سەدان کرێکاری ئێزیدی له پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراق گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە ناو كەسوكاریان، ئەوەش بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆوە.
ئەو كرێكارانە كەژمارەیان لەنێوان 300 بۆ 500 كەسە، بەر لە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوەڕاستی مانگی ئازار لە بەغداو پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كاریان دەكرد، لە ئێستادا رێگەیان لێگراوە و بۆ گەڕانەوە داوای هاوكاریی دەكەن.
ئه‌یسه‌ر مدور شلۆ، دانیشتوی کۆمه‌ڵگەی بابیرێ له ده‌شتی نه‌ینه‌وا و خێزانداره، دەڵێت 40 رۆژە لەبەغدایە و نەگەڕاوەتەوە، "كرێكاریم دەكرد و لە ئۆتێل دەمامەوە، كاتێك بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ درا نەمتوانی بگەڕێمەوە و ئێستا 40 رۆژە لەبەغدام".
ئەیسەر، ئێستا كاری نەماوە و ئەو پارەیەی لەماوەی ئەو 40 رۆژەدا دەستیكەوتووە، وەك خۆی دەڵێت خەریكە هەموی خەرجبكات.
"مانه‌وه‌مان له‌ئوتێل و خواردن هه‌موی لەسه‌ر حسابی خۆمانه، ناچاربوین بچینه ئۆتێلێکی هه‌رزان و پێنج كەس لەیەك ژورداین، بارودۆخمان زۆر خراپە و ئه‌گه‌ر چارەسەرمان بۆ نەكەن و ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ درێژبكرێتەوە، ئەوا ناتوانین پاره‌ی ئوتێل و خواردن بده‌ین".
ناچاربوین بچینه ئۆتێلێکی هه‌رزان و پێنج كەس لەیەك ژورداین،
هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆیاندا لەچوارچێوەی رێنماییەكان بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا.
بڕیارەكە جگەلە هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان، تەنانەت لەناو شارەكانیش بەچڕی جیبەجێدەكرێت.
ئەیسەر وتی "لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە داوادەكەین پەلەبكەن لە دۆزینەوەی چارەسەرێك و ئامادەین لەكاتی گەڕنەوەشماندا 14 رۆژ كەرەنتین بكرێین لەهەر شوێنێك بێت".
ئه‌یاس نه‌زیز سیس‌و، دانیشتوى گۆندی دۆغاتا سه‌ر به ناحیه‌ی ئه‌لقوش به (که‌رکوک ناو)ی وت "شه‌ش مانگه له چێشتخانه‌یه‌کی به‌غدا كاردەكەم، پێش قەدەغەی هاتوچۆ 25 رۆژ جارێك دەگەڕامەوە و هەفتەیەك لەناو خێزانەكەم دەبوم، بەڵام ئێستا گیرمخواردووە".
ئەیاس 20 رۆژە چێشتخانەكەی بەبڕیاری حكومەت بۆ خۆپاراستن لە كۆرۆنا داخراوە و ئەویش بێكار بووە، خەرجی رۆژانەشی لەسەر ئەو پارەیەیە كە پێشتر پەیدای كردبوو.
"بارودۆخی ئێمه زۆر خراپه، منداڵه‌کانم چاوه‌ڕێی من ده‌که‌ن، تاوەكو بڕێک پاره‌یان بده‌مێ، جگه له‌م ئیشه هیچ موچه‌یه‌کم نییه. خێزانه‌که‌م پاره‌یان قه‌رزکردووه تاوه‌کو خواردن و پێداویستی تر بكڕن". ئەیاس وایوت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان 72 كاتژمێری دیاریكردووە بۆ گەڕانەوەی ئەو كەسانەی لە خێزانەكانیان دابڕاون لەنێوان پارێزگاكاندا. بەڵام ئەو بڕیارە تەنیا بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە و عیراق ناگرێتەوە.
فارس عیسا، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له به‌غدا به (که‌رکوک ناو)ی وت "چه‌ند کرێکارێکی ئێزیدی په‌یوه‌ندییان پێوە كردوین، ئێمه‌ش داوای ناوی هەموو كرێكارەكانمان كردووە تا بتوانین هاوكارییان بكەین بۆ گەڕانەوەیان".
بەپێی وتەی فارس عیسا ژمارەیان لەنێوان 300 بۆ 500 كرێكار دەبێت.
"ئه‌و کرێکارانه هه‌ر یەكە و خه‌ڵکی شوێنێکن، بۆیه گواستنه‌وه‌یان تاڕاده‌یه‌ک له‌مکاته‌دا قورسە"، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له به‌غدا وایوت.
ئه‌و کرێکارانه هه‌ر یەكە و خه‌ڵکی شوێنێکن، بۆیه گواستنه‌وه‌یان تاڕاده‌یه‌ک له‌مکاته‌دا قورسە
زیاتر وتی "هه‌رکاتێک لیستی ناوه‌کان بگاته ده‌ستمان، به‌فه‌رمی داوا له حکومه‌تی عیراق و هه‌رێم ده‌که‌ین رێگه‌چاره‌یه‌ک بۆ گەڕانەوەیان بدۆزنەوە، به‌ڵام پێشئه‌وه‌ی بچنه نێو که‌سوکاریان ده‌بێت له شوێنێک بۆ ماوه‌ی 14 رۆژ که‌ره‌نتین بکرێن".