به‌شێك له مامۆستایانی ئایینی و نوێژخوێنان له كه‌ركوك، له گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییدا داوای كردنه‌وه‌ی ده‌رگای مزگه‌وته‌كانیان كرد به روی زیارهتكارانیدا به‌بۆنه‌ی مانگی ره‌مه‌زانه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌پێی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له مه‌ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 23ی نیسان له به‌رده‌م ته‌ندروستی كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی ئایینی و گه‌نجانی نوێژخوێن گردبونه‌وه و داواكارییه‌كیان راده‌ستی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد، تا مزگه‌وتی و شوێنه‌كانی خواپه‌رستی جارێكی‌تر بكرێنه‌وه كه به‌هۆی كۆرۆناوه داخراون.
سۆران کەرکوکی، مامۆستای ئایینی و به‌شداربوی گردبونه‌وه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێمانوایه مزگەوتەکان بەئامانج گیراون ولە هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ بێبەشکراون، ئه‌گه‌رنا بۆچی ڕێگە بە كردنه‌وه‌ی نۆرینگەکان دەدرێت كه قەرەباڵغییەکی زۆریشی تیێدا دروستبووه به‌ڵام ماڵەکانی خوا دادەخرێن".
ئه‌و ده‌ڵێت له كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كاندا، به ته‌واوی پابه‌ندی رێكار و رێنماییه ته‌ندروستییه‌كانی خۆپارێزی ده‌بن له كۆرۆنا، وتیشی "پێموایه حكومه‌ت زیاتر گرنگی به کردنەوەی ئەو شوێنانە دەدات سودی بازرگانی تێدایە و ئەم تۆێژە گرنگەی کۆمه‌ڵگه‌ی فەرامۆشکردووە که نوێژخوێنانە".
لەگەڵ بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوەڕاستی ئازاری رابردوو، ته‌واوی مزگه‌وت، كڵێسا، په‌رستگا و شوێنه ئاینییه‌كانی تر له عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌روی نوێژخوێنان و زیارهتكارانیاندا داخراون، به ئامانجی خۆپارێزی و رێگری له بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.
مسته‌فا سه‌یدایی (28 ساڵ)، گه‌نجێكی دانیشتوی كه‌ركوك و به‌شداری گردبونهوهكهبوو، ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌گه‌ر به ده‌م داواكارییه‌كه‌مانه‌وه نه‌یه‌ن ئه‌وا خۆمان فشار ده‌خه‌ینه سه‌ر مامۆستایانی ئایینی تا مزگه‌وته‌كان بكه‌نه‌وه چونكه له پێشوازی مانگی ره‌مه‌زانداین و ناكرێت بێ مزگه‌وت ئه‌و مانگه به‌ڕێبكه‌ین".
دیوانی وه‌قفی سونی له عیراق، هه‌ینی 24ی نیسانی وه‌ك یه‌كه‌م رۆژی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز دیاریكردووه.
"ره‌مه‌زان بێ مزگه‌وت و زیندوراگرتنی مەراسیمە ئاینییەکان چێژی تێدا به‌دیناكه‌ین بۆیه ماوه‌ی 48 كاتژمێر بۆ ته‌ندروستی داده‌نێین تا به بڕیاره‌كانیاندا بچنه‌وه و ده‌رگای مزگه‌وته‌كان بكه‌نه‌وه، چونكه ئێمه‌ش ده‌توانین به نزا و پاڕانه‌وه‌كانمان داوا له خوای گه‌وره بكه‌ین ئه‌م به‌ڵای كۆرۆنایه له‌سه‌رمان لابدات" مسته‌فا وای وت.
وه‌قفی سوننی له كه‌ركوك، له نوسراوێكدا داواكاری كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كانی ئاراسته‌ی ته‌ندروستی كردووه به زه‌نجیره‌یه‌ك رێكار، له‌وانه كردنه‌وه‌ی مزگه‌وت له كاتی نوێژه‌كان و دواتر داخستنی، نوێژكردن ته‌نیا له حهوشهكاندا بێت، رێگه نه‌درێت ئاوده‌سته‌كانی مزگه‌وت به‌كاربهێندرێن، رێگه به منداڵ و ژنان و كه‌سانی نه‌خۆشی درێژخایه‌ن نه‌درێت، رێگه به ته‌وقه‌كردن نه‌درێت، هه‌ر نوێژخوێنێك به‌رماڵی خۆی پێبێت.
سەباح نامیق، لێپرسراوی بەشی تەندروستی گشتی له تەندروستی کەرکوک به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه ترسمان لەهه‌ر کۆڕ‌و کۆبونەوەیه‌كی بەکۆمەڵ هەیە نەک دژایەتی مزگەوت و شوێنە پیرۆزەکان بکەین، پێشنیار‌و داواکارییەکانی گردبونەوەکە بەرز دەکەینەوە بۆ شانەی قەیران تا بڕیاری نوێی لەبارەوە بدەن".
هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه ناتوانن بڵێن ڤایرۆسی کۆڕۆنا له كه‌ركوك كۆنتڕۆڵكراوه، "به‌ڵكو هێشتا مەترسییەکان بەردەوامن و هه‌ر ئه‌وه‌ش بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغه".
داواكاری كردنه‌وه‌ی مزگه‌وته‌كان دوای ئه‌وه‌دێت له چه‌ند رۆژی رابردودا به بڕیاری شانه‌ی قه‌یران له كه‌ركوك قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به رۆژ هه‌ڵگیرا، ئه‌وه‌ش له كاتژمێر 6ی به‌یانی تا 6ی ئێواره، به‌ڵام به‌ده‌ر له هه‌ینی و شه‌ممان كه قه‌ده‌غه‌ی ته‌واو به‌رده‌وامده‌بێت.
تائێستا له پارێزگای كه‌ركوك 31 حاڵه‌تی توشبون به ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌بووه، له‌و ژماره‌یه 24 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه و دوو هاوڵاتیش گیانیانله‌ده‌ستداوه، له سه‌ر ئاستی عیراقیش توشبوانی ئه‌و په‌تایه گه‌یشتۆته هه‌زار و 631 كه‌س و زیاتر له نیوه‌یان چاكبونه‌ته‌وه.