لە هەفتەیەكدا لە ناوچەی نەفتخانە
داعش سێجار هێرشی كردۆتەوە سەر هێزە ئەمنییەكان

خانەقین/13ی شوباتی 2020/ لە روداوێكی دەستڕێژی گولـلەدا كوڕ و باوكێك كوژران و نۆ كەسی تر برینداربون فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

لەیلا ئەحمەد – خانەقین

تەنیا لە ماوەی هەفتەیەكدا، داعش سێجار هێرشیكردۆتە سەر ناوچەی نەفتخانە لە قەزای خانەقین و بەهۆیەوە چەكدارێكی حەشد كوژراوە و سیانی تر برینداربون.

دواین هێرش شەوی رابردوو 30ی ئازار كرایە سەر لیوای یەكی حەشدی شەعبیی و زیاتر لەكاتژمێرێك بەردەوامی هەبوو، ئەوەش بەوتەی سجاد ئیعلامى، وتەبێژى هێزەكانی حەشدى شەعبی لە خانەقین.

سەجاد وتی "كاتژمێر نۆ تاوەكو 10ەو 15 خولەك شەڕەكە بەردەوام بوو، لەنزیك گوندى کانى ماسی بچوک، ئەم گوندە چواردەوری خاڵی سەربازییە و چەكدارەكان هێرشیانكردۆتە سەر یەكێك لەخاڵەكان، بەهۆیەوە چەكدارێكمان شەهید بوو و دوانی تری برینداربون".

چەند رۆژێك لەمەوبەریش داعش هێرشێكی هاوشێوەیان لە ناوچەی بانمیلی كردە سەر حەشدی شەعبیی، هەرچەندە شەڕەكە قورس نەبووە، بەڵام چەكدارێكی حەشد برینداربوو. ئەوەش هەر بەوتەی سەجاد.

فەرمانبەرێكی حكومی لە نەفتخانە، كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت كە خەڵك نیگەرانە لە زیادبونی جموجۆڵی چەكدارانی داعش و نەتوانراوە كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بكرێت.

ئەو وتی "چەند رۆژێك لەمەوبەریش داعش هێرشیانكردە سەر ئەو كامێرا چاودێرییانەی لە نەفتخانە دانراون بۆ چاودێریكردنی جموجۆلی داعش و شكاندیانن".

شەوی 9ی ئازار و لە نزیك گوندی عەلی سەعدون لە ناوچەی گڵەی لە باكوری خۆرئاوای خانەقین، داعش لەهێرشێكی چەكداریدا، بۆ سەر بازگەیەكی حەشدی شەعبی، چەكدارێكی حەشد و سەربازێكی سوپای عیراقیان كوشت. لەگەڵ برینداربونی دوو چەكداری تر.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT