قەدەغەی هاتوچۆ
جموجۆڵی "چەكدارانی داعش"ی زیادكرد

لای راست و چەپی وێنەكە، ئەو دوو پێشمەرگەی لە كوڵەجۆ لە روبەڕوبونەوەی "چەكدارانی داعشدا" گیانیانلەدەستدا، ناوەڕاستی وێنەكە ئەفسەرێكی پۆلیسی فیدراڵییە كە لەروداوێكی هاوشێوەدا لە قەزای دوبز بە برینداری كەوتەدەست چەكدارانی "داعش"

كەركوك ناو

دەیان هێرشی جۆراوجۆر لە دوو هەفتەی رابردودا كراونەتە سەر هێزەئەمنییەكانی عیراق لە ناوچەكانی جێناكۆك، ئەوەش لەوكاتەی حكومەت و یەكە ئیدارییەكان بەهۆی مەترسییەكانی كۆرۆناوە قەدەغەی هاتوچۆیان راگەیاند. بەگشتی "چەكدارانی داعش"، بەو هێرشانە تۆمەتبار دەكرێن

دواین هێرش كاتژمێر 10ەو نیوی شەوی رابردوو 7ی ئازار كرایە سەر لیوایەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناحیەی كوڵەجۆی نزیك قەزای كفری، بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە گیانیانلەدەستدا.

عەمید کەمال مەحمود، فەرماندەی لیواى پێنجی شارەزور كە لە ناحیەی كوڵەجۆ لە ئەركدان، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرەتا چەكارانی داعش بە هاوەن بۆردومانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان كرد بۆ سەرقاڵكردنی پێشمەرگەكانمان، دواتر لەسێ قۆڵەوە هێرشیان کردە سەنگەرێكمان كە لەچواردەوری ناحیەی كوڵەجۆیە، بەتایبەت لەقۆڵی روباری سیروانەوە كە چەم و باخێكی زۆری لێیە".

عەمید كەمال جەختیكردەوە لەوەی "بەقەناس و چەكی كڵاشینكۆف تەقەمان لێكراوە و دوو پێشمەرگەمان شەهید بون، دوای كاتژمێرێك لە وەڵامدانەوەیان هەڵهاتن".

بەقەناس و چەكی كڵاشینكۆف تەقەمان لێكراوە و دوو پێشمەرگەمان شەهید بون

ئەو هێرشە دوای چەند كاتژمێرێكی هات لە روداوێكی هاوشێوە لە نێوان هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی كەركوك و ژمارەیەك چەكدار لە سنوری قەزای دوبز لە خۆرئاوای كەركوك.

سەرچاوەیەك لە هێزەئەمنییەكانی قەزای دوبز، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەكدارانی داعش لە سنوری دوبز جموجۆلیان هەبوو، بۆیە پۆلیسی فیدراڵی هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینی ئەنجامدا، بەهۆیەوە روبەڕوبونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان  و داعش رویدا".

dzha,tiror
مەخمور/ ئازاری 2020/ ئۆپەراسیۆنی چیای قەرەچوغ، فۆتۆ: دژە تیرۆری عیراق

 

لەو شەڕەدا ئەفسەرێكی پۆلیسی فیدراڵی بە برینداری دەكەوێتە دەست چەكدارانی داعش و بردویانە بۆ ناو تونێلێك كە تائێستاش چارەنوسی نادیارە.

سەرچاوەیەكە وتی "تونێلەكە زۆر سەختە و پۆلیسی فیدراڵی نەیتوانیوە كۆنترۆڵی بكات و چارەنوسی ئەو ئەفسەرە یەكلاییبكاتەوە".

هەر لەو روداوەدا، دوو پۆلیسی فیدراڵی برینداربون.

لە قەزای داقوق، باشوری كەركوكیش، تەنیا لە ماوەی 24 كاتژمێردا زنجیرەیەك هێرش لەڕێی گولـلە هاوەن و بۆمبی چێنراوەوە كرایە سەر پۆلیسی فیدراڵی، بە هۆیەوە پێنج پۆلیس برینداربون.

هاوكات لە سەرەتای راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆوە لە قەزای خانەقین لانیكەم هەشت هێرش و روبەڕوبونەوەی چەكداریی رویداوە وبەهۆیەوە 11 سەرباز و چەکداری سوپای عیراقی  و حەشدی شەعبی كوژران و برینداربون.

زیادبونی هێرش و جموجۆڵەكان، لەوكاتەوە زیادیان كردووە كە حكومەتی عیراق و یەكە ئیدارییەكان قەدەغەی هاتوچۆیان راگەیاند، بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق كە لە ناوەڕاستی ئازاری رابردوەوە دەستیپێكردووە و  بڕیارە تا 18ی ئەم مانگە بەردەوامبێت.

xanaqin-2
خانەقین/13ی شوباتی 2020/ لە روداوێكی دەستڕێژی گولـلەدا كوڕ و باوكێك كوژران و نۆ كەسی تر برینداربون فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

 

حەیدەر روبەیعی، لێپرسراوی راگەیاندنی لیوای یەكی حەشدی شەعبی لەخانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "یەك دوو هەفتەیەكە چالاكییەكانی داعش، زۆر زیادبون بە بەراورد بە پێشوتر، تایبەت لە ناوچەکانی باشوری خانەقین لە سنوری نەفتخانە".

"داعش ئامانجی ئەوەیە کامێرە چاودێرییەكانی حەشدی شەعبی بکاتە ئامانج، بۆ ئەوەی بە ئاسانی بتوانن هاتوچۆ بکەن"، حەیدەر وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT