"پێشمەرگە بەشداردەبێت"
باس لە پێكهێنانی فەرماندەییەكی نوێی ئۆپەراسیۆنەكان لە كەركوك دەكرێت

لیوای 2ی پیاده‌ی كه‌ركوكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ فۆتۆ: سایتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

سۆران محەمەد – کەرکوک

بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئۆپەراسیۆنێكی نوێی هاوبەش لە كەركوك دروستبكرێت و هێزەئەمنییەكانی هەرێم لە نێویاندا پێشمەرگە تیایدا بەشداربێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 28ی نیسان، بۆ ئەو مەبەستە لە بەغدا كۆبونەوەی هاوبەشی هێزەئەمنییەكانی عیراق و ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عیراق بەڕێوەچوو، تیایدا باس لە هەماهەنگی نوێ كرا لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق بۆ روبەڕوبونەوەی شەڕی داعش.

ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی بەرگریی و ئاسایش لە پەرلەمانی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت "لە كۆبونەوەكەدا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوكیش تیایدا بەشداربوو، داوای هەماهەنگی حكومەتی هەرێم کرا بۆ روبەڕوبونەوەی داعش لە پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك"، زیاتر وتی "لەداهاتودا هەنگاوی گرنگ بۆ ئەو بابەتە دەنرێت".

ناسر هەركی زیاتر وتی "لە ئایندەیەکی نزیکدا فەرماندەییەكی هاوبەشی نوێ لە کەرکوک دروستدەكرێت و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم و پێشمەرگەش رۆڵیان دەبێت لەو ژورەدا و بەشداردەبن".

لە ئایندەیەکی نزیکدا فەرماندەییەكی هاوبەشی نوێ لە کەرکوک دروستدەكرێت و پێشمەرگەش لەو فەرماندەییە بەشداردەبن

ئەو كۆبونەوەیە بە سەرپەرشتی حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەچوو و تیایدا جەختیكردۆتەوە پەلەبکرێت لە پێکهێنانی ژورێکی هەماهەنگی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەپێناو كەمكردنەوەی هێرش و پەلامارەكانی داعش.

ئەو هەوڵە نوێیە هاوكات بوو لەگەڵئەوەی چه‌كدارێكی خۆكوژ به‌ پشتوێنی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌، له‌ به‌رده‌م باره‌گای هه‌واڵگری كه‌ركوك خۆی ته‌قانده‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ چوار كه‌س له‌ نێویاندا ئه‌فسه‌رێك برینداربون.

taqinawa kirkuk (1)
كه‌ركوك، 28ى نيسانى 2020، جه‌سته‌ی ئه‌و چه‌كداره‌ خۆكوژه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ به‌رده‌م هه‌واڵگریدا خۆی ته‌قانده‌وه‌ فۆتۆ: ده‌زگای ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك

 

روداوه‌كه‌ كاتژمێر 10:45 خوله‌كی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی نیسان له‌ به‌رده‌م ده‌رگای سه‌ره‌كی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگریی و نه‌هێشتنی تيرۆر له‌ گه‌ڕه‌كی قادسیه‌ی ناوشاری كه‌ركوك رویدا.

شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، خۆكوژێك له‌ به‌رده‌م ده‌روازه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگریی و نه‌هێشتنی تیرۆر له‌ كه‌ركوك خۆی ته‌قاندۆته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌، دوو كارمه‌ندی ئه‌منی برینداربو.

هاوكات لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی له‌ پارێزگای كه‌ركوك، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا دڵنیاییدایه‌ هاوڵاتیان له‌ سه‌قامگیری بارودۆخه‌كه‌ و ئاماده‌یی هێزه‌كان بۆ راوه‌دونانی داعش.

ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌ دوابه‌دوای زنجیره‌یه‌ك روداوی ئه‌منی دێت له ناوچه‌ جیاوازه‌كانی كه‌ركوك.

هه‌ینی 24ی نیسان لە گەڕەكی عەسكەری كەركوك، هێزەكانی لیوای 61ی تایبەت سێ كەسیان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركرد، كە بەپێی سەرچاوەیەك بەنیازبون لە یەكەم رۆژی رەمەزاندا لەناو كەركوك په‌لاماری هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنییەكان بده‌ن.

له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگەشدا شانه‌یه‌كی نوستوی داعش ده‌ستگیركرا و ژماره‌یه‌ك چه‌ك ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا، ئەوەش له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا له‌ سێ گه‌ڕه‌كی ناوشاری كه‌ركوك، به‌وته‌ی زیاد له‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ (كه‌ركوك ناو).

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك، نزیكه‌ی دوو مانگه‌ خراونه‌ته‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌، به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منی و ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌ نێویاندا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ.

دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك به‌ ده‌ست پۆلیسی خۆجێیی و لیوای 61ی فیرقه‌ی تایبه‌ته‌وه‌یه‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كاندا؛ له‌ قه‌زا و ناحیه‌كانیشدا سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی جێگیرن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT