پۆلیسی كەركوك تەرمی فەرمانبەرێكی گەنجی 27 ساڵی لەناو سندقی ئۆتۆمبێلەكەیدا دۆزییەوە، دوای ئەوەی تیمێكی پۆلیسی بەڵگەو تاوان لە بونی ئۆتۆمبێلێكی گوماناوی ئاگاداردەكرێنەوە.
روداوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسان رویدا، لە گوندی باشبڵاخ لەسەر رێگای كەركوك – سلێمانی. گەنجەكە ناوی هاوڕێ بەختیار مەحمودە و 27 ساڵە.
هاوڕێ بەختیار، بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی پۆلیس كە ئاگاداری روداوەكەیە، فەرمانبەرە لە یەكێك لە كۆمپانیا نەوتییەكانی كەركوك، دانیشتوی گەڕەكی ئیسكانی شارەكەیە.
سەرچاوەكە جەختیكردەوە "پۆلیس لە بونی ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵی رەش لە گوندی باشبڵاخ ئاگادار كرایەوە، سەرەتا هێزەكانی بەڵگەو تاوان وایانزانیوە بۆمبڕێژكراوە، بەڵام دواتر دەركەوت تەرمی گەنجێك لەناو سندوقی ئۆتۆمبێلەكەیدایە و جێهێڵدراوە كە ئۆتۆمبێلی خۆیەتی".
هاوڕێ بەختیارە خێزاندارە و باوكی منداڵێكە. پۆلیس لە لێكۆڵینەوەی زیاتردایە.
ناوبراو بەشی فیزیای لە كۆلێژی زانستی زانكۆی كەركوكی تەواوكردووە.