بەغداد دەکوڵێت و هەولێر بێدەنگە

سلێمانی/ 2015، خۆپیشاندانی چین و توێژە جیاوازەكان دژی بێكاریی و پێنەدانی موچەی فەرمانبەران و خزمەتگوزاریی فۆتۆ: زمناكۆ ئیسماعیل

ئارا ئیبراهیم

بەغداد دەکوڵێت و هەرێمی کوردستان بێدەنگە. خۆپیشاندانەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق بارودۆخێکی نوێ و راگوزەریان لە وڵاتدا هێنایەکایەوە، بەڵام ئەو خۆپیشاندانانە نەگوازرانەوە هەرێم و پشتگرتن و پشتتێکردنیش ئەگەری کراوەن.     

شیكەرەوانی دۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان چەند هۆكارێك دیاریدەكەن، كە كاریگەرییان لەسەر نەگواستنەوەی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و پارێزگاكانی تری عیراق بۆ هەرێمەکە هەیە. لە سەروی هەمویانەوە مامەڵەی توندی دەزگا ئەمنییەكان، بەربەستی یاسایی بۆ خۆپیشاندان و بەكارهێنانی ترس و تۆقاندن و كوشتن لە خۆپیشاندانەكانی رابردودا.

لەپاڵ ئەوانەشدا، نەبونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز و رابەر بۆ خۆپیشاندانەكان و بونی دەسەڵاتێكی مەركەزی "توندتر" لە هەرێم لە هۆكارەكانی ترن، وەك ئەوەی شیكەرەوان دەڵێن. بەڵام هێشتا هەندێك پێیانوایە دەستپێكردنی خۆپیشاندان لە هەرێم "لەسەر كات وەستاوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە هەمان ئەو هۆكارانەی بونەتەهۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لە بەغدا و پارێزگاكانی تری عیراق، لە هەندێك رووەوە بەزیادەوە لە هەرێمی كوردستان ئامادەن، لەوانە دواخستنی موچەی فەرمانبەران كە تا ئێستا یەك موچەی ساڵی 2020 دابەشنەكراوە.

"پێموایە ئاستى بێزاریی خه‌ڵک له ‌هه‌رێمى کوردستان له‌ به‌غدا زیاتره‌، ژیانى خه‌ڵک له‌سه‌ر موچه‌یه‌، بەڵام هەرێم موچه‌ دواده‌خات و ساڵانە سێ بۆ چوار موچە دەخوات"، شۆڕش حەسەن، مامۆستاى زانسته‌ سیاسییه‌کان له‌ زانکۆى سلێمانى زیاتر رونیكردەوە "ئەوە پێماندەڵێت بارودۆخەكە بۆ خۆپیشاندان زۆر لەبارە، به‌ڵام نه‌بونى رێکخستن و رابه‌رێک که‌ جێى متمانه‌ى خه‌ڵک بێت هۆکارێکى سه‌ره‌کى نه‌گواستنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌کانى به‌غدا بووه‌ بۆ هه‌رێم".

بارودۆخەكە بۆ خۆپیشاندان زۆر لەبارە، به‌ڵام نه‌بونى رێکخستن و رابه‌رێک که‌ جێى متمانه‌ى خه‌ڵک بێت هۆکارێکى سه‌ره‌کى نه‌گواستنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌کانى به‌غدا بووه‌ بۆ هه‌رێم

خۆپیشاندان لە بەغدا و پارێزگاكانی تر لە تشرینی یەكەمی 2019ەوە بەردەوامە؛ لەسەرەتادا دژی كەمی خزمەتگوزاریی، بێكاریی و نەهێشتنی گەندەڵیی بوو، دواتر سەریكێشا بۆ هەڵوەشانەوەی حكومەت، گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی و هەڵبژاردنی پێشوەختە و تائێستا لانیكەم 600 كەس كوژراون.

baxda-1
بەغدا/ 2020/ ژمارەیەك لە چالاكوانانی ژنان لە خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریر فۆتۆ: كەركوك ناو

نیاز عەبدوڵا، كچە چالاكوانی مەدەنی لە هەولێر، دەڵێت هۆكاری سەرەكی، نەگواستنەوەی خۆپیشاندانەكان بۆ هەرێمی كوردستان. پەیوەندی بە "سەركوتكردن و گرتنەبەری  رێوشوێنی ستەمكارانەوە هەیە"، لەلایەن دەزگائەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە.

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "كابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دەنگی ناڕەزایی دەكات و رێوشوێنەكانی زۆر توندترن... ئەوانە سەركوتدەكات هەوڵدەدەن یان داوای خۆپیشاندان دەکەن".

بۆ ئەوە رەنگە نمونەی دەستگیركردنی رۆژنامەنوس هێمن مامەند بۆ سێیەمجار لەسەر یەك، لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی هەولێرەوە باشترین نمونە بێت.

هێمن لە كۆتایی ئازاری رابردوودا، داوای لە مامۆستایان و فەرمانبەران كرد لەدژی دواخستنی موچەكانیان چیتر لە ماڵەوە نەمێننەوە و بڕژێنە سەرشەقامەكان؛ ئەوەش لەوكاتەدا بوو  حكومەت قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندبوو بۆ پاراستنی خەڵك لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەو هۆیەوە داواكاری گشتی هەرێم دۆسییەی لەسەر هێمن مامەند كردەوە و دەستگیریانكرد.

هێمن شەوی 26ی نیسان بڕیاری ئازادكردنی درا، بەڵام جارێكی تر لەسەر سكاڵای سەرۆكایەتی حكومەت بۆ ماوەی 24 كاتژمێری تر دەستگیركرایەوە.

نیاز پێیوایە دواخستنی موچە بۆ 50 یان 60 رۆژ و نەبونی خزمەتگوزاریی جێی ناڕەزایی خەڵكە. بەڵام وتی "خەڵك و چالاكوانانی مەدەنی لەژێر هه‌ڕه‌شه‌و ترساندندان، ئەوەش هۆكاری سازنەدانی خۆپیشاندانە".

شۆڕش حەسەن، هەمان بۆچونی نیازی هەیە و دەڵێت لە هەرێم دەسەڵات مەركەزی ترە و مامەڵەی توندترە لەگەڵ دەنگە ناڕازییەكان، ئەوەش وایكردووە بتوانێت كۆنترۆڵی دۆخەكە بكات.

هەرێمی كوردستان لەساڵی 2011ەو 2015دا دوو شەپۆلی فراوانی خۆپیشاندانی دژ بە حكومەت و حزبە حوكمڕانەكانی بەخۆوەبینی، بەڵام ئەو خۆپیشاندانە بەزەبری هێز لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارتی و یەكێتییەوە سەركوتكران.

دکتۆر واسق هاشمی، پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان لەبەغدا (28ی نیسان و دوای دوو رۆژ لەم لێدوانەی بۆ كەركوك ناو، كۆچی دواییكرد)، پێیوایە بونی "دەسەڵاتێكی پۆلیسی و مەركەزی لەهەرێمی كوردستان"، كاریگەریی هەیە لەسەر سازنەدانی خۆپیشاندانەكان، بۆ ئەوەش نمونەی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی 2011ی هێنایەوە.

دەسەڵاتێكی پۆلیسی و مەركەزی لەهەرێمی كوردستان، كاریگەریی هەیە لەسەر سازنەدانی خۆپیشاندان

لە خۆپیشاندانەكانی 2011ـدا كە دوو مانگی خەیاند، 10 كەس بە گولـلەی هێزە ئەمنییەكان كوژران و زیاترلە 200ی تر برینداربون.

ئەگەرچی ئەو خۆپیشاندانانە بونەهەوێنی كۆمەڵێك بڕیاری حكومی و پەرلەمانی، كە تاڕادەیەك وەڵامی داواكاریی خۆپیشاندەرانی دەدایەوە. بەڵام جێبەجێنەكران.

یاسا بەربەستە یان كارئاسانی؟

پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، خۆپیشاندانی وەك مافێكی دەستوریی و یاسایی ناساندووە، بەڵام چالاكوانان وەك كۆت و بەند لە رێكارەكانی سازدانی دەڕوانن.

بۆ نمونە بەپێی یاساكە، رێ بەهیچ خۆپیشاندانێك نادرێت، ئەگەر پێشوەختە بە نوسراو داوای مۆڵەتی نەكردبێت و تیایدا ناو و واژۆی رێكخەران، شوێن و كاتی خۆپیشاندانەكەی تیادانەبێت، بەڵام بە 48 كاتژمێر بەر لەسازکردنی.

هەروەها هاتووە وەزیر و سەرۆكی یەكەی كارگێڕی دەسەڵاتی رەتكردنەوەی خۆپیشاندانیان هەیە، لەحاڵەتێكدا ئەگەر خۆپیشاندانەكە "زیان بە سیستم و ئاكاری گشتی بگەیەنێت".

لەپاڵئەوەشدا هاتووە "ئەگەر لەكاتی خۆپیشانداندا ئاسایش، سیستم یان ئادابی گشتی تێكدرا، یان زیان بە سامانی گشتیی و تایبەت كەوت، ئەوا سەبەبكاران بەرپرسیارێتی قەرەبوكردنەوەكە دەگرنە ئەستۆ و رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر".

لە عیراقدا تائێستا هیچ یاسایەكی تایبەت بە خۆپیشاندان نییە، بەوهۆیەوە لە پێدانی مۆڵەتدا پشت بە كۆمەڵێك رێكار و رێنمایی دەبەسترێت كە سەرچاوەكەی چەند یاسایەكی جیاوازە.

zmnako (4)
سلێمانی/ 2015، خۆپیشاندانی چین و توێژە جیاوازەكان دژی بێكاریی و پێنەدانی موچەی فەرمانبەران و خزمەتگوزاریی فۆتۆ: زمناكۆ ئیسماعیل

بەپێی رێنماییەكانی خۆپیشاندان لەعیراق، دەبێت رێكخەران ناوەكانیان دیاربێت و بەر لە 24 كاتژمێر لایەنێكی حكومی لە خۆپیشاندانەكە و كات و شوێنەكەی ئاگاداربكەنەوە.

لە ماددەی 38ی دەستوری عیراقدا هاتووە، دەوڵەت بەیاسا پشتگیری لە مافی ئازادی گردبونەوە و خۆپیشاندانی هێمنانە دەكات "بە مەرجێك نەبێتەهۆی تێكچونی یاسا و ئادابی گشتی".

لەساڵی 2014ەوە، پڕۆژە یاسایەكی تایبەت بەناوی "ئازادی بیروڕا و خۆپیشاندانی ئاشتییانە" لە پەرلەمانی عیراقە بۆ گفتوگۆكردن و هێشتا پەسەندنەكراوە.

بەپێی بەندی 19ی جاڕنامەی گەردونی مافەكانی مرۆڤ، هەموو كەسێك مافی ئازادی را و رادەربڕینی هەیە و ئەو مافەش پێویستی بەوەیە بێدەستوەردان جێبەجێبكرێت؛ هەروەها مافی وەرگرتنی هەموو بیرورا و گواستنەوەی بۆ ئەوانی تر هەیە، بەهەر ئامرازێكی گونجاو بێت بێ سنوردانان.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەپێی بەدواداچونێكی (كەركوك ناو)، لە دوو ساڵی رابردوودا، دەیان داواكاریی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان رەتكراونەتەوە.

لە مانگی شوباتی رابردوودا، پارێزگاری هەولێر و دهۆك مۆڵەتیان بە خۆپیشاندانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەدا، بە پاساوی ئەوەی بارودۆخەكە گونجاو نەبوو.

داواكاریی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ خۆپیشاندان دژی كەمی خزمەتگوزاریی، بێكاریی و دواخستنی موچە، هاوكات بوو لەگەڵ فراوانبون و كاریگەریی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و پارێزگاكانی تر، كە بووە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە پۆستەكەی، هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و چەند بڕیارێكی پەرلەمانی عیراق بۆ چاكسازیی و دەرفەتی دامەزراندن.

baxda1-2
بەغدا/ 2020/ ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر فۆتۆ: كەركوك ناو

کاوه‌ عه‌بدولقادر، سەرۆكی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپشتبەستن بە یاسا و بە فەرمی داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانمان كرد، بەڵام له‌ هه‌ولێر و دهۆک بەبیانوی نەگونجاوی بارودۆخ بۆ خۆپیشاندان داواكەیان رەتكردینەوە، تەنانەت هێزێكی زۆری ئەمنیان ناردە ئەو ناوچانەی كە ئێمە دیاریمانكردبوو".

جگەلەوەی مۆڵەتیان پێنەداین، تەنانەت هێزێكی زۆری ئەمنیان ناردە ئەو ناوچانەی كە ئێمە دیاریمانكردبوو بۆ خۆپیشاندان

رێگریی بۆ خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدایە  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و  سەرۆكایەتی حكومەت چەند جارێك پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەكانی بەغدا دەربڕیوە.

هەرچەندە لە پارێزگای سلێمانی، نەوەی نوێ مۆڵەتی خۆپیشاندانیان پێدرا، بەڵام تەنیا یەك رۆژ بەردەوام بوو و بەشێكی كەم لەخەڵكیش بەشداربون.

نیاز عه‌بدوڵا پێیوایە، هۆكاری كەمی بەشداریكردن لەو خۆپیشاندانانە ئەوەیە، خەڵك متمانەی بە ئۆپۆزسیۆن نەماوە تا رابەرایەتییان بكەن.

ئەو وتی "ترس هەیە ئۆپۆزسیۆن داواكاریی خۆی تێكەڵ بە داوای شەقام بكات، وەك ئەوەی لە خۆپیشاندانەكانی رابردوودا رویدا و بووەهۆی بێئومێدكردنی خەڵك لە خۆپیشاندان".

 

بەغدا و هەولێر

هەماهەنگی بۆ خۆپیشاندان نییە

سەرەڕای هەموو ئەو هۆكارانە، هیچ هەماهەنگییەكی ئەوتۆ لەنێوان خۆپیشاندەرانی بەغدا و خەڵكی ناڕازی لە هەرێمی كوردستان نەبووە تا پێكەوە خۆپیشاندانەكان بكەنە سەرتاسەری.

وەك عەلی میقدام یەکێک لە چالاکوانانی خوپێشاندانەکانی بەغدا بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنانەت هیچ کاتێک هیچ هەوڵێک نەبووە تا خۆپێشاندان بۆ هەرێم بگوازرێتەوە، بەڵام لەهەرێمی كوردستانەوە پشتگیری مەعنەویی و لۆجیستى بۆ خۆپێشاندەرانی بەغداو باشور هەبووە، بەشێك لە بریندارەكانیان بۆ چارەسەرکردن وەرگرت".

ئەو کە ئێستا بەهۆی هەڕەشەی گروپی نەناسراو وەك خۆی دەڵێت بەغدای بەجێهێشتووە، پێیوایە "دۆخی بژێوی و خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان باشترە وەك لە ناوچەكانی تری عیراق بۆیە خۆپیشاندانەكان نەگوازرانەوە".

هەفتەكانی رابردوو، چەند دەنگێكی ناڕازی و خۆپیشاندان لە هەرێم دژی دواكەوتنی موچە بەرزبۆوە و هێشتا رون نییە ئایا پریشكی خۆپیشاندانەكانی بەغدا دەگاتە هەرێم یان نا.

baxda2
بەغدا/ 2020/ گەنجێك بەدەبەی بیبسی ماسكی دروستكردووە تا سەلامەت بێت لە گازی فرمێسكڕێژی كە هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەكاریان دەهێنا فۆتۆ: كەركوك ناو

کاوه‌ عه‌بدولقادر، وتی "كەم نەبون ئەوانەی لە هەڵبژاردنی رابردودا بایكۆتیان كردووە، كە واتە ناڕازیی و بێئومێدن... ئەوەی ئێستا ده‌گوزه‌رێت ناچارییه‌ و چاوەڕێی دەرفەتە".

بەگشتی زۆرینەی ئەوانەی قسەیان بۆ (كەركوك ناو)، كرد پێیانوایە لەپاڵ ئەو هۆكارانە، خۆپیشاندانی فراوان لە هەرێم لەسەر كات وەستاوە.

نیاز عه‌بدوڵا دەڵێت تەنیا ئۆپۆزسیۆنی تاكەكەسی هەیە و دەنگی ناڕەزاییان هەیە، پێویست دەكات ئەو دەنگانە نزیكببنەوە تا كاریگەرییان هەبێت.

تێڕوانینی هەندێك بۆ خۆپیشاندانەكانی بەغدا، وەك ئەوەی "گوایا پەیوەندی بەماڵی شیعەوەیە"، رەنگە هۆكارێكی تر بێت لەوەی خۆپیشاندانەكان نەگوازراونەتەوە بۆ هەرێم.

دکتۆر واسق هاشمی، وتی "تەنانەت لەپارێزگا سوننیەكانیش ئەو بۆچونە هەیە و پێیانوایە ئەوەی لەگۆڕەپانی تەحریر رودەدات شەڕی لایەنە شیعییەكانە لەسەر شەقامەوە، بەڵام ئەوە بنەمای نییە و تەنانەت لایەنە شیعییەکانیش دژی خۆپیشاندانەكانن".

*فەرمان سادق، بەشداریی لەم راپۆرتەدا كردووە

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT