شنگالییەکان نزادەکەن ڤایرۆسی كۆرۆنا نەگاتە قه‌زاكە، چونكه لە بارێکی وادا دەبێت بێکەس لەگەڵ پەتاکەدا دەستەویەخە بن؛ ئەوەش لە کاتێکدایە بێ لە کۆرۆناش ناچارن بۆ وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی سەردانی ناوچەکانی تری عیراق بکەن.
قه‌زای شنگال، كه به زێد و نیشتمانیی مێژویی پێكهاته‌ی ئێزیدی داده‌نرێت، له كه‌رتی ته‌ندروستییدا په‌رێشانه و هێشتا به ده‌ست وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی داعشه‌وه ده‌ناڵێنێت، بۆیه كۆرۆنا روبه‌ڕوی ته‌حه‌دایه‌كی تەندروستی كردۆته‌وه. لەوێ توانای ته‌ندروستی سنورداره و ئهوەندەش هاریكاریی نه‌كراون تا بتوانن به‌سه‌ر په‌تاكه‌دا سه‌ربكه‌ون.
ئێزیدییه‌كانی شنگال پێیانوایه لەم تەنگەژەیەدا ته‌نیان، چونكه هه‌م هاوكاریی پێویست ناكرێن له‌لایه‌ن حكومه‌تی نه‌ینه‌وا و فیدراڵه‌وه، هه‌م توانای ته‌ندروستییان له ئاستی پێویستدا نییه.
خوا ره‌حمی كرد توشبووی كۆرۆنا تۆمارنه‌كرا، چونكه ئاستی ته‌ندروستی شنگال خراپه
"خوا ره‌حمی بە خه‌ڵكی شنگال كرد كه تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی توشبون به كۆرۆنا تۆمارنه‌كراوه" خشفێ نادر (34 ساڵ) وای وت، ئه‌و پێیوایه ئه‌گه‌ر توشبوو هه‌بوایه نه‌یانده‌توانی كۆنتڕۆڵی بارودۆخه‌كه بكه‌ن.
خشفێ له ناوه‌ندی شنگال داده‌نیشێت، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له دژی پەتای كۆرۆنا، هه‌وڵیداوه ده‌ستكێشی پزیشكی، ده‌مامك و مادده‌ی پاكژكه‌ره‌وه بكڕێت، به‌ڵام هه‌رزوو نرخه‌كان زۆر زیادیانكرد و له بازاڕه‌كانیشدا كه‌مبونه‌وه، "نرخ زۆر بەرزە و هیچ رێكخراو و لایه‌نێكیش له‌و رووه‌وه هاریكاریی قه‌زاكه‌ی نه‌كرد".
ئه‌و ده‌ڵێت ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتیان له ماڵەوە مانه‌وه و خۆپارێزییه له كۆرۆنا، چونكه ره‌نگه به‌و توانا كه‌مه ته‌ندروستییه‌وه به‌رگه‌ی ئه‌و په‌تایه نه‌گرن.
له شوباتی 2020وه كۆرۆنا گه‌یشتۆته عیراق، له‌وكاته‌وه ئیداره خۆجێییه‌كان و حكومه‌تی فیدراڵییش ده‌ستیانكردووه به هاریكاریی ناوچه جیاوازه‌كان، به‌ڵام كه‌مترینی ئەو هاوكارییانه به شنگال گه‌یشتووه.
تا سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر، هیچ پزیشكێكی ژنان و منداڵبون لە قەزای شنگال نه‌بووە، نەخۆشخانەی گشتی نۆژەننەكراوەتەوە و لە تەواوی قەزاكەشدا تەنیا سێ پزیشكی گشتیی و ئەمبوڵانسێك هەبووە، لەكاتێكدا ئێستا نزیكەی 30 هەزار كەس لە ناوەندی قەزاكەدا نیشتەجێن.
سەعید قاسم، دانیشتوی شنگال پێشتر بە (کەرکوک ناو)ی وت "بۆ بچوکترین نەخۆشی دەبێت سەردانی شاره‌کانی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ین، دوجار کچەكەم بۆ چارەسەر بردۆتە دهۆك، هەر جارە و تێچوی 500 هەزار دینار بووە".
كه‌می خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی وایكردووه خه‌ڵكی شنگال به ناچاری رووبكه‌نه ناوچاکانی تری نه‌ینه‌وا، پارێزگاكانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.
ناتوانین چاره‌سه‌ری توشبوانی كۆرۆنا له شنگال بكه‌ین و ده‌بێت بچێته شاری موسڵ
شه‌هاب سه‌باح، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی گشتی شنگال وتی "شوێنێكی تایبه‌تمان ئاماده‌كردووه بۆ توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ڵام ناتوانین چاره‌سه‌ریان بكه‌ین و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به كۆرۆنایان ده‌كەین له موسڵ".
"ته‌نیا دوو ئامێری هه‌ناسه‌دانمان هه‌یه، پزیشكی تایبه‌تمه‌ند به‌نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و هه‌ناسه‌دان له قه‌زاكه‌دا نین". شه‌هاب ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشی ئه‌وانه پابه‌ندبونی هاوڵاتیانه به رێنماییه‌كانه‌وه تا كۆرۆنا به قه‌زاكه نه‌گات.
زۆرینه‌ی دانیشتوانی شنگال ئێزیدین، ئه‌و پێكهاته‌یه له ئابی 2014دا له‌و قه‌زایه روبه‌ڕوی كۆمه‌ڵكوژی بونه‌وه و زیاتر له شه‌ش هه‌زار كه‌سیان رفێنران، له ژن و منداڵ، كه هێشتا چاره‌نوسی نزیك به نیوه‌یان نادیاره.
شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.
"سوپاس بۆ خوا هیچ حاڵه‌تێكی كۆرۆنا له سنوره‌كه‌ماندا تۆمارنه‌كراوه، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ پابه‌ندبونی هاوڵاتیان و رۆڵی شانه‌ی قه‌یران له قه‌زاكه‌دا" جه‌میل حه‌مو، دانیشتوی شنگال وای وت.
ئه‌و ده‌ڵێت بارودۆخه‌كه سەخته، پێداویستی خۆپارێزی كه‌مه و گرانه، له هه‌موو ده‌رمانخانه‌كاندا ده‌مامكی ده‌ستنه‌كه‌وتووه، ته‌نیا ده‌ستكێش هه‌یه و ئه‌ویش له دوو هه‌زار دیناره‌وه نرخی گه‌یشتۆته سه‌روو پێنج هه‌زار دینار.
نەخۆشخانەی شنگال و زۆربه‌ی ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌كانی تر، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعشدا لە ئابی 2014 بۆ كۆتایی 2015 خاپورکران.
لایه‌نه‌كانی ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا هیچ هاوكارییه‌كیان نه‌كردوین
ئێزیدییه‌كانی شنگال و نه‌ینه‌وا، هێشتا زۆرینه‌یان ئاواره‌ن و به‌هۆی نه‌بونی خزمهتگوزارییهكانەوە بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ته‌نیا له هه‌رێمی كوردستاندا سه‌دا 30 پێكده‌هێنن، له كۆی زیاتر له 787 هه‌زار ئاواره‌ی ناوخۆ، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.
خودێدا چوكی، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ له شنگال نه‌یشارده‌وه، له روی ته‌ندروستییه‌وه كێشه‌ی زۆریان هه‌یه، به‌تایبه‌ت كه‌می ده‌ستكێش، ده‌مامك و پزیشكی تایبه‌تمه‌ند، وتی "ئه‌گه‌ر خوا نه‌كات كه‌سێك توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت، ئه‌وا ره‌وانه‌ی نه‌ینه‌وای ده‌كه‌ین چونكه هیچ شوێنێك تایبه‌تمان نییه".
چوكی نیگه‌رانه له پشتگوێخستنی شنگال و ده‌ڵێت ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا هاوكارییان ناكات، ئه‌وەی بە ئیدارەی ناحیەکە ده‌كرێت، ته‌نیا رشتنی مادده‌ی پاككه‌ره‌وه‌یه له شوێنه گشتییه‌كان و هاندانی خه‌ڵكییە بۆ خۆپارێزی.
تەنیا شه‌ش توشبووی كۆرۆنا له نه‌ینه‌وا هه‌بوون، به‌ڵام هیچیان دانیشتوی شنگال نه‌بوون؛ له‌و ژماره‌یه‌ش تا ئێستا پێنج كه‌سیان چاكبونه‌ته‌وه.
پارێزگای نه‌ینه‌وا، شه‌ش ناوه‌ندی ته‌ندروستی تایبه‌ت و 16 نه‌خۆشخانه‌ی به توانای 4600 قه‌ره‌وێڵه‌یی هه‌بووه، به‌ڵام دوای شه‌ڕ ته‌نیا 1700 قهرهوێڵەی ماوە بۆ زیاتر له سێ ملیۆن و 700 هه‌زار هاوڵاتی، به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا.
له چه‌ند رۆژی رابردودا، لێپرسراوانی باڵای نه‌ینه‌وا، له نێویاندا پارێزگار چونه‌ته شنگال و به‌ڵێنی دابینكردنی به‌شێك له پێداویستییه پزیشكییه‌كانی قه‌زاكه‌یان داوه، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا.
وەک ئاماژەیەکیش بۆ هەستیاریی دۆخی تەندروستی شنگال، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراقیش له راگه‌یه‌ندراوێكدا داوای په‌له‌كردن دەکات له بنیاتنانی نه‌خۆشخانه‌یەکی 100 قه‌ره‌وێڵه‌یی له قەزاکە، كه چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر بە دەستپێشخەریی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا به‌ردی بناغهکەی دانراوە.