خانەقین شانازی بە ژینگەكەیەوە دەكات

خانەقین/ ناوچەی كۆرنیش، یەكێك لەشوێنە گەشتیارییەكان فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

لەیلا ئەحمەد

حكومەت و خەڵك لە خانەقین پێكەوە ژینگەی شارەكەیان تاڕادەیەكی باش بە پاكی راگرتووە، رێژەی سەوزاییان "بۆ لەسەدا 16 بەرزكردۆتەوە" و لە هەوڵی زیاتركردنیدان. بەوهۆیەوە دەتوانن ئێستا هەوایەكی پاكتر هەڵمژن.

خانەقین رەنگە یەكەم شار بێت لە تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك، كە خەڵكەكەی بەتەواوی رازین لە ژینگەكەیان، ساڵانە هەڵمەتی چاندنی نەمام بەڕێوەدەچێت. ئاستی هۆشیاریی خەڵك بۆ پاكڕاگرتنی ژینگەكەیان لە ئاستێكی بەرزدایە.

حەسەن محەمەد ئەمین، دانیشتوی گەڕەكی تۆڵەفرۆشت لە خانەقین، یەكێكە لەو هاوڵاتییانەی شانازی بە ژینگەكەیەوە دەكات، وتی "شارەوانی زۆر باش كاردەكەن بۆ ژینگەی شارەكە. دار و درخت دەڕوێنن و بە پاک و خاوێنى شارەکەیان راگرتووە، لەڕاستیدا هاوڵاتیانى خانەقینیش پاک و خاوێنن و حەزیان لەسەوزایی هەیە، هەر یەکە لەخێزانەکان درەخت و باخیان لەبەردەم ماڵەكانیان هەیە و خزمەتی دەكەن".

"ئێمە هەوایەكی پاك و خاوێن هەڵدەمژین و ژینگەی شارەكە بە بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوبەر فێنك و ناو شار دڵڕفێنترە"، حەسەن محەمەد وایوت.

xanaqinn. dashti.jamal
خانەقین/ دیمەنێكی شار. فۆتۆ: دەشتی جەمال

بەپێی ئامارێكی شارەوانی خانەقین، رێژەی سەوزایی لە قەزاكە لەسەدا 16یە، ئەوەش زیاترە لە ستانداردی جیهانی كە پێویستە لەسەدا 10 بۆ 15 بێت. ئەو رێژەیەش دەكەوێتە سەر ژینگەی وڵاتەكە.

لە دوو ساڵی رابردودا بونی رێژەی سەوزایی زیاتر بوو، چونكە لەم دوو ساڵەدا لانیكەم 40 باخی گەورەی دەوروبەری خانەقین لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە سوتێنران و دارو درەختی چەند گوندێكیش بە هەمان شێوە.

حەسەن محەمەد وتی "هەواو ژینگەكەمان ئەو دوو ساڵە لەئێستاش باشتر بوو، دەبێت هەوڵی باشتركردنی بدەین".

ساڵانە هاوڵاتیانی خانەقین هاوشانی حكومەت هەڵمەتى چاندنی نەمام ئەنجامدەدەن. بەگشتی خەڵك و حكومەت ساڵانە لە سەروی شەش هەزار نەمام دەچێنن، هەر بەپێی ئامارەكەی شارەوانی.

هیشام پاڵەوان، دانیشتویەكی تری خانەقین، وتی "ئێمە دڵخۆشین كە بە هەوڵی خۆمان و شارەوانیش دەتوانین هەوایەكی تەندروست هەڵمژین. دەبێت ئەو راستییە بزانرێت كە ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی لای خەڵكی خانەقین بەرزە و گرنگی زۆر بە ژینگەدەدەن".

دەتوانین هەوایەكی تەندروست هەڵمژین

هیشام ساڵانە، بەشداریی دەكات لە هەڵمەتەكانی چاندنی نەمام و لە ماڵەكەی خۆیشی باخێكی بچوكی هەیە و دارى پرتەقاڵ، ترێ، هەنار و خورمای چاندووە.

لە قەزای خانەقین دوو شارەوانی لەخزمەتتان، یەكێكیان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەوەی تر سەر بە حكومەتی فیدراڵییە.

سۆران عەلی، بەڕێوەبەرى شارەوانى _ حكومەتی هەرێم _ ، دەڵێت بەشێكی پاكڕاگرتنی شارەكە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ساڵانێكە پاڵاوگەكان لەناو شار نەهێڵدراون و براونەتە دەرەوەی قەزاكە و كاریگەرییان لەسەر ژینگەی ناو شار نییە. كۆمپانیاكانیشی نەوتیش لانیكەم 30 بۆ 40كم لە شارەوە دورن.

وتیشی "ساڵ هەبووە لە یەك هەڵمەتی نەمام چاندندا 12 هەزار نەمان چێنراون، ساڵانەش لە هەردوو وەرزی بەهار و پایز، ئەو هەڵمەتانەمان هەیە و خوێندنگە و فەرمانگەكانیش بەشداریی دەكەن".

لانیكەم لەناو شاری خانەقین 10 باخی گەورە هەیە، بەشێك لەباخەكان زیاتر لە 10 دۆنم زەوی دەبێت.

xanaqin.kamaran
خانەقین/ گرفتێك كە روبەڕوی ژینگەی شارەكە بۆتەوە كەمی باخەوان و كرێكارە فۆتۆ: كامەران خورشید

بەڵام گرفتێك كە روبەڕوی رێژەی سەوزایی و ژینگەی خانەقین بۆتەوە، كەمی باخەوان و كرێكارە بۆ خزمەتكردنی نەمام و سەوزایی شارەكە.

بۆ نمونە لە شارەوانییەكەی سەر بە حكومەتی هەرێم تەنیا 32 باخەون و دوو كرێكار خزمەت دەكەن، لەكاتێكدا بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كە بەهۆیەوە دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی بۆ ناوچەكانی جێناكۆك گەڕایەوە، 102 باخەوان و 12 كرێكار بون.

سۆران عەلى، وتی "داوامان كردووە گرێبەستمان لەگەڵ 200 كرێكاردا بۆ بكەن تا خزمەتی ژینگە و نەمامەكان بكەن، ئەگەر ئەو داوایە جێبەجێبكرێت، ژینگەی خانەقین زۆر باشتر دەبێت".

بەپێی راسپاردەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، هەر كەسێك لەناو شاردا پێویستی بە نۆ مەتر چوارگۆشە هەیە. ئەگەرخانەقین نەگاتە ئەم رێژەیەش هێشتا خەڵكەكەی دەتوانن شانازی بە ژینگەكەیانەوە بكەن بە بەراورد لەناوچەكانی تری عیراق. چونكە لە پارێزگایەكی وەكو كەركوك و بەپێی راپۆرتێكی پێشوی (كەركوك ناو) رێژەی سەوزایی لەسەدا چوار تێپەڕناكات.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT