گۆڕانكاری له‌ پۆسته‌ باڵاكانی نه‌ینه‌وا ده‌كرێت

نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، ناوچه‌ی غاباتی گه‌شتیاری له‌سه‌ر كه‌ناری روباری دیجله‌ له‌نێو شاری موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئه‌حمه‌د زه‌یدی – نه‌ینه‌وا

حكومه‌تی فیدراڵی و پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ جیا چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك له‌ پۆسته‌ باڵاكانی موسڵدا ده‌كه‌ن، له‌ نێویاندا پۆلیس و ته‌ندروستی.

به‌پێی نوسراوێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق، كه‌ 28ی نیسانی 2020 به‌ واژۆی یاسین یاسری وه‌زیر ده‌رچووه‌، بڕیاردراوه‌ به‌ دانانی فه‌رمانده‌یه‌كی نوێ بۆ پۆلیسی نه‌ینه‌وا.

فه‌رمانده‌یی گشتی پۆلیسی نه‌ینه‌وا، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌مان رۆژ گۆڕانكارییه‌كه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌پێی بڕیاره‌كه‌ عه‌مید لیس خه‌لیل حه‌مدانی ئه‌ركی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی نه‌ینه‌وا وه‌رده‌گرێت له‌ جێی لیوا روكن حه‌مه‌د نامس".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا حه‌مدانی، پێشتر له‌ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری ناوخۆدا بووه‌ و لیوا روكن حه‌مه‌د نامس له‌ پۆلیسه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری.

پۆسته‌ باڵاكانی نه‌ینه‌وا له ‌ساڵی 2013 به‌پێی رێککه‌وتنێکی سیاسی نێو کوتله‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا دابه‌شكرا.

kitab-1

نه‌جم جبوری، پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ نوسراوێكدا بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، سێ كاندیدی دیاریكردووه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی.

به‌پێی نوسراوه‌كه‌ی جبوری كه‌ 28ی نیسان ده‌ریكردووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ دكتۆر جاسم ئیبراهیم، دكتۆر محه‌مه‌د سلێمان و دكتۆر ته‌لال عه‌لی كاندیده‌ نوێیه‌كانی ته‌ندروستییه‌، تا به‌پێی مه‌رج و رێكاره‌كان یه‌كێكیان له‌و پۆسته‌دا دابنرێت.

به‌بڕیاری پارێزگاری نه‌ینه‌وا، فه‌لاح حه‌سه‌ن عیسا به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی له‌ پۆسته‌كه‌ی دورخراوه‌ته‌وه‌، به‌ پاساوی "بێ توانایی و نه‌بونی مه‌رجه‌كانی وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ له‌ ناوبراودا".

هه‌ر له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا، یوسف فه‌ره‌ج سه‌بعاوی، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی نه‌ینه‌وا ده‌ستبه‌كاربوو له‌ جێی خالید ته‌ها، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ به‌ وه‌كاله‌ت.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عیراق، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ خالد ته‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی په‌روه‌رده‌ و هه‌ردوو لێپرسراوی ژمێریاریی و یاسایی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ ده‌ركردووه‌، به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌یی پۆلیسی نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی لێپرسراوه‌كانی په‌روه‌رده‌ به‌هۆی گرێبه‌ستێكه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ بانكه‌كاندا، به‌پێچه‌وانه‌ی رێكاره‌كانی دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌رێی ماسته‌ركارده‌وه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت ئه‌و گۆڕانكارییه‌ رۆژێك به‌ر له‌ ده‌رچونی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی خالید ته‌ها كراوه‌.

له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردودا له‌ نه‌ینه‌وا، چه‌ندینجار گۆڕانكاری له‌ پۆسته‌ باڵاكاندا كراوه، به‌ پۆستی پارێزگاریشه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT