دۆسیەی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنێك لە كەركوك
بارزانیی و یەكێتی لەدوو كاتژمێردا پێنج راگەیەنراو بڵاودەكەنەوە

یەكێك لەو دوو كەسەی دەستگیركراوە پۆلیسە و لەگەڵ كەسێكی تر كارەكەیان ئەنجامداوە

كەركوك ناو

تەنیا لە ماوەی دوو کاتژمێردا، بارزانیی و پەرلەمانتارانی یەکێتی پێنج راگەیەنراو بڵاودەکەنەوە، ئەوەش لەسەر دۆسییەی "دەستدرێژی سێکسی" بۆ سەر ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ناحیەی پردێ لە کەرکوک و داوای سزادانی بکەران دەکەن.

هێزە ئەمنییەکانی ناحیەی پردێ (ئاڵتون کۆپری)، 7ی نیسان دوو کەسیان دەستگیرکرد، کە بەپێی دانپێدانانەکان دەستدرێژی سێکسییان کردۆتەسەر ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و لەوکاتەشدا گرتەی ڤیدیۆییان تۆمارکردووە. یەکێک لەو دوو کەسەی دەستگیرکراوە پۆلیسە و گوماندەکرێت خەڵکی تریش تێوەگلابن.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیمورکاتی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسان لە راگەیەنراوێکیدا بەپشتبەستن بە "هەندێک دەزگای راگەیاندن"، جەختیکردەوە "ماوەی چەند رۆژە هەواڵێک لە راگەیاندنەکان بڵاوبۆتەوە کە ژمارەیەک کەسی سەر بە هێزەکانی حەشد و پۆلیسی عیراقی لە نزیک بازگەی پردێ دەستدرێژییان کردۆتە سەر ژنێکی کورد کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە و لە خێزانێکی زۆر هەژار و بێدەستەڵاتی سنوری پارێزگای کەرکوکە".

بارزانی داوای لە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم کرد، بە هاوبەشی لێکۆڵینەوەی تەواو لەو تاوانە قێزەوەنە بکەن و وتی "ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بێنە سزادان. ئەمە تاوان و ستەمێکی زۆر گەورەیە کە لە هاوڵاتییەکی بێپەنای کورد لەژێر سایەی ئیدارە و واقعی سەربازی سەپێندراوی کەرکوکدا کراوە".

ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بێنە سزادان. ئەمە تاوان و ستەمێکی زۆر گەورەیە

دوابەدوای ئەوە، فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق و هەریەکە لە پەرلەمانتارانی ئەو حزبە (رێبوار تەها، ئەڵم سا فازڵ و دیلان غەفور) بەجیا راگەیەنراویان لەسەر ئەو پرسە هەبوو و تیایدا جەختیانکردەوە کە دوو کەس بەو دەستدرێژییە و بەپێی ماددەکانی 393 و 309 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیرکراون.

فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بڵاویانکردەوە "لەسەرەتاوە بۆ راستی و دروستی بابەتەکە نوێنەرانی فراکسیۆنمان لە کەرکوک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە ئەمنییەکان کەوتنە پەیوەندیکردن و بەدواداچون، دەرکەوت دووکەس دەستگیرکراو و دانیان بەتاوانەکەیان ناوە و دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگا کراوە".

دەرکەوت دووکەس دەستگیرکراو و دانیان بەتاوانەکەیان ناوە و دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگا کراوە

فراکسیۆنی یەکێتی، جەخت لە گرتنەبەری ڕێ و شوێنە یاساییەکان دەکاتەوە و بڕیاریانداوە چاودێری کەیسەکە بکەن.

هاوکات ئەڵماس فازڵ، لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عیراق، لە راگەیەنراوێکیدا وتی "ئەو دوو کەسەی ئەو دەستدرێژییان ئەنجامداوە لە ئێستادا بە ماددەی ٣٩٣ ی سزادانی عێراقی دەستگیرکراون و دانییان بەتاوانەکەیان ناوە".

hez
كەركوك/تشرینی یەكەمی 2017/ ئۆتۆمبێلێكی هێزە عیراقییەكان لە ناوەندی ناحیەی پردێ فۆتۆ: كەركوك ناو

بەپێی ئەو ماددەیە بکەرانی ئەو روداوە، سزادەدرێن بەزیندانیکردنی هەتاهەتایی. یان لەسێدارەدان ئەگەر تاوانبار فەرمانبەر یان راسپێدراوبێت بە ئەرکی گشتی.

ماددەکە تایبەتە بە دەستدرێژی سێکسیی و لە بڕگەیەکی تردا جەختکراوەتەوە کە سزاکەی قورس دەبێت، ئەگەر بکەران لە دووکەس و زیاتربن. بەهۆی ئەوەی ئەوە کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی کەسی دەستدرێژی کراو نەتوانێت بەرگری لەخۆی بکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی زانیارییەکانی (کەرکوک ناو)، یەکێک لەو دوو کەسە پێشتر لە ریزەکانی سوپای عیراق فەسڵکراوە. دواتر جارێکی تر گەڕاوەتەوە بۆ سلکی ئەمنیی و بۆتە پۆلیس. ئەوەش بەپشتبەستن بە لێخۆشبونی گشتی حکومەتی عیراق، وەک عه‌بدولموته‌لیب نه‌جمه‌دین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ جەختیلێکردەوە.

ئەڵماس فازڵ وتی "پەڕاوی تایبەت بۆ ئەو دۆسیەیە کراوەتەوە لەلایەن پۆلیسی کەرکوک و وەزارەتی ناوخۆش لە سەر ئەو بابەتە لەسەر ھێڵەوە بەدواداچون دەکات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT