ژمارەیەك لە شۆفێرانی هێڵی كەركوك – هەولێر داوای كردنەوەی رێگای نێوان ئەو دوو پارێزگایە دەكەن كە 40 رۆژە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە داخراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە هەموو ئەو رێگایانە كراوەیە كە كەركوك بە پارێزگای سلێمانیی و قەزای كۆیەوە دەبەستێتەوە.
ئەو ناڕەزاییە ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی نیسان لەبەردەم گەراجی رەحیماوا بەڕێوەچوو، تیایدا شۆفێرانی هێڵی كەركوك – هەولێر داوای كردنەوەی رێگاكەیان كرد تا لەڕێیەوە بژێوی ژیانی خێزانەكانیان پەیدابكەن.
عەزیز حەسەن، شۆفێرى هێڵی تەکسى نێوان کەرکوک – هەولێر، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمەى شوفێران بژێوى ژیانمان لەسەر هاتوچۆی نێوان ئەو دوو پارێزگایەیە، بەڵام لەئێستادا داخراوە و 40 رۆژە بێكارین".
رێگاكە داخراوە و 40 رۆژە بێكارین
"بەهیچ شێوەیەك ناهێڵین هاتوچۆ بكەین و نەفەر بگوازینەوە، بەڵام رێگای نێوان كەركوك – سلێمانی، كۆیە و تەقتەق كراوەیە"، عەزیز حەسەن وایوت.
خەلیل نەعمان، شوفێرى هێڵى کەرکوک - تەقتەق بە (کەرکوک ناو)ى وت "رێگای ئێمە كراوەیە و نەفەر دەگوازینەوە لە كەركوكەوە بۆ تەقتەق و بەپێچەوانەشەوە، بەڵام ئێمە بۆ پاڵپشتى لە داواکاریی شۆفێرانی هێڵی نێوان كەركوك – هەولێر لەم گردبونەوەیە بەشدارین".
"ئەو شوێنانەی لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی پێشوی سلێمانیدایە، هیچ كێشەیان نییە، لەوانە سلێمانی، چەمچەماڵ، تەقتەق و كۆیە، تەنیا رێگای كەركوك – هەولێر داخراوە"، خەلیل عوسمان وایوت.
هێڵی نێوان كەركوك – هەولێر لە 112 ئۆتۆمبێل پێكهاتووە و ماوەی 40 رۆژە ناتوانن نەفەر بگوازنەوە.
حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان و ئیدارەی پارێزگاكان لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانیان راگرت، ئەوەش بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.