سێ جوتیار برینداربون
بەهۆی گامێش-ەوە شەڕە تەقە دروستبوو

لە زۆرێك لە ناوچەكانی جێناكۆك لە عیراق، بەخێوكردنی گامێش پیشەی دەیان گوندنیشنە فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

لەیلا ئەحمەد

سێ جوتیار بەگولـلە برینداربون و یەكێكیان باری تەندروستی ناجێگیرە، ئەوەش لە شەڕێكدا لە نێوان ژمارەیەك جوتیار لەگوندێكی ناحیەی مەندەلی.

شەڕەكە ئێوارەی پێنجشەممە 26ی ئادار لەگوندی شۆكە سەر بە ناحیەی مەندەلی دروستبوو، دوای ئەوەی گامێش دەچێتە ناو كشتوكاڵی یەكێك لە جوتیارەكانەوە.

کەمال مستەفا ئەلیاس، لێپرسراوی کۆمیتەى یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە مەندەلی، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرەتا دەمەقاڵێ لەنێوان جوتیارەكان دروستبووە، دواتر بۆتە شەڕیان و چەكیان لە دژی یەكتر هەڵگرتووە، بەهۆیەوە سێ جوتیار فیشەكیان بەركەوتووە".

شەڕەكە دوای ئەوەی دروستبووە كە گامێش دەچێتە ناو زەوی یەكێكیانەوە و بەهۆیەوە دەمەقاڵی دروستدەبێت و بۆ شەڕ سەردەكێشێت.

كەمال كە وەك خۆی دەڵێت ئاگاداری روداوەكەیە، وتی "هەرسێكیان هێشتا لەژێر چاودێری پزیشكدان لە نەخۆشخانەی بەلەدروز، بەڵام دۆخی تەندروستی یەكێكیان باش نییە".

mandali-1
دیاله‌/ كچێك به‌نێو كۆڵانێكی كۆنی ناحیه‌ی مه‌نده‌لیدا گوزه‌ر ده‌كات فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

 

ئەو جوتیارانە دراوسێی یەكترن، پێشتریش لەسەر زەوی كشتوكاڵی، بەخێوكردنی گامیش و لەوەڕگا كێشەیان هەبووە و دۆسیەكەیان لە پۆلیسی مەندەڵییە و یەكلایینەكراوەتەوە. ئەوەش هەر بە وتەی كەمال مستەفا.

هەرسێ جوتیارەكە خێزاندارن و منداڵیان هەیە.

مەندەلی یەکێکه‌ لە ناوچەکانی جێناکۆک له‌ پارێزگای دیالە بەدوری 93کم لە بەعقوبەی سەنتەری پارێزگاکەوە، دانیشتوانەکەى لە عەرەب، کورد و تورکمان پێکدێت.

مه‌نده‌لی له‌ ساڵی 1987و بە بڕیاری 459ی ئەنجومەنی باڵای سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی حزبی بەعس، له‌ قه‌زاوه‌ كرایه‌وه‌ به‌ ناحیه‌، دواتر به‌ قه‌زای به‌له‌دروزه‌وه‌ لكێنرا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT