له شاری كه‌ركوك، 59 كه‌س دراونه‌ته دادگا و هه‌زاران هاوڵاتی تر روبه‌ڕوی سزا و لێپرسینه‌وه بونه‌ته‌وه، به‌هۆی شكاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و پابه‌ندنه‌بون به خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی فه‌رمانده‌یی پۆلیس.
ئیداره‌ی كه‌ركوك، هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی تری عیراق تا 11ی نیسان قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی درێژكردۆته‌وه، به ئامانجی رێگری له بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.
لیوا عەلی موتەشهر، یاریده‌ده‌ری فه‌رمانده‌ی پۆلیسی پارێزگای كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئەو كەسانەی رێنماییەكان جێبەجێناكهن، بەپێی یاسای سزادانی عیراقی و به تۆمه‌تی زیانگەیاندن بە هاوڵاتیان و كۆمەڵگا سزا دەدرێن".
به‌وته‌ی موته‌شه‌ر تائێستا زیاتر لە هه‌زار و 500 شوفێر بەهۆی پابەندنەبونیان بە یاساوە سزادراون، 59 كەسیش دەستگیركراون و به‌هۆی سه‌رپێچی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆو كه‌یسه‌كانیان له دادگایه.
پێشتریش ته‌نیا له قه‌زای داقوق له یه‌ك رۆژدا 30 هاوڵاتی به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه ده‌ستگیركران.
به‌پێی ئاماره‌كانی هاتوچۆی كه‌ركوك، به بڕیاری زیاتر له 124 ملیۆن دینار غه‌رامه‌ی شۆفێران كراوه، به‌وپێیه‌ی هەركەسێك پابەندی رێنماییەكانی قەدەغەی هاتوچۆ نەبێت بەبڕی 100 هەزار دینار سزادەدرێت، جگه له وه‌رگرتنی ساڵنامه، مۆڵه‌تی شۆفێری و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌ندین ئۆتۆمبێل.
یاریده‌ده‌ری فه‌رمانده‌ی پۆلیس ده‌ڵێت رۆژانە چەندین كەس لە گەڕەكەكانی كه‌ركوك دەسگیردەكرێن و پاش ئەنجامدانی ڕێكارەكان بە كەفالەت ئازاد دەكرێن.
لیوا عه‌لی وتی "لیژنەكان لە كەركوك و شانەی قەیرانەكانیش بە وردی چاودێری دۆخی بازاڕەكان دەكەن، بۆ ئه‌وه‌ی لایەنی سەرپێچیكار سزابده‌ن".
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه به‌شێك له دوكان و فرۆشیاران نرخی خۆراك و میوه و شتومه‌كیان به‌رزكردۆته‌وه.
شانه‌ی قه‌یران له كه‌ركوك بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، بڕیاریداوه به هه‌ڵگرتنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له كاژمێر 8ی به‌یانی تا 11ی پێشنیوه‌ڕۆ بۆ مۆڵ، هه‌رزان بازاڕ و میوه فرۆشی گه‌ڕه‌كه‌كان، تا خه‌ڵك بتوانن له‌و ماوه‌یه‌دا پێداویستییه‌كانیان بكڕن.
جگه له‌و كارئاسانییه، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، هێزه ئه‌منییه‌كان، كه‌رته‌كانی تری خزمه‌تگوزاری و رۆژنامه‌نوسان ناگرێته‌وه.
دلێر شوانی، ئەندامی لیژنەی قه‌یران له كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "جگە لەوانە هەر كەس و لایەنێك بڕیارەكان جێبەجێنەكات سزادەدرێت، خاوەن دوكان و كۆگا و مۆڵەكانیش تا نیوه‌ڕۆ بۆ دابینكردنی پێداویستەكانیان رێگەیان پێدەدرێت بكرێنه‌وه، بۆیه بڕیاره‌كان لای هه‌موان رونه و به‌پێی یاسا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا ده‌كه‌ین پێشێلكاری ده‌كه‌ن".
حاڵه‌ته‌كانی توشبون به كۆرۆنا له كه‌ركوك 12 كه‌س بون، شه‌ش كه‌سیان چاكبونه‌ته‌وه و یه‌كێكیان گیانیله‌ده‌ستداوه، له‌سه‌ر ئاستی عیراقیش 643 توشبوو به‌و په‌تایه تۆماركراون.
ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، له كۆتاییه‌كانی 2019دا سه‌ریهه‌ڵدا، ژماره‌ی توشبوان له جیهاندا گه‌یشتۆته زیاتر له 801 هه‌زار كه‌س، له نێویاندا زیاتر له 172 هه‌زار كه‌س چاكبونه‌ته‌وه و ژماره‌ی مردنیش به‌وهۆیه‌وه نزیكه له 39 هه‌زار كه‌س.