لە زنجیرەیەك هێرش و تەقینەوەی بۆمبی چێندراودا پێنج پۆلیسی فیدراڵی برینداربون و باری تەندروستی سیانیان جێگیر نییە.
هێرشەكان درەنگانێكی شەوی رابردوو كاتژمێر 11ەو نیو، بە ئاراستەكردنی گولـلە هاوەنێك بۆ ناو گوندی عەلی سەرای لەقەزای داقوق دەستیپێكرد، دواتر بەدەستڕێژی گولـلە بۆ سەر بازگەیەكی پۆیسی فیدراڵی بەردەوامبوو.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ناوچەكە، بۆ ( كەركوك ناو)ی وت "روبەڕوبونەوەی چەكداریی لە نێوان چەکدارەکان و پۆلیسى فیدراڵی رویدا، هاوكات لەكاتی چونی مەفرەزەیەكی پۆلیسی فیراڵی بۆ ناو گوندی عەلی سەرای لە رێگا سێ بۆمبی چێنراو دەتەقنەوە، بەهۆیەوە سێ پۆلیس بریندار دەبن".
بەپێی سەرچاوەیەكی پزیشكی لە نەخۆشخانەی داقوق، ئەو سێ پۆلیسە دوای ئەوەی گەیەنراوەنەتە بەشی فریاكەوتن، چارەسەری سەرەتاییان وەرگرتووە و بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە بۆ نەخۆشخانەكانی كەركوك گوازراونەتەوە.
هاوكات ئەمڕۆ سێشەممە 7ی نیسان، لەسەر هەمان رێگای گوندی عەلی سەرای، بۆمبێكی تر بە مەفرەزەیەكی پۆلیسی فیدراڵیدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە دوو پۆلیس برینداربون.
دۆخی ئەمنی چەند ساڵێكە لە قەزای داقوق (44كم باشوری كەركوك) جێگیر نییە وناوبەناو گروپەچەكدارەكان هاوڵاتیان و هێزەئەمنییەكان دەكەنەئامانج.
هەر بەو هۆیەوە تائێستا چەند گوندێك بەتەواوی چۆڵبون و ناوچەكەیان بەجێهێشتووە.