كه‌سوكاریی قوربانییانی ئه‌نفال، ساڵانه و له یادی له‌ده‌ستدانی رۆڵه‌كانیاندا گوێبیستنی ده‌یان به‌ڵێنی جۆراوجۆر ده‌بن له لێپرسراوانه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی ببینن و هیچ گۆڕانكارییه‌كیش له ژیان و دۆسیه‌كه‌یاندا روبدات.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 14ی نیسان، 32 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفالدا، به‌ڵام كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان ناڕازین، هێشتا ناوچه‌كانیان وێرانه‌یه، به‌شێكیان له كوله‌مه‌رگیدا ده‌ژین و زۆرینه‌ی به‌ڵێنی لێپرسراوانی حكومی و حزبیش جێبه‌جێنه‌كراون.
وریا عه‌بدولخالق، باوكی ئه‌نفالكراوه، ئه‌و ده‌ڵێت مێژویه‌كه ته‌نیا گوێبیستنی به‌ڵێن ده‌بن بێ ئه‌وانه‌ی ببنه كردار، نمونه‌ی ژماره‌یه‌ك له به‌ڵێنه‌كانی بۆ (كه‌ركوك ناو) هێنایه‌وه، له‌وانه به‌جیۆناسایدناساندنی ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستی جیهان، ئه‌رشیفنه‌كردنی كه‌لوپه‌لی ئه‌نفالكراوان له مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت، نه‌بونی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وردی مه‌یدانی بۆ دۆسیه‌كه به زمانه زیندوه‌كانی دنیا.
وریا نمونه‌ی تری زۆر لایه له‌و به‌ڵێنانه‌ی جێبه‌جێنه‌كراون، وه‌ك دروستنه‌كردنی پێناسێك بۆ كه‌سوكاری قوربانییان بۆ كارئاسانی له فه‌رمانگه حكومییه‌كاندا، زیادنه‌كردنی موچه، هاوتانه‌كردنی موچه له‌گه‌ڵ به‌غدا.
ئه‌مساڵ هیچ بۆنه‌یه‌كی فه‌رمی بۆ كه‌سوكاری قوربیانی ئه‌نفال نه‌كرا به‌هۆی مه‌ترسی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه.
گوڵەباخ محه‌مه‌د، هاوسه‌ری ئه‌نفالكراو، بێ ئومێد بووه لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌ڵێندرا موچه‌كانمان بكرێت به كارت و به‌وشێوازه دابه‌شبكرێت، به‌ڵام نه‌كرا، داوامانكردووه خوشك و برای ئه‌نفالكراو بكرێنه كه‌سی پله‌یه‌ك و له ئیمتیازات سودمه‌ندبن، داوای دامه‌زراندن بۆ گه‌نجه‌كانمان و ئاوه‌دانی گونده‌كانمان كردووه، به‌ڵام هه‌ر به‌ڵێنه و هیچ ناكرێت".
حكومەتی هەرێمی كوردستان 14-4ی وەكو رۆژی یادكردنەوەی ئه‌نفال دیاریكردووه و تاوانەكەش بەجینۆساید لەلایەن حكومەت و پەرلەمانی كوردستانەوە ناسێنراوە، ئەمە جگەلەوەی حكومەتی عیراقیش هەمان دانپێدانانی بۆی هەیە.
عادل مه‌جید، تاقانه‌ی ئه‌نفاله، ساڵانێكه هه‌مان داواكاریی هه‌یه و دوباره‌ی ده‌كاته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی له باری كرداریدا هیچی لێ سه‌وزبێت.
"له‌و داواكارییانه هێنانه‌وه‌ی روفاتی ئازیزانمانه، ئه‌نجامدانی پشكنینی دی ئێن ئه‌ی، كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به كه‌سوكاری قوربانییانی ئه‌نفال، كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌رزشی، پرۆژه‌یه‌ك بۆ دڵنه‌وایی و ئاساییكردنه‌وه‌ی باری ده‌رونی" عادل وای وت.
لە هەرێمی كوردستان لە كۆی 182 هەزار ئەنفالكراو و ئەنفالی بارزانییەكان، تەنیا روفاتی دوو هه‌زار و 500 ئەنفالكراو لە بیابانەكانی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراق هێنراونەتەوە، ئه‌وه‌ش لە مۆنۆمێنتەكانی تایبەت بە ئەنفال به‌خاكسپێردراون.
ناسك عەزیز، هاوسەره‌كه‌ی له‌نێو ئه‌نفالكراواندایه و وه‌ك هه‌موو ساڵێكی تر، كۆمه‌ڵێك داواكاری نه‌گۆڕی هه‌یه و ده‌یڵێته‌وه، "ده‌مانه‌وێت جاش و موسته‌شاره‌كانی به‌شداربوی ئه‌نفال دادگایی بكرێن، موچه‌ی موسته‌شاره‌كان ببڕدرێن كه له موچه‌ی قوربانییان زیاتره، قه‌ره‌بوی ماڵی كه‌سوكاری قوربانییان بكرێته‌وه".
تاوانی ئەنفال لەلایەن رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن، دژ بە دانیشتوانی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك ئەنجامدرا، بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم 182 هەزار كورد لەلایەن ئەو رژێمەوە لە شوێنی خۆیان گوازرانەوە و بە كۆمەڵ لەبیابانەكانی رۆژئاوای عیراق زیندەبەچاڵكران.
ئیسماعیل هەنارەیی، یه‌كێكه له كه‌سوكاری قوربانییانی ئه‌نفال و باسی له خراپی رێگه‌وبان و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی كرد له گونده‌كاندا، به تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ی به‌هۆی ئه‌نفاله‌وه زیانی زۆریان به‌ركه‌وت، وتی "كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌تی به چاره‌سه‌ری ده‌رونی و جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی دادگای باڵای تاوانه‌كان بۆ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباران و قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوان له‌و به‌ڵێنانه‌یه چاوه‌ڕێی جێبه‌جێكردنیانین".
شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال، له ساڵی 1988 و بۆ ماوه‌ی حه‌وت مانگ به‌رده‌وام بوو (شوبات بۆ ئه‌یلول)، له‌و ماوه‌یه‌دا به شه‌ش قۆناغ و له هه‌شت ناوچه‌ی جیاوازی هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركوك رژێمی به‌عس زیاتر له 182 هه‌زار كه‌سی بێسه‌روشوێن كرد و دواتر كۆمه‌ڵكوژكران، جگه له وێرانكاری هه‌زاران گوند.