له‌ خانه‌قین گرانییه‌
دوو ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی گه‌یشتنی خۆراك به‌ دیاله‌ داخراون

دیاله‌، ئاداری 2020، بازگه‌ی كاتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی خانه‌قین بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ فۆتۆ: ئه‌میر خانه‌قینی

ئه‌میر خانه‌قینی – دیاله‌

له‌ قه‌زای خانه‌قین، خۆراك و میوه‌ له‌ بازاڕدا كه‌مبۆته‌وه‌، نرخه‌كانیش تادێت زیاتر ده‌بن، به‌وپێیه‌ی هه‌ردوو ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی گه‌یشتنی شتومه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئێرانه‌وه‌ بۆ دیاله‌ داخراون.

كه‌مبونه‌وه‌ی خۆراك و میوه‌ له‌ بازاڕه‌كاندا، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ تا 11ی نیسان، به‌ ئامانجی خۆپارێزیی و رێگری له‌ زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

دلێر حه‌سه‌ن سایه‌، قایمقامی قه‌زای خانەقین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هاتنه‌ژوه‌ره‌وه‌ی خۆراك و میوه‌ لە ھەرێمی کوردستانه‌وه‌ بۆ خانەقین قه‌ده‌غه‌كراوه‌، چونكه‌ پارێزگاری دیاله‌ رێگه‌نادات كاڵای ئێران بێته‌ سنوره‌كه‌یه‌وه‌، به‌هۆیی ئه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ ئێران زۆر به‌ربڵاوه‌".

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، چه‌ند رۆژێكه‌ خۆراك، میوه‌ و سه‌وزه‌ كه‌مبونه‌ته‌وه‌، سه‌رباری داخوازی زۆری خه‌ڵك، نرخه‌كان زیادكراون و زۆرینه‌ی دوكان و ماركێته‌كانیش هیچ شمه‌كێكیان پێناگات.

"سێ ڕۆژە بارەکانمان لە نێوان کەلار - خانەقین راگیراوه‌، لەبازگەکاندا رێگری ده‌كرێت، بۆیه‌ سەوزە و میوە لە عەلوە نەماوە و بەشێکی گران بووە" شاخەوان جاف، خاوەنی عەلوەی خانەقین بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

xanaqi (3)
خانه‌قین، ئاداری 2020، میوه‌ و سه‌وزه‌ له‌ عه‌لوه‌دا نه‌ماوه‌ و نرخه‌كانیش گران بون فۆتۆ: ئه‌میر خانه‌قینی

رێگری له‌ گه‌یشتنی خۆراك و میوه‌ به‌ پاساوی ئه‌وه‌یه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت و به‌ ئامانجی رێگریییه‌ له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری كۆرۆنا.

"قه‌ده‌غه‌ی گه‌یشتنی خۆراك و میوه‌ هی وڵاتانی دیكه‌شی گرتۆته‌وه‌ نه‌ك به‌س ئێرانی، بۆ نمونه‌ میوەی تورکیمان ھێناوە و رێگه‌نادرێت له‌ بازگه‌ی به‌غدا - به‌عقوبه‌وه‌ بێته‌ خانه‌قین، به‌بێ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ی بزانین" شاخه‌وان ده‌ڵێت به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ قایمقامیه‌ت بڕیاره‌ رۆژانه‌ سێ ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری دوو تەنی سەوزە و میوە له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بێته‌ خانه‌قین تا چاره‌سه‌ری كیشه‌كه‌ بكرێت.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێی دوایین بڕیاره‌كانی شانه‌ی قه‌یران له‌ دیاله‌، به‌هیچ شێوه‌ك رێگه‌نادرێت شتومه‌ك و سه‌وزه‌وات له‌ ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بگاته‌ دیاله‌، به‌وپێیه‌ی به‌ پشكنین و گومركدا تێناپه‌ڕن، ته‌نیا ده‌روازه‌ی گه‌یشتنی میوه‌ و خۆراك بۆ پارێزگاكه‌ له‌ به‌غداوه‌ ده‌بێت.

قایمقامی خانه‌قین ده‌ڵێت له‌ په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ پارێزگاری دیاله‌ تا ئاسانكاری بكرێت بۆ گه‌یشتنی خۆراك و میوه‌ له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ خانه‌قین، "رێکكەوتین لەگەڵ پارێزگار رۆژانه‌ 10 ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر بێتە ژورەوە لە ھەرێمی کوردستانەوە... بۆیه‌ دڵنیایی دەدەین بە ھاوڵاتیان کە ھەوڵده‌ده‌ین قەیرانی کەمبونی خۆراک و میوه‌ دروستنه‌بێت".

له‌ ناوه‌ڕاستی ئاداره‌وه‌، بۆ رێگری له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، جموجۆڵ له‌ ده‌روازه‌ی سنوری مونزیرییه‌ له‌گه‌ڵ ئێران راگیراوه‌.

munzrya
خانه‌قین، ئاداری 2020، داخستنی مه‌رزی مونزیریه‌ له‌گه‌ڵ ئێران به‌هۆی كۆرۆناوه‌ فۆتۆ: ئه‌میر خانه‌قینی

نزار محه‌مەد، خاوه‌نی یه‌كێك له‌ ارکێتەکانی خانەقین بە (کەرکوک ناو)ی وت "خۆراك کەمبۆته‌وه‌ له‌ مارکێت و دوکانەکاندا، بەشێکیش لە خۆراکی وشکە  گران بووە لەبازاڕدا" ئه‌وه‌ش به‌هۆی رێگری له‌ گه‌یشتنی خۆراك له‌ بازگه‌كاندا.

له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان باری نائاساییان لە خانه‌قین راگەیاند، لەو چوارچێوەیەشدا تەواوی رێگا سەرەكیی و لاوەكییەكانی ناوشاریان داخست.

موشاق عەزیز، خاوەن دوکانی فرۆشتنی خۆراكی وشكه‌له‌ خانه‌قین وتی "زۆربەی دوکانەکان شمه‌كیان له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ دێت، دوای رێگریكردن، له‌ بازاڕه‌كاندا هه‌ندێ جۆری خۆراك كه‌مبونه‌ته‌وه‌ و نرخه‌كانیش گران بون، چونكه‌ خواستی زۆری خه‌ڵكی له‌سه‌ره‌".

گرانی و كه‌مبونه‌وه‌ی خۆراك و میوه‌، ته‌نیا له‌ خانه‌قین نییه‌، له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ی عیراق له‌ نێویاندا كه‌ركوك و نه‌ینه‌واش سه‌ریهه‌ڵداوه‌، به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و مه‌ترسی كۆرۆناوه‌.

لە پارێزگای دیالە، تائێستا حه‌وت حاڵه‌تی توشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیەنراوە، كە حاڵەتێكیان گیانیله‌ده‌ستداوه‌ و چواریان چاكبونەتەوە، بەڵام هیچ حاڵەتێك لە خانەقین تۆمارنەكراوە.

له‌سه‌ر ئاستی عیراقیش ژماره‌ی توشبوان به‌ كۆرۆنا گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ 573 كه‌س، له‌ نێویاندا 146 حاڵه‌تی چاكبونه‌وه‌ و 42 مردن به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT