40 خێزان داوای ئوسامەیان كردووە، بەڵام دادگا بڕیارێكی تری دەركرد

كەركوك/ نیسانی 2020/ ئوسامە لە خانەی بێسەرپەرشتان فۆتۆ: تایبەت بەكەركوك ناو

سۆران محەمەد – كەركوك

40 خێزانی كەركوك ناوی خۆیان لە دادگا تۆماركرد، تا ئوسامەی تەمەن سێ ساڵ و نیو لەخۆبگرن، بەڵام دادگا بڕیاریدا رەوانەی خانەی بێسەرپەرشتانی بكات، ئەوەش دوای مانگ و نیوێك لە لێكۆڵینەوە كە تیایدا دەركەوتووە باوكی ئوسامە لەگەڵ چەكدارانی داعش كاریكردووە.

ئوسامە لە 5ی ئازاری 2020، لەگەڵ باپیری لە شاری موسڵەوە گەیشتنە یەکێک لە ئوتێلەکانی کەرکوک، بەڵام دوای مانەوەی شەوێک لەگەڵ باپیری، بەیانی زوو ئوسامە بەتەنیا لە ئوتێلەكە جێهێڵدرا و پۆلیس دۆسیەی بۆ كردەوە و كەیسەكەی رەوانەی دادگا كرد.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكەیسی ئوسامە، دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوک، بڕیاریداوە ئوسامە رەوانەی خانەی بێسەرپەرشتان بكرێت و نەدرێتە هیچ خێزانێك "چونكە باوكی لەسەرەتای هاتنی داعش بۆ عیراق لە ساڵی 2014 پەیوەندی بەو رێكخراوەوە كردووە و وەكو یاریدەدەری پزیشك كاریكردووە، لەئیستاشدا هیچ چارەنوسێكی دیار نییە"، سەرچاوەكە وایوت.

جەختیشیكردەوە لەوەی 40 خێزان لەماوەی ئەو مانگ و نیوەدا ناوی خۆیان لەدادگا بۆ لەخۆگرتنی ئوسامە تۆماركردووە.

وتیشی "دادگا لەسەر رۆشنایی لێكۆڵینەوەكان لە كەیسی باوكی ئوسامە، داواكاریی ئەو 40 خێزانەی دواخست".

دادگا لەسەر رۆشنایی لێكۆڵینەوەكان لە كەیسی باوكی ئوسامە، داواكاریی ئەو 40 خێزانەی دواخست

سەرچاوەیەکی ئەمنیی و ئاگادار لە دۆسیەكەی ئوسامە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دادگای کەرکوک داوای لە پۆلیسی كردووە لێکۆڵینەوە بكەن لە کەیسی ئوسامە و کەسوکارەكەی، پۆلیسیش بە راپۆرتێك وەڵامیداونەتەوە و دەركەوتووە چوار پوری ئوسامە و خاڵەیەكی لەگرتن و گواستنەوەی كەركوك زیندانین بەتۆمەتی هاوكاریكردنی چەكدارانی داعش".

hotel

كەركوك/ ئاداری 2020/ ئۆتێل ئەجراس كە ئوسامەی تێدا جێهێڵدرا فۆتۆ: سۆران محەمەد

پێشتر (كەركوك ناو) لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە كە ئوسامە تەمەنی تەنیا سێ مانگ بووە، كاتێك دایكی بە بۆردومانی فڕۆكە لەموسڵ كوژراوە، باوكیشی كە یاریدەدەری پزیشك بووە لەگەڵ چەكدارانی داعش لە قەزای حەویجە لە باشوری خۆرئاوای كەركوك و چارەنوسی نادیارە.

ئوسامە لای باپیری (باوكی دایكی) بەناوی ئەحمەد ماوەتەوە و بەخێوكراوە، تا لە 5ی ئازار لە ئوتێل ئەجراس لە شەقامی ئەحمەد ئاغا لە ناوەڕاستی شار كەركوك بەجێیهێشت.

بەڵام پاش دوو رۆژ لە جێهێشتنی كچەزاكەی، ئەحمەد بۆ هەمان ئوتێل دەگەڕێتەوە و سۆراغی كچەزاكەی دەكات. پۆلیس هەمان رۆژ دەستگیری دەكەن و دوای لێكۆڵینەوە لەو كەیسە ئازادی دەكەن.

یاوەر ئاڵاوێری، موختاری گەڕەکی قۆرییە، كە تا بڕیاری دادگا ئوسامە لە ماڵی ئەودا ماوەتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "10 رۆژ وەكو منداڵی خۆم بەخێوم كرد، بەڵام دواتر دادگا بڕیاریدا ببردرێتە خانەی بێسەرپەرشتان تا حكومەت خۆی ئەركی بەخێوكردنی بگرێتە ئەستۆ".

10 رۆژ وەكو منداڵی خۆم بەخێوم كرد

"ئەوەی من بزانم دەركەوتووە چەند پورێكی ئوسامە بە تۆمەتی هاوكاریكردنی چەكدارانی داعش دەستگیركراون"، یاوەر وایوت.

یاوەر پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وت كە لە زیندان سەردانی باپیری ئوسامەی كردووە و وتویەتی "توانی بەخێوکردنیم نییە و دەمەوێت کەسێک بەخێوی بکات بۆیە جێمهێشتووە".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT