پەیامێک بۆ كازمی: "دەستکەوتەکان"ی 16ی ئۆكتۆبەر بپارێزە

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق فۆتۆ: نوسینگەی راگەیاندنی كازمی

كاروان ساڵحی – كەركوك

دوو لایەنی عەرەبی و توركمانی، داوا لە مستەفا کازمی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق دەكەن "دەستكەوتەكان"ی 16ی ئۆكتۆبەر بپارێزێت. هەروەها بۆ بەدەستهێنانی پۆستەكەش سازش لەسەر كەركوك نەكات. ئەو پەیامانە هاوكاتە لەگەڵ خواستی كورد بۆ گەڕانەوەی هێزەئەمنییەكان و بەهاوبەشی گرتنەدەستی دۆسییەی ئەمنی پارێزگاكە.

بۆچونی هەردوو لایەنی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو و حەرەكەی قەومی توركمانی، لەكاتێكدایە دەستپێكردنی جموجۆڵ و دانوستانەكانی مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق چۆتە قۆناغێكی یەكلاییكرەوە و تیایدا باس لە پرسی بەشداریكردنی هێزەئەمنییەكانی هەرێم لە نێویاندا پێشمەرگە دەكرێت لە دۆسییەی ئەمنی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك.

نازم شەمەری، جێگری سەرۆکی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو - لە ژمارەیەك حزب و لایەنی عەرەبی پێكهاتووە - بە (كەركوك ناو)ی وت "دەمانەوێت لێرەوە پەیامێك ئاراستەی مستەفا کازمی بكەین؛ با باش بزانێت کەرکوک بۆ فرۆشتن، سازشکردن و گێچه‌ڵپێکردن نییه‌ له‌لایه‌ن کورده‌وه‌، بەهەموو شێوەیەک هەر جۆرە رێکەوتنێك لەسەر كەركوك لەپرسی پێكهێنانی حكومەتدا رەتدەكەینەوە".

با باش بزانێت کەرکوک بۆ فرۆشتن، سازشکردن و گێچه‌ڵپێکردن نییه‌ له‌لایه‌ن کورده‌وه

"ئێستا شارەکە بە بارودۆخێکی ئەمنی زۆر باشدا تێپەڕدەبێت، نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ خاڵی سەرەتا، لەوانە رفاندنی خەڵك لەلایەن حزبە کوردییەكانەوە"، شەمەری وایوت.

wasfi.3asi
كەركوك/تەمموزی 2019/ كۆنگرەی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو/ وەسفی عاسی، سەرۆكی بەرەكە و كەسایەتی دیاری عەشیرەتی عوبەید لای راستی وێنەكەیە. فۆتۆ: كاروان سلحی 

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە دوو مانگی رابردودا زنجیرەیەك روداوی ئەمنی، تەقینەوە و هێرشی شانە نوستوەكانی رێكخراوی داعش لە پارێزگای كەركوك بەردەوامە و دۆخی ناوچەكە ئارام نییە و پۆلیس دوو مانگە لە حاڵەتی ئامادەباشیددایە.

هەروەها ژمارەیەك ئەندامی ئەو رێكخراوەش لەناو شاری كەركوك دەستگیركراون، كە بەپێی دانپێدانانەكانیان بڕیاربووە پشێوی بنێنەوە. ئەوەش ترسی خستۆتە نێو هێزە ئەمنییەكانی كەركوكەوە و چەند جارێك داوای هاوكارییان لە بەغدا كردووە.

دواین روداو، سێشه‌ممه‌ 28ی نیسان بوو، چه‌كدارێكی خۆكوژ به‌ پشتوێنی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌، له‌ به‌رده‌م باره‌گای هه‌واڵگری كه‌ركوك له‌ گه‌ڕه‌كی قادسیە خۆی ته‌قانده‌وە، به‌هۆیه‌وه‌ چوار كه‌س له‌ نێویاندا ئه‌فسه‌رێك برینداربون.

لەگەڵ ئەوەشدا، نازم شەمەری، وتی "پێویستە مستەفا كازمی دەستکەوتەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ بپارێزێت، چونکە مێژویەکی گرنگە و پیرۆزە بۆ ئێمەی عەرەب، هەر نوێنەرێکی عەرەب کەرکوک بکاتە خاڵی رێکكەوتن ئەوە بە خائین تۆماری دەکەین".

taqinawa kirkuk (2)
كه‌ركوك، 28ى نيسانى 2020، جه‌سته‌ی ئه‌و چه‌كداره‌ خۆكوژه‌ی له‌ به‌رده‌م هه‌واڵگریدا خۆی ته‌قانده‌وه‌ فۆتۆ: ده‌زگای ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك

 

خاوەندارێتی كەركوك لە نێوان هەولێر و بەغدا بە جێبەجێكرنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق بەستراوەتەوە و دەبوو حكومەتی عیراق لە ساڵی 2007دا بەسێ قۆناغ، ئاساییكردنەوە، راپرسیی و سەرژمێری خاوەندارێتییەكەی یەكلاییبكردایەوە، بەڵام ئەو پرسە هێشتا قۆناغی ئاساییكردنەوەی تێنەپەڕاندووە.

هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، لە ناوەڕاستی 2014ەوە دەسەڵاتی تەواویان لە پارێزگاكەدا هەبوو، بەڵام لە 16ی ئۆكۆتبەری 2017دا دوای گەڕانەوەی سوپای عیراق بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق. پێشمەرگە و هێزەئەمنییەكانی تری هەرێم پاشەكشێیان كرد و دەیان پێشمەرگە بەهۆی ئەو هێرشەوە گیانیان لەدەستدا.

لەوكاتەوە، حكومەتی عیراق تاكلایەنانە حكومی كەركوك و تەواوی ناوچەكانی تری جێنكۆك دەكات.

عەباس محەمەد بەیاتی، جێگری سەرۆکی حزبی حەرەکەی قومی تورکمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "تورکمان بەهیچ شێوەیەک قایلنابێت كەركوك لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی عیراقدا بگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی بەر لە 16ی ئۆكتۆبەر، پێویستە ئەو دەستکەوتانەی حەیدەر عەبادی لە سەپاندنی یاسادا بەدەستی هێنا بپارێزرێت".

پێویستە ئەو دەستکەوتانەی حەیدەر عەبادی لە سەپاندنی یاسادا بەدەستی هێنا بپارێزرێت

"سەپاندنی یاسا"، مەبەست لێی ئەو ئۆپەراسیۆنە بوو، كە بەهۆیەوە هێزە عیراقییەكان بۆ تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوە.

چەند جارێك لایەنە كوردییەكان، داوایانكردووە، ناوچەكانی جێناكۆك بە هاوبەشی لەنێوان هەرێم و حكومەتی عیراق بەڕێوەببرێن، بەڵام هێشتا ناڕوونە ئەو پرسە لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتدا چۆن دەبێت.

kirkuk 2020-7
كەركوك/نیسانی 2020/ دیمەنێكی شار لەكاتی قەدەغەی هاتوچۆدا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە فۆتۆ: ماروان ساڵحی

لەگەڵ ئەوەشدا،  28ی نیسان كۆبونەوەیەكی باڵای ئەمنی لە عیراق بەسەرپەرشتی حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەچوو و تیایدا داواكراوە فەرماندەییەكی نوێ لە كەركوك دروستبكرێت و پێشمەرگە و هێزەئەمنییەكانی هەرێمیش تیایدا بەشداربن، ئەوەش بەوتەی ناسر هەركی، ئەندامی كورد لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عیراق.

ناسر بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "ئەو فەرماندەییە بۆ روبەڕوبونەوەی داعش دەبێت و لە ئایندەیەكی نزیكدا هەنگاوی بۆ دەنرێت"، بەوەش كەركوك هێزی هاوبەشی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵی تیادا جێگیردەبێت.

نازم شەمەری، سورە لەسەر بوچونەكەی و پەیامێكی بۆ كورد هەیە و دەڵێت "پێویستە کورد ئەوە بزانێت کە لایەنی ئەمنیی و سیاسی شاری کەرکوک هێڵی سورە، تەنیا دەبێت بەدەستی حکومەتی فیدراڵییەوە بێت".

ئەو بۆچونە لەكاتێكدایە بەپێی دەستوری عیراق، تا یەكلایبونەوەی خاوەندارێتی پارێزگاكە لەنێوان هەرێم و ناوەند، هەردولا دەتوانن بەهاوبەشی ناوچەكە بەڕێوەببەن، بەڵام لەژێر فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق.

kirkuk-xopishandan
كەركوك/2019/ خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە هۆز و عەشیرەتە عەرەبییەكان دژی دەنگۆی رێككەوتنی نێوان یەكێتیی و پارتی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار لە عەرەب فۆتۆ: كاروان ساڵحی

 

مسته‌فا كازمی، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عیراق، لە 9ی نیسان، به‌ پشتگیری زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ شیعه‌، كورد و عه‌ره‌بی سونه‌ له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیران راسپێردرا.

كازمی 10 رۆژی تری لەبەردەمدا ماوە، تا پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی بۆ متمانه‌پێدان بخاته‌ به‌رده‌م ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT