400 فەرمانبەری گرێبەست لە كۆمپانیای نەوتی باكور، داوای جێبەجێكردنی بڕیاری دامەزراندنیان دەكەن بەشێوەی هەمیشەیی.
فەرمانگەی كارگێڕیی و دارایی وەزارەتی نەوتی عیراق، لە یەكی كانونی یەكەمی 2019 لەنوسراوێكیدا رەزامەندی نیشاندا بە دامەزراندنی 400 فەرمانبەری گرێبەستی كۆمپانیای نەوتی باكور بۆ هەمیشەیی. وەكو قۆناغی یەكەمیش ناوی 94 فەرمانبەر ئاشكراكرا. بەڵام بڕیارەكە جێبەجێنەكراوە.
بۆ ئەو مەبەستە، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى کۆمپانیاى نەوتی باكور، پێنجشەممە 23ی نیسان لەبەردەم كۆمپانیاكە لە گەڕەكی عەرفە لەكەركوك گردبونەویەكیان ئەنجامدا و داوای جێبەجێكردنی بڕیارەكەیان كرد.
حەیدەر عەلى، یەكێك لەو فەرمانبەرانەی كە چاوەڕێیە لەگرێبەستەوە بكرێتە هەمیشەیی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمە بۆ پێنجەمجارە ناڕەزایی نیشاندەدەن لەدژی جێبەجێنەكردنی بڕیارەكەی وەزارەتی نەوت... فەرمانى وەزارەت دەرچووە بۆ ئەوەى ببین بە هەمیشەیى، بەڵام جێبەجێناکرێت".
ئەمە بۆ پێنجەمجارە ناڕەزایی نیشاندەدەن لەدژی جێبەجێنەكردنی بڕیارەكەی وەزارەتی نەوت
وتیشی "پێویستە حکومەت وەکو هەنگاوى یەکەم ئەوانەى گرێبەستن بکات بە هەمیشەیی، پاشان بیر لە دامەزراندنى نوێ بکاتەوە".
(كەركوك ناو)، نەیتوانی هیچ زانیارییەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور وەربگرێت سەبارەت بە جێبەجێنەكردنی بڕیارەكە و هیچ لێپرسراوێكیان ئامادەنین لەوبارەیەوە لێدوان بدەن. هەروەها هیچ نوێنەرێكیان بەدەم داواكاریی بەشداربوانی گردبونەوەكەوە نەهاتن.
واسق ئەنوەر، یەكێكی تر لە فەرمانبەرانی گرێبەست، وتی "زیاتر لە پێنج ساڵە بەشێوەی گرێبەست فەرمانبەرم و دەمەوێت بكرێینە هەمیشەیی، بەگشتی 400 كەسین و چاوەڕێی بڕیاری كۆمپانیای نەوت دەكەین".
وەزارەتی نەوت، وەك قۆناغی یەكەم لەكۆتایی ساڵی 2019 ناوی 94 فەرمانبەری گرێبەستی راگەیاند بۆ ئەوەی بكرێنە هەمیشەیی، بەڵام بڕیارەكە جێبەجێنەكراوە.