ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە دوو هەفتەیە رێگریی دەكات لە هاتوچۆی نزیكەی 200 كارمەندی تەندروستی لە قەزای كەلارەوە بۆ خانەقین. ئەوەش نیگەرانی كارمەندەكانی لێكەوتۆتەوە و ترسی فەسڵكردنیان هەیە.
ئەو رێگرییە كە لە دوای بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆوە دەستیپێكردووە، لەكاتێكدایە ئیدارەی خانەقین بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە عیراق پێویستی بە هاوكاریی زیاتری كارمەندانی تەندروستی هەیە.
زیاتر لە چەند كارمەندێك، كە لە ترسی فەسڵكردن و لێپرسینەوە ئامادەنەبون ناوی خۆیان ئاشكرابكەن، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیانكردەوە لەوەی چەند جارێك ویستویانە بۆ دەوام لەكەلارەوە بچنە خانەقین، بەڵام، لە بازگەی نێوان کەلار – خانەقین، هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم پێیانوتون دەتوانن بڕۆن، بەڵام رێگەی گەڕانەوەتان پێنادرێت.
ئەو كارمەندە تەندروستییانە، كە زۆرینەیان پەرستار، یاریدەدەری پزیشك و كارمەندی كارگێڕیی و ئیدارین، فەرمانبەری حكومەتی فیدراڵن و ترسی ئەوەیان هەیە بەیەكجاریی فەسڵبكرێن.
"ئەگەر ئێمە لەم دۆخە دەوام نەکەین و خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە ھاوڵاتیان نەکەین، کەی کاربکەین، بۆیە لەوانەیە فەسڵبكرێین"، یەكێك لە كارمەندەكان وایوت.
ئەگەر ئێمە لەم دۆخە دەوام نەکەین و خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش بە ھاوڵاتیان نەکەین، کەی کاربکەین
سەرمەد بەیاتی، لێپرسراوی کەرتی تەندروستی خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "نزیکەی دوو سەد کارمەندی تەندروستیمان مالیان لە كەلارە و پێش قەدەغەی هاتوچۆ رۆژانە دەوامیان دەكرد، بەڵام زیاتر لە دوو هەفتەیە رێگرییان لێدەكرێت".
"ھەوڵی جدیماندا لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان بۆ ئاسانکاریی ھاتوچۆکردنی ئەو کارمەندانە، بەڵام ھیچ ئەنجامێكی نەبوو و رێگریی لە هاتوچۆیان دەكەن"، سەرمەدزیاتر جەختیكردەوە كەلەم كاتەدا پێویستیان بە هەوڵ و كۆشیی ئەو فەرمانبەرانە هەیە.
هەڤاڵ ئیبراھیم، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان، بە (كەركوك ناو)ی وت كە ئەوە بڕیاری ژوری ئۆپەراسێۆنەکانی گەرمیانە و وتی "رێگەیان پێدەدەین بڕۆن، بەڵام دەبێت لە خانەقین بمێننەوە و تا كۆتایی قەدەغەی هاتوچۆ نەگەڕێنەوە".