كفری؛ رۆژنامەنوس هەرێم جاف لەسەر پۆستێكی فەیسبوك دەستگیركرا

رۆژنامەنوس هەرێم جاف، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی كوردستان24. وێنەكە لە ئەكاونتی هەرێم جاف-ەوە وەرگیراوە

لەیلا ئەحمەد – كفری

رۆژنامەنوس هەرێم جاف، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی كوردستان24 لە قەزای كفری دەستگیركرا، ئەوەش لەسەر سكاڵایەكی هێزەئەمنییەكانی ناوچەكە و لەسەر پۆستێكی فەیسبوك. هەرچەندە وتەبیژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت "نوسینەكەی هەرێم جاف بۆ بەرژەوەندی گشتییە و هیچ زیانێكی نەگەیاندووە".

هەرێم جاف، درەنگانێكی شەوی رابردوو 26ی ئادار، لەئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، لە بابەتێكدا رەخنەی لە مامەڵەی هێزەئەمنییەكان گرت لەگەڵ ئەو هاوڵاتییانەی گوماندەكرێت هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنابن.

ئەو نوسی "ھاوڵاتییەک كە لەدەرەوەی کفرییەوە هاتۆتەوە ناو كەسوكاریی و نمونەی لێوەرگیراوە بۆ پشكنین، ئەوەش شتێكی ئاساییە و رۆژانە نمونە لە دەیان كەس وەردەگیرێت، ئەگەر ئەو ھاوڵاتییەش بە نایاسایی هاتۆتەوە ناو شار هەقی ئەوەی هەیە توندترین ئیجرائاتی لەگەڵ بكرێت، بەڵام ئەوەی ناشرینە بەھێزێكی ئەمنی زۆرەوە بچیتەسەر ماڵی خەڵك و دراوسێیەكانی ئەو كەسانەی نمونەیان لێوەرگیراوە".

"بەڕاستی دیمەنێکی زۆر ناشرینە، ھێزی ئەمنی بەدوو سەیارە و سێ سەیارەوە بنێردرێنە گەڕەكەكان بۆ ئەوەی كەسێك بپشكنن"، هەرێم وای نوسیوە و جەخیكردۆتەوە لەوەی ئەو مامەڵەیە بەرامبەر خۆیشی كراوە.

بەڕاستی دیمەنێکی زۆر ناشرینە، ھێزی ئەمنی بەدوو سەیارە و سێ سەیارەوە بنێردرێنە گەڕەكەكان بۆ ئەوەی كەسێك بپشكنن

بەو هۆیەوە، ئەمڕۆ هەینی 27ی ئادار ناوبراو لەسەر سكاڵای هێزەئەمنییەكان، لەنێویاندا پۆلیس و ئاسایش بە بڕیاری دادوەر دەستگیركرا و تا بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە دەستبەسەرە.

عەلى جەمال قەدورى، وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان، بە (كەركوك ناو) ئێمە وەکو پۆلیس تەنازولمان لە سکاڵاکەی خۆمان كرد و رێز لە رۆژنامەنوسان و پێشنیار و پیشەکانیان دەگرین".

جەختیشیكردەوە "بەشى پۆلیسى کفرى سکاڵاکەى کردووە، بەبێ گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، بەڵام ئێمە دوای ئەوەی نوسینەكەی هەرێم جافمان بینی بۆمان دەركەوت، كە شتێكی ئاسایی نوسیوە و لە بەرژەوەندى گشتییەو هیچ زەرەر و زیانێکى نەگەیاندوە بە پۆلیس بۆیە، لەمافى خۆمان خۆشبوین و سکاڵاکەمان کشاندەوە".

دوای ئەوەی نوسینەكەی هەرێم جافمان بینی بۆمان دەركەوت، كە شتێكی ئاسایی نوسیوە و لە بەرژەوەندى گشتییە

بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، هێشتا ئاسایش سكاڵاكەی نەكشاندۆتەوە و ئازادكردنی رۆژنامەنوس هەرێم جاف بڕیاری دادوەری دەوێت.

هەرێم جاف، بەر لە دەستگیركردنی لەڕێی گروپ مەسنجەرەوە رۆژنامەنوسانی گەرمیانی ئاگاداركردەوە لەو سكاڵایە و كاتژمێر 2:30 چووە بنكەی پۆلیسی كفری بۆ وەرگرتنی وتەكانی و هەر لەوەی دەستبەسەركرا.

haremjafff
رۆژنامەنوس هەرێم جاف، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی كوردستان24. وێنەكە لە ئەكاونتی هەرێم جاف-ەوە وەرگیراوە

قەزای كفری یەكێكە لەناوچەكانی جێناكۆك و لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە لە پارێزگای سلێمانی.

هەر ئەمڕۆ ژمارەیەك لە هاوپیشەكانی هەرێم جاف لە گەرمیان، راگەیەنراوێكیان بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە و تیایدا جەختیانكردەوە لەوەی "سکاڵای یاسایی باشترین چارەسەرە لەلایەن هەر کەسێكەوە بەرامبەر بەوەی تر بیگرێتەبەر، بەڵام یاریکردن بەدەقە یاساییەکان، ناعەدالەتیی و بێویژدانییە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دادگاکانی هەرێم دژ بەڕۆژنامەنوسان بەکاردەهێنرێت"

"هەرێم جاف لە پۆستێکی فەیسبوکدا پەنجەی خستۆتە سەر هەڵەیەکی زەقی هێزە ئەمنییەکان، بەڵام لەبری چارەسەری هەڵەکە، سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە و خراپتر لەوەش، بەپێی یاسای سزادانی عیراقی و بەمادەی 433ی تایبەت بە ناوزڕاندن دۆسیەیان بۆ کردۆتەوە"، بەپێی راگەیەنراوەكەی رۆژنامەنوسانی گەرمیان.

هەروەها هاتووە "پەنابردن بۆ یاسای سزادانی عیراقیی و یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لەلایەن بەشێک لە دادوەرانی هەرێمەوە، جۆرێکە لە تۆڵەکردنەوە بەرامبەر رۆژنامەنوسان".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT