندنی ئەم کۆمەکەی ئەمڕۆ دەرخەری هاوشانی بەهێزی نێوان ئەمەریکاو عیراقە. ئێمە پابەندین بە جەنگ دژی ئەو پەتا جیهانییە هاوشان لەگەڵ خەڵکی عیراقدا. ئەم پشتیوانیانە کە لەڕێی رێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە دابینکراون راستەوخۆ پەرە بەتواناکانی وڵات دەدەن لە جەنگ دژی بڵاوبونەوەی کۆڤید-19".
ئەو کۆمەکانەی کە بۆ رێکخراوی تەندروستی جیهانی دابین دەکرێن یارمەتی حکومەتی ئەو وڵاتانە دەدەن کە ئێستا تیایاندا بڵاوبۆتەوە یان لە مەترسیدان بۆ ئامادەکردنی تاقیگەکانیان بۆ ئەنجامدانی ژمارەی زیاتری پشکنینی کۆڤید-19.
"بۆ چەندین دەیەیە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا گەورەترین بەخشەر بووە لە جیهاندا بۆ کۆمەکى دوو لایەنە بۆ تەندروستی گشتی. لە ساڵی 2009 وەو لەڕێی ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و وەزارەتی دەرەوەوە، باجدەرانی ئەمەریکا بە بەخشندەییەوە زیاتر لە 90 ملیار دۆلاریان بۆ بواری تەندروستی لەسەر ئاستی جیھان دابینکردووە"، هەر بەپێی راگەیەنراوەكە.
جەخیشیكردۆتەوە لەوەی هەر لەساڵی 2009وە ئاژانسی ئەمەریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی زیاتر لە 1.1 ملیار دۆلاری بۆ رێگەگرتن، دۆزینەوە و وەڵامدانەوەی پەتاو سەرهەڵدانی مەترسی تەندروستی تەرخانکردووە بە کۆڤید-19ەشەوە.