فەریدە: من لە داعش بەهێزترم

فەریدە عەباس (24ساڵ)، كچە رزگاربوی دەستی داعش

کاروان باعەدرێ  - شێخان

لەوكاتەی خەڵاتی سێیەمی وەرگرت، فەریدە دوبارە ئەو وتەیەی خۆی دوبارەكردەوە "من لە داعش بەهێزترم"، ئەو لەو خانمانەیە دەیەوێت بە كردار ئەو وتەیە بسەلمێنێت و لە ئێستادا كاردەكات بۆ گەیاندنی دەنگی زوڵملێکراوان بە جیهان.

فەریدە عەباس (24ساڵ)، كچە رزگاربویەكی دەستی داعش، لە 26ی ئازاری رابردوو، خەڵاتی (گودێس لی سترۆنگ)ی وەرگرت لەلایەن ناوەندی دادپەروەریی و لێپرسینەوە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا. خەڵاتەکە ساڵانە بەو کەسانە دەدرێت ژیانیان بۆ بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ تەرخانكردووە.

ئەوە سێیەمین خەڵاتە دەدرێت بە فەریدە، لەوكاتەوەی لە ساڵی 2015 كارەكانی بۆ گەیاندنی دەنگی زوڵملێكراوانی ئێزیدیی و قوربانیانی دەستی داعش دەستپێكردووە.

فەریدە كێیە؟

فەریدە عەباس، ژنێكی رزگاربوی ئێزیدی دەستی داعشە. دوای ساڵێك چەشتنی زەبروزەنگ، دەستدرێژیی و ئەشكەنجەدان لەژێر دەستی ئەو رێكخراوە، لە ساڵی 2015 خۆی رزگاركرد و دوای چەندمانگێك مانەوە لەكەمپ لەگەڵ هەزار كچ و ژنی ئێزیدی تربەهاوكاری حكومەتی ئەڵمانیا گەیشتە ئەو وڵاتە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

farida,nadia
فەریدەعەباس لەدەستە ڕاستی وێنەكە،لەگەڵ هەریەكە لەنادیە موراد و لەمیا حەجی بەشار، دوو رزگاربوی تری دەستی  داعش

هەر لەوێوە، هەوڵەكانی بۆ ناساندنی دۆزی ئێزیدییەكان و تاوانەكانی داعش دەستپێكرد، ئەو وتی "دەستم گەیشتبێتە هەر شوێنێكی دونیا و كۆڕ و كۆنفرانسێك، بیرملەوە دەكردەوە چۆن ئەو نەهامەتیی و پێشێلكارییانە دژ بەمرۆڤایەتیی و بەتایبەت ئێزیدییەكان بەجیهان بگەیەنم". زیاتر وتی "نەمویست تەنیا دەنگی خۆم بم، ویستم دەنگی زیاتر لە 2000 كچ و ژنی ئێزیدی بم".

نەمویست تەنیا دەنگی خۆم بم، ویستم دەنگی زیاتر لە 2000 كچ و ژنی ئێزیدی بم

ئەو لە 3ی ئابی 2014 لە گوندی كۆجۆ لەشنگال هاوشانی هەزاران هاوڵاتی ئێزیدی كەوتە دەست چەكدارانی داعش. باوك و برا گەورەی بەدەستی داعش گولـلەباران كران.

"ئەوكات ژیانێکی سادە و ساکارمان هەبوو، زۆر دڵخۆش و خەونی گەورەم هەبوو، دەمویست لە ئایندەدا ببمە مامۆستا و خزمەت بەگوندەكەم بكەم، كەچی داعش ژیانی سەدلەسەد پێچەوانە كردینەوە".

ئەو لەگەڵ 47 ژن و كچی ئێزیدی برانە رەققە لەسوریا – پایتەختی ئەوكاتی خەلافەتی داعش-، لە بازاڕەكان كڕین و فرۆشتینان پێوەكرا. بەهۆی ئەو مامەڵەیەی لەگەڵیان دەكرا، چوار جار هەوڵی خۆكوشتنی داوە، وەك خۆی وتی.

 

"لەداعش بەهێزترم"

فریدە لە ئەڵمانیا ژیانی هاوسەرێتی پێكهێنا و دەڵێت ئێستا دڵخۆشە، بەوەی پەیوەندی باشی لەگەڵ ئێزیدییەكان زۆرباشە و هەموان بۆ ئەو كەسوكارین.

لە ساڵی 2017، فەریدە، خەڵاتی لیبر بریس-ی وەرگرت بە نوێنەرایەتی ئێزیدییەكان، رێکخراوەکە بارەگاكەی لە شاری جیرۆنای سەر بە هەرێمی کەتەلۆنیاییە لە ئیسپانیا. ئەو رێكخراوە قازانج نەویستە و ئامانجی زیادکردنی هۆشیاریی و دەستەبەرکردنی رۆشنبیریی و هاوسۆزییە.

farida-1
فەریدە عەباس، لەكاتی پرۆسەی هاوسەرگیریدا

لەهەمان ساڵدا، بەهاوبەشی لەگەڵ نادیە موراد – براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی-  لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەنداوە خەڵاتێكی مرۆیی پێبەخشرا.

"ئێستاش دەڵێم من لە داعش بە هێزترم و کوڵمنەدا، بڕیارمدا ببمە دەنگی زوڵملێکراوانی ئێزیدییان و دەنگیان بە دونیا بگەیەنم".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT