چه‌كدارێكی خۆكوژ به پشتوێنی بۆمبڕێژكراوه‌وه، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له به‌رده‌م باره‌گای هه‌واڵگری كه‌ركوك خۆی ته‌قانده‌وه و به‌هۆیه‌وه چوار كه‌س له نێویاندا ئه‌فسه‌رێك برینداربون.
روداوه‌كه‌ی كاتژمێر 10:45 خوله‌كی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 28ی نیسان بوو، له به‌رده‌م ده‌رگای سه‌ره‌كی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری و نه‌هێشتنی تيرۆر له گه‌ڕه‌كی قادسیه‌ی ناوشاری كه‌ركوك.
جه‌وده‌ت عه‌سافی، لێپرسراوی راگه‌یاندنی لیوای 16ی حه‌شدی باكور به (كه‌ركوك ناو)ی وت "چه‌كدارێكی خۆكوژ به پشتوێنی بۆمبڕێژكراوه‌وه ویستویه‌تی هێرشبكاته سه‌ر هه‌واڵگری، كاتێك هێزه‌كانی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه روبه‌ڕوی بونه‌ته‌وه، ئه‌و چه‌كداره ته‌قیوه‌ته‌وه".
له‌و ته‌قینه‌وه خۆكوژییه‌دا؛ چوار كارمه‌ندی هه‌واڵگریی كه‌ركوك كه یه‌كێكیان ئه‌فسه‌ره برینداربون.
لێپرسراوه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێت پێشتر زانیاری هه‌واڵگری له‌سه‌ر هێرشه‌كه و ئامانجه‌كه‌ی لای هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌بووه.
هاوكات شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، خۆكوژێك له به‌رده‌م ده‌روازه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری و نه‌هێشتنی تیرۆر له كه‌ركوك خۆی ته‌قاندۆته‌وه و به‌هۆیه‌وه، دوو كارمه‌ندی ئه‌منی برینداربون.
له سه‌ره‌تای روداوه‌كه‌دا، وابڵاوكرایه‌وه ژماره‌ی خۆكوژه‌كان سێ كه‌س بون و یه‌كێكیان توانیویه‌تی هه‌ڵبێت.
سه‌رچاوه‌یه‌كى هه‌واڵگری له سه‌روبه‌ندی روداوه‌كه‌دا به (كه‌ركوك ناو)ی راگه‌یاند دوو چه‌كدار به ئۆتۆمبێلێكی جۆری (BMW)ی ره‌نگ ره‌ش گه‌یشتونه‌ته به‌رده‌م باره‌گای هه‌واڵگری و كاتێك هه‌وڵیانداوه بگه‌نه ده‌رگای سه‌ره‌كی ده‌زگاكه ته‌قه‌یان لێكراوه و یه‌كێكیان خۆی ته‌قاندۆته‌وه، ئه‌ویتر به‌هۆی ته‌قه‌كانه‌وه پشتوێنه بۆمبڕێژكراوه‌كه‌ی ته‌قیوه‌ته‌وه، به‌ڵام شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كه ده‌ستگیرنه‌كراوه و هه‌ڵاتووه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه وتی "ماوه‌ی 10 رۆژه زانیاریی هه‌واڵگری هه‌بووه له‌سه‌ر هێرشێكی هاوشێوه و ئامانجهكهشیان بۆ ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك ده‌ستگیركراو بووه".
لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی له پارێزگای كه‌ركوك، له راگه‌یه‌ندراوێكدا دڵنیایی ده‌داته هاوڵاتیان له سه‌قامگیری بارودۆخه‌كه و ئاماده‌یی هێزه‌كان بۆ راوه‌دونانی داعش.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه هێزه ئه‌منییه‌كان، زانیاریی پێشوه‌خته‌یان له‌سه‌ر هه‌وڵی ئه‌و خۆكوژه هه‌بووه بۆ چونه نێو باره‌كانی هه‌واڵگری، بۆیه روبه‌ڕوی بونه‌ته‌وه و پیلانه‌كه‌ی شكستیهێناوه.
ئه‌و ته‌قینه‌وه خۆكوژییه دوابه‌دوای زنجیره‌یه‌ك روداوی ئه‌منی له ناوچه جیاوازه‌كانی كه‌ركوك دێت.
هه‌ینی 24ی نیسان لە گەڕەكی عەسكەری كەركوك، هێزەكانی لیوای 61ی تایبەت سێ كەسیان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركرد، كە بەپێی سەرچاوەیەك بەنیازبون لە یەكەم رۆژی رەمەزاندا لەناو كەركوك په‌لاماری هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنییەكان بده‌ن.
له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا شانه‌یه‌كی نوستوی داعش ده‌ستگیركرا و ژماره‌یه‌ك چه‌ك ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا، ئەوەش له چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هێزه ئه‌منییه‌كاندا له سێ گه‌ڕه‌كی ناوشاری كه‌ركوك، به‌وته‌ی زیاد له سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ (كه‌ركوك ناو).
هێزه ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك، نزیكه‌ی دوو مانگه خراونه‌ته ئاماده‌باشییه‌وه، به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منی و ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا، له نێویاندا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ.
دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك به ده‌ست پۆلیسی خۆجێیی و لیوای 61ی فیرقه‌ی تایبه‌ته‌وه‌یه له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كاندا؛ له قه‌زا و ناحیهكانیشدا سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی جێگیرن.