له پارێزگا و ناوچه‌كانی جێناكۆك، ته‌نیا پێنج توشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا له نه‌خۆشخانه‌كاندا ماونه‌ته‌وه و ئه‌وانیش باری ته‌ندروستییان جێگیره.
پارێزگای كه‌ركوك، له ناوچه‌كانی جێناكۆكدا زۆرترین توشبوی به كۆرۆنا هه‌بووه، كه 31 حاڵه‌ت بووه و ئێستا ته‌نیا پێنج كه‌س له نه‌خۆشخانه ماونه‌ته‌وه.
به‌پێی ئاماره‌كانی ته‌ندروستی كه‌ركوك، له‌و 31 حاڵه‌ته‌ی كۆرۆنا، 24 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه و دوو كه‌سیش گیانیانله‌ده‌ستداوه.
زیاد خه‌ڵه‌ف، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی كه‌ركوك به وه‌كاله‌ت ده‌ڵێت ئێستا نزیكه‌ی 200 كه‌س له كه‌ره‌نتینه‌دان، دوای گه‌ڕانه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه، له‌و ژماره‌یه‌ش 128 كه‌س له ئوتێل پلازا و 46یان له كه‌ی وه‌ن-ن.
تۆماركردنی توشبونی یه‌كه‌م هاوڵاتی عیراقی به كۆرۆنا له 25ی شوباتی رابردودا بوو له كه‌ركوك.
نه‌ینه‌وا، كه دوایین پارێزگا بوو كۆرۆنای پێگه‌یشت، تائێستا شه‌ش حاڵه‌تی تۆماركردووه و به‌پێی ئاماره‌كانی ته‌ندروستی پارێزگاكه، پێنج كه‌سیان چاكبونه‌ته‌وه و ته‌نیا یه‌ك توشبوو له نه‌خۆشخانه ماوه.
توشبوه‌كانی نه‌ینه‌وا، هیچ یه‌كێكیان نیشته‌جێی قه‌زا و ناحیه‌كانی جێناكۆكی پارێزگاكه نه‌بون.
هێشتا رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزی له موسڵ به‌رده‌وامی هه‌یه و له چه‌ند رۆژی رابردودا، نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به كۆرۆنا كرایه‌وه، كه 81 قه‌ره‌وێڵه له خۆده‌گرێت و ده‌یان هاوڵاتی تێدا كه‌ره‌نتینه ده‌كرێن.
له پارێزگای دیاله، ته‌واوی توشبوانی كۆرۆنا چاكبونه‌ته‌وه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه ماڵه‌وه، له نێویاندا ته‌نیا توشبوه‌كه‌ی قه‌زای خانه‌قین.
به‌پێی ئاماره‌كانی ته‌ندروستی دیاله، 18 توشبوی كۆرۆنا هه‌بوو، له‌و ژماره‌یه 15 كه‌س چاكبونه‌وه و سێ هاوڵاتیش گیانیانله‌ده‌ستدا.
سەلام ئەسعەد، لێپرسراوی شانەی قەیرانەکان لە کەرتی تەندروستی خانەقین وتی "ئەو ئافرەتەی تووشی کۆرۆنا بوو لە گوندی کەشکوڵی قەرەتەپه چاکبۆته‌وه و چەند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر نەخۆشخانەی بەجێھێشت".
قه‌زای دوزخورماتوو، ته‌نیا ناوچه‌ی جێناكۆك له سه‌ڵاحه‌دین هیچ حاڵه‌تێكی كۆرۆنای تێدا تۆمارنه‌كرا، به‌ڵام له شاره‌كانی تری پارێزگاكه‌دا سێ توشبوو هه‌بون و یه‌كێكیان چاكبۆته‌وه.
حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و شانه‌ی قه‌یران له پارێزگاكان، له سه‌ره‌تای گه‌یشتنی كۆرۆنا، زنجیره‌یه‌ك رێكاریان گرته‌به‌ر له نێویاندا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، كه تائێستاش به شه‌وان و رۆژانی هه‌ینی و شه‌ممان به‌رده‌وامی هه‌یه.
له‌سه‌ر ئاستی عیراق ژماره‌ی توشبوان به كۆرۆنا گه‌یشتۆته هه‌زار و 736 كه‌س، له نێویاندا 1224 حاڵه‌تی چاكبونه‌وه و 86 مردن به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه تۆماركراون.