ژماره‌یه‌ك له ئاواره‌كانی نیشته‌جێی خانه‌قین، گردبونه‌وه و خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی سازده‌كه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی گۆڕانكاری له ئیداره‌دانی كه‌مپه‌كاندا بێكاربون.
له قه‌زای خانه‌قینی پارێزگای دیاله، 800 خێزانی ئاواره له هه‌ردوو كه‌مپی ئه‌ڵوه‌نی یه‌ك و دوو نیشته‌جێكراون و زۆرینه‌ش نایانه‌وێت له ئێستادا بۆ ناوچه‌كانی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه، به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق.
عه‌لی غازی ئاغا، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران له خانه‌قین به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌شێك له ئاواره‌كان ژیانی لێره سه‌قامگیره، جێگیربون و نایانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه، بونه‌ته خاوه‌نی كار و كاسبیش".
به‌وته‌ی ناوبراو زۆرینه‌ی ئاواره‌كان خه‌ڵكی شاره‌كانی شاره‌بان، سه‌عیده، جه‌له‌ولان و له شه‌ڕی داعشدا زیانی زۆر به‌ر ماڵ و خانوه‌كانیان كه‌وتوه.
به‌شێك له‌و ئاوارانه‌ی ساڵانێكه له نێو كه‌مپه‌كاندا ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنیان پێدراوه، له هه‌فته‌كانی رابردودا بێكار بون.
له گۆڕانكاری ئیداره‌ی كه‌مپه‌كه‌دا خه‌ڵكی تر له ده‌ره‌وه هێنراوه و دامه‌زرێنراون
خالید عەدنان، پێشتر لە ئیدارەی كەمپێكی خانه‌قین فه‌رمانبه‌ر بووه و ئێستا بێكاره، ئه‌و ده‌ڵێت "رێكخراوێكی بیانی هاتووە و ئیدارەی كەمپی وەرگرتووە، به‌ڵام رێژەیەكی زۆری ستافی ئیدارەی لە دەرەوەی كەمپە هێناوه".
دانیشتوانی كه‌مپه‌كانی خانه‌قین دژی ئه‌و رێكخراوه و بێكاربونیان ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیووه.
"ئێمه نوێنه‌ری هه‌موو پێكهاته‌كانین و شاره‌زایی ته‌واومان له ئیداره‌دانی كه‌مپ و مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌یدا هه‌یه بۆیه ده‌مانه‌وێت له ستافی نوێی ئیداره‌دانیدا دابمهزرێیین" خالید وای وت.
ئیداره‌دانی كه‌مپه‌كانی خانه‌قین، به‌پێی رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی دیاله راده‌ستی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی بلومۆنت (Blumont) كراوه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له‌و رێكخراوه به (كه‌ركوك ناو)ی وت كه لێكتێنه‌گه‌یشتن و كێشه هه‌بووه له نێوان ئه‌وان و خه‌ڵكی كه‌مپه‌كه‌دا،"ئێستا لە ھەوڵی چارەسەری كێشه‌كه‌داین و گفتوگۆی بەردەواممان ھەیە له‌گەڵ ستافی ئیدارە و خەڵکەکەیشدا".
ئه‌و كێشه‌یه هاوكاته له‌گه‌ڵ چه‌ند گرفتێكی تری ئاواره‌كان له نێویاندا كه‌مبونه‌وه‌ی هاوكاری فریاگوزاری رێكخراوه‌كان له كاتێكدا به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و ڤایرۆسی كۆرۆناوه نزیكه‌ی دوو مانگه رێگه‌ی چونه ده‌ره‌وه و كاركردنیان لێگیراوه.
به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كۆچ ده‌ڵێت ئه‌و رێكخراوه هیچ كه‌سێك له ئیداره‌ی پێشوی كه‌مپه‌كه دانهمهزراندۆتهوه و ئه‌وانه‌ی ئه‌ركیان پێدراوه خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپن، عه‌لی غازی وتی "ئێمه ئاگاداری گرێبه‌ستی ئه‌و رێكخراوه و ورده‌كارییه‌كه‌ی نین".
هه‌ر كه‌مپێكی ئاواره ئیداره‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه كه له به‌ڕێوه‌به‌ر و ژماره‌یه‌ك كارمه‌ند پێكهاتون و به‌شێكیشیان به خۆبه‌خشی كارده‌كه‌ن.
میساق عەبدولحەمید، بەڕێوبەری كەمپی ئەڵوەنی یه‌ك به (كه‌ركوك ناو)ی وت ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی بێكاربون به‌درێژایی پێنج ساڵی رابردو له‌و كه‌مپه‌دا كارده‌كه‌ن و خۆیان نیشته‌جێی كه‌مپه‌كه‌ن، بۆیه داواده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ركار و پێویستیشه گوێیان لێبگیرێت.