چنار مستۆ زۆر به غه‌می خۆپارێزییهوهیه له كۆرۆنا، به‌ڵام ده‌ستی به پێداویستییه ته‌ندروستییه‌كان ناگات؛ هه‌ر جارێكیش ده‌چێته بنكه بچوكه ته‌ندروستییه‌كه‌ی ناو كه‌مپ بۆ ده‌مامك و ده‌ستكێشی پزیشكی، به ده‌ستی به‌تاڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
"له ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا دوجار چومه بنكه‌ی ته‌ندروستی كه‌مپ، داوای ده‌مامك و ده‌سته‌وانه (ده‌ستكێش)ـم كرد، وتیان نیمانه، بڕۆ له ده‌ره‌وه بیكڕه" چنار وای وت.
ئه‌وه‌ی غه‌می ئه‌و ژنه (21 ساڵ)ـه‌ی زیاتر كردووه، وه‌ك له بنكه تهندروستییهكهدا پێداویستییه‌كانیان دەستناکەوێت، ناتوانن له ده‌ره‌وه‌ش بیكڕن، چونكه نزیكه‌ی دوو مانگه كه‌مپی ئاواره‌كان به‌روی ئاوه‌دانیدا داخراون.
چنار كه پێنج ساڵه نیشته‌جێی كه‌مپی شاریایه له دهۆك، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له ناو كه‌مپدا زۆر به زه‌حمه‌ت پێداویستی خۆپارێزیمان ده‌ستده‌كه‌وێت و رێناده‌ن بچینه ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ وه‌ك خه‌ڵكی تر له ده‌رمانخانه‌كاندا بیكڕین".
ته‌نیا بڕێك مادده‌ی پاكژكهرهوهمان پێدرا كه به‌شی دوو هه‌فته‌ی نه‌كرد
زۆرینه‌ی ئاواره‌ی نیشته‌جێی كه‌مپه‌كان، له كاتێكدا به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه له هه‌موو كار و كاسبییه‌ك دابڕاون، هاوكاری ژمارەیەکی زۆر له رێكخراوه‌كانیان پێناگات، روبه‌ڕوی كه‌م خۆراكی و کەمی پێداویستی تری رۆژانه‌ش بونه‌ته‌وه.
"ته‌نیا جارێک كارتونێكی بچوكمان پێدرا كه چه‌ند مادده‌یه‌كی پاکژكهرهوهی تیێدابوو، ئه‌وه‌ش به‌شی دوو هه‌فته‌ی كرد" به‌وته‌ی چنار مستۆ.
به‌پێی بڕیار و رێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، ته‌واوی كه‌مپی ئاواره‌كان به‌روی ده‌ره‌وه‌یاندا داده‌خرێن، تا خه‌ڵك تێكه‌ڵی یه‌كتری نه‌بن و له خێوه‌ته‌كاندا بمێننه‌وه، به ئامانجی خۆپارێزی له كۆرۆنا و رێگری له گه‌يشتنی ئه‌و ڤایرۆسه بۆ نێو كه‌مپه‌كان.
سه‌عدوڵا عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی ئیسیان له شێخان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "یه‌ك بنكه‌ی ته‌ندروستیمان هه‌یه، كێشه‌ی كه‌می ده‌رمان و پێداویستی ته‌ندروستی له‌نێو كه‌مپدا زۆره، له سه‌ره‌تای بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆناوه نه‌مانتوانیوه ده‌مامك و ده‌ستكێش دابه‌شبكه‌ین و ده‌بێت ئاواره‌كان خۆیان بیكڕن"
ناوبه‌ناو هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه و رشتنی ده‌رمان له ناو كه‌مپ و خێوه‌تی ئاواره‌كاندا ده‌كرێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپه‌كه ده‌ڵێت له‌لایه‌ن نوسینگه‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانه‌وه چوار جار مادده‌ی پاككه‌ره‌وه‌یان پێدراوه تا دابه‌شبكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئامۆژگاری و رێنمایی خۆپارێزی به ئاواره‌كان ده‌ده‌ن.
به‌پێی ئاماره‌كانی ئه‌مساڵی وه‌زاره‌تی كۆچ، له كۆی 184 كه‌مپی ئاواره، هێشتا 86 كه‌مپ له پارێزگاكانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان ئاواره‌ی تێدا ده‌ژی.
عه‌دنان حه‌جی (29 ساڵ)، ده‌رچوی به‌شی په‌رستیاری په‌یمانگه‌یه و له‌گه‌ڵ هاوڕێیهكانیدا، گروپێكیان پێكهێناوه بۆ دروستكردنی ده‌مامك و دابهشبكردنی بێبه‌رانبه‌ر به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا.
ئه‌و گروپه له كه‌مپی قادیان له دهۆك، به هاوكاری رێكخراوی (داك) پێداویستییه‌كانیان له قوماش، لاستیك و ده‌رزی بۆ دابینكراوه، رۆژانه 250 تا 300 ده‌مامك دروستده‌كه‌ن.
"كاری ئێمه شه‌و و رۆژی بۆ نییه، ده‌مانه‌وێت زیاتر هه‌وڵبده‌ین تا بتوانین لانیكه‌م 20 هه‌زار ده‌مامك دروستبكه‌ین، چونكه خه‌ڵكێكی زیاتر پێویستیه‌تی" عه‌دنان بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
خه‌ڵكی وه‌ك ئێمه له هه‌موو مافێك بێبه‌شن
وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران، شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی پێكهێناوه، تا هه‌رچۆنێك بێت بتوانن له قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆشدا خۆراك و به‌شێك له پێداویستی تر به ئاواره‌كان بگه‌یه‌نن.
عیدۆ فه‌یسه‌ڵ، خه‌ڵكی ناحیه‌ی گرعوزێره له شنگال و ئێستا له خانویه‌كی ته‌واونه‌كراوی ده‌ره‌وه‌ی دهۆك ده‌ژی، ئه‌و كه باوكی 9 منداڵه و له بارێكی سه‌ختی بژێویدا تێده‌په‌ڕێت، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "خه‌ڵكی وه‌ك ئێمه له هه‌موو مافێك بێبه‌شن، هیچمان پێنه‌دراوه، له‌سه‌ر خه‌رجی خۆمان ئه‌وه‌ی توانیومانه له ده‌مامك، ده‌ستكێش و هه‌ندێك مادده‌ی پاككهرهوهمان كڕیووه".
به‌بڕوای عیدۆ، جیاوازی زۆره له نێوان ئاواره‌كان و خه‌ڵكی تری شارۆچكه و شاره‌كاندا له‌روی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستییه‌وه، ئه‌وان لانیكه‌م ده‌ستیان به پێداویستییه‌كانی خۆپارێزی ده‌گات به‌ڵام كه‌س له حاڵی ئاواره‌كان ناپرسێت.
به‌پێی راپۆرتێكی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، كه نیسانی ئه‌مساڵ بڵاویكردۆته‌وه، ملیۆنێك و 400 هه‌زار ئاواره‌ی عیراقیی به‌هۆی كۆرۆناوه له به‌رده‌م مه‌ترسیدان.
جاسم حه‌مادی، بریكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق له‌و راپۆرته‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كاندا ده‌ڵێت ئه‌و شوێنانه‌ی چڕی دانیشتوانی هه‌یه، له نێویاندا كه‌مپ و كۆمه‌ڵگه زیادەڕۆکان، به زه‌حمه‌ت ده‌ستیان به خزمه‌تگوزاریی و چاودێری ته‌ندروستی ده‌گات، بۆیه زیاتر روبه‌ڕوی مه‌ترسی كۆرۆنا ده‌بنه‌وه.
توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا له عیراق گه‌یشتۆته نزیكه‌ی دوو هه‌زار كه‌س، به‌ڵام ته‌نیا یه‌ك توشبوو له كه‌مپ تۆماركراوه، ئه‌ویش په‌نابه‌رێكی كوردستانی سوریایه و له كه‌مپی داره‌شه‌كران له هه‌ولێر نیشته‌جێیه.
ئیسماعیل محه‌مه‌د، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری ئاواره‌كان و په‌نابه‌ران جه‌ختیكرده‌وه له به‌رده‌وامی رێكاره‌كانی خۆپارێزی و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له كه‌مپه‌كاندا، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌موو رێكارێكی پێویستمان گرتۆتەبەر، به‌ڵام ناتوانین بڵێین مه‌ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر كه‌مپ نییه".
له‌ناو كه‌مپی ئاواره‌كاندا، ته‌نیا بنكه‌ی بچوكی ته‌ندروستی یان گه‌ڕۆك هەن لەگەڵ ژماره‌یه‌كی كه‌م له کارمەندی پزیشكی، بێ هیچ نه‌خۆشخانه و كردنه‌وه‌ی به‌شێكی تایبه‌ت به له‌خۆگرتن یان چاره‌سه‌ری توشبوانی كۆرۆنا.
وه‌زاره‌تی كۆچ ناوبه‌ناو ده‌مامك یان ده‌ستكێش به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا دابه‌شده‌كات، به‌ڵام پێداویستی هه‌موو دانیشتوانی كه‌مپه‌كان پڕناكاته‌وه.
ناتوانین بڵێین مه‌ترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر كه‌مپی ئاواره‌كان نییه
عولیا حسێن به‌زاز، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی هه‌رێمی كوردستان له وه‌زاره‌تی كۆچ ده‌ڵێت 33 هه‌زار ده‌مامكی پزیشكی‌یان له پێنج كه‌مپی هه‌ولێر دابه‌شكردووە، ئه‌وه‌ش به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێك كه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بڵاوكراوه‌ته‌وه.
كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران (UNHCR)، له‌رێی پڕۆژه‌یه‌كه‌وه، بڕه پاره‌ی دیاریكراوی كاش ده‌داته 110 هه‌زار خێزان له ئاواره و په‌نابه‌ران، تا بتوانن كەلوپەلە تەندروستییە بنەڕەتییەكانی خۆپارێزی بكڕن.
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی ئه‌و رێكخراوه كه له نیسانی ئه‌مساڵدا بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاواره‌كان كه نیگه‌رانی خێزانهكانیانن، كه‌لوپه‌لی پێویستیان نییە بۆ خۆپارێزی و ئه‌و پاره‌یه بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان دابیندەکەن.
له هه‌موو عیراقدا (ناوه‌ڕاستی 2014 تا كۆتایی 2017) هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی چه‌كداریی، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره كرد كه ده‌یكرده سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوان، كه تا ئێستا ژمارەیەک زۆریان له‌به‌ر نه‌بونی خزمه‌تگوزاری و خراپی بارودۆخی ئه‌منی بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.