ژماره‌یه‌ك له جوتیارانی كه‌ركوك، رێگرییان لێده‌كرێت بچنه سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانیان له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه، له كاتێكدا ئێستا كاتی چاندنی به‌روبومه هاوینییهكانه.
ئه‌و رێگرییه به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادهوهیه، كه ئیداره‌ی كه‌ركوك تا 11ی نیسان بڕیاری له‌سه‌رداوه، به‌ئامانجی رێگری له بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.
عه‌ونی عوسمان، خه‌ڵكی گوندی جولحانه له سنوری ناحیه‌ی شوان-ی كه‌ركوك، ناڕازییه له رێگری بازگه ئه‌منییه‌كان، كاتێك ده‌یانه‌وێت له‌نێوان شار و زه‌وییه كشتوكاڵییهكانیاندا هاتوچۆ بكه‌ن، "ئێستا به‌هاره و وه‌رزی چاندنه، ئه‌گه‌ر هاوكارمان نه‌بن و نه‌توانین تا 15 رۆژی تر به‌رهه‌مه‌كانمان بچێنین، ئیتر گهرمادێت و ناتوانین".
ئه‌و هۆشداری دا ئه‌گه‌ر رێگرییه‌كان بمێنێت و فریای چاندنی به‌رهه‌می هاوینه نه‌كه‌ون، ئه‌وا كاریگه‌ری له‌سه‌ر بازاڕه‌كانی كه‌ركوك ده‌بێت، به‌هۆیه‌وه میوه و سه‌وزه نرخه‌كانیان زیاد ده‌كات.
"خه‌ڵكێك هه‌یه ره‌ز و باخی هه‌یه، ده‌بێت ده‌ست به ئاودانی بكات، به‌ڵام رێناده‌ن، به‌وه‌ش باخه‌كان وشك ده‌بن" عه‌ونی بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له هه‌موو پارێزگاكانی عیراقدا هه‌یه، به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، جگه له‌وه‌ی هاتوچۆكردن به ته‌واوی له‌نێوان شاره‌كاندا راگیراوه.
ئه‌حمه‌د عاسی، هاوڵاتیه‌كی گوندی خاڵخاڵانە لە سنوری شوان و پێیوایه بارودۆخه‌كه كاریگه‌ری زۆر له‌سه‌ر كاری جوتیاران داده‌نێت، چونكه ئێستا وه‌رزی چاندنی به‌روبومه كشتوكاڵییهكانه به‌هه‌موو جۆرهكانیهو.
"من رەزی هەنجیر، هەنار و ترێم هەیە، ئەگەر لەمڕۆ بە دواوە نەچم بۆ ئاودانی ئیتر وشك دەكات، جگە لەوەش ڕەنجی چەند ساڵەم بە فیڕۆ دەچێت، چونكه گەرمای كەركوك زۆر بەتینە و باخ دوو ڕۆژ جارێك ئاوی نەدەیت وشك ده‌بێت".
به‌وته‌ی ئه‌حمه‌د عاسی، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت زوو چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه نه‌كات، ئه‌وا له چەند مانگێكی تردا گرانی دروستدەبێت، به‌وپێیه‌ی ناتوانن به‌رهه‌م بخه‌نه بازاڕه‌كانه‌وه.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه له چه‌ند شوێنێكی بازاڕه‌كانی كه‌ركوك نرخی خۆراك و میوه بۆ نزیكه‌ی دوو هێنده به‌رزبۆه‌وه، به‌هۆی خواستی زۆری خه‌ڵكه‌وه.
دلێر شوانی، ئەندامی شانەی قەیران له كه‌ركوك بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا به (كه‌ركوك ناو)ی وت لهدواكۆبونهوهیاندا بڕیاردراوه هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ فەرمانگەی كشتوكاڵ، بۆ هاتوچۆی خاوه‌نی حەوزی ماسی یان كێڵگەی پەلەوەری، ئه‌وه‌ش به رێگه‌پێدانی فه‌رمی تا بازگه‌كاندا تێپه‌ڕبن.
بۆ ئه‌و رێكاره خاوه‌نی هه‌ر كێڵگه و پرۆژه‌یه‌ك ده‌بێت به‌ڵگه‌ی خاوه‌ندارێتی بباته فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵ و پشتگیری بۆ بكرێت.
"بۆ جوتیارانیش بەهەمانشێوە، كه كاتی ئه‌وه‌هات گەنم و جۆ دەرمان بكرێت ڕێگەپێدانیان بۆ ده‌كرێت" به‌وته‌ی دلێر شوانی.
قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق تا 18ی نیسان درێژكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا كه‌ركوك بڕیاری كۆتایی له‌وباره‌یه‌وه نه‌داوه.
حاڵه‌ته‌كانی توشبون به كۆرۆنا له كه‌ركوك 23 كه‌س بون، 10 كه‌سیان چاكبونه‌ته‌وه و یه‌كێكیان گیانیله‌ده‌ستداوه، له‌سه‌ر ئاستی عیراقیش 1204 توشبوو به‌و په‌تایه تۆماركراون.