10 كەسی گومان‌لێكراو دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، ئەوەش لە كەیسی شاهین ویسام، ئەو منداڵە حەوت ساڵەی لە كۆمەڵگەی دۆمیز لە ناحیەی زوممار بەشێوەیەكی دڕاندانە و بە بلۆك كوژرا.
شاهین ویسام، كاتژمێر 11ی شەوی هەینی بەمەبەستی كڕینی پسكیت و شەربەت دەچێتە دوكانێكی نزیك ماڵی نەنكی لە كۆمەڵگەی دۆمیز سەر بە ناحیەی زوممار - لە باكوری خۆرئاوای نه‌ینه‌وا- و ناگەڕێتەوە. تاوەكو كاتژمێر 2ی بەرەبەیانی شەممە 2ی ئایار، تەرمەكەی لەنێو مزگەوتێك دەدۆزرێتەوە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس شاهین بە بلۆك و بەرد لێدراوە و سەری بەدیواردا كێشراوە تا گیانیلەدەستداوە.
به‌سام سه‌لوان، مامی شاهین، بە (كەركوك ناو)ی وت "شاهین دوای ئەوەی شتی كڕیوە و دوكانەكەی بەجێهێشتووە، ئیتر نەگەڕاوەتەوە ماڵ، كاتژمێرێك دوای رۆیشتنی بۆ دەرەوە دەستمانكرد بە هەواڵپرسین و بەدوایدا گەڕاین، بەڵام نەماندۆزییەوە و تەنانەت لە فەیسبوكیش وێنەكەیمان بڵاوكردەوە".
شاهین دوای ئەوەی شتی كڕیوە و دوكانەكەی بەجێهێشتووە، ئیتر نەگەڕاوەتەوە ماڵ
دوای هەوڵ و گەڕانێكی زۆر، کاتژمێر 2ی بەرەبەیانی رۆژی شەممە، تەرمی شاهین "لەنێو مزگەوتی دۆمیز" دەدۆزرێتەوە، ئەوەش بە وتەی بەسام مامی شاهین.
بەسام زیاتر وتی "به‌شێوه‌یه‌کی زۆر دڕاندنه و به بلۆک و بەرد کوژرابوو... ئێمە کێشه‌مان له‌گەڵ هیچ که‌سێک نییه و له‌هه‌موو ته‌مه‌نی مندا روداوی له‌و شێوهیەم نه‌بینیوه".
شاهین تەمەنی تەنیا یەك ساڵ بووە، كاتێك دایك و باوكی لەیەكتر جیابونەتەوە. باوكی كە پۆلیسە و لە موسڵ دەوام دەكات ژنێكی تری هێناوە و زۆرینەی كات شاهینی لای نەنكی بەجێهێشتووە. بەتایبەت ئەوكاتانەی خۆی لە دەوام بووە.
كەیسی شاهین لە ئێستادا لای پۆلیسە و 10 گومان‌لێكراو دەستگیركراون و رەوانەی موسڵ كراون. رۆژی روداوەكە باوكی لە دەوام بووە.
بەسام وتی "ئێمە به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رازی نابین به چاره‌سه‌ری کۆمەڵایه‌تی بۆ کێشه‌که و ده‌بێت بکوژانی شاهین بەتوندی سزابدرێن".
لەگەڵئەوەشدا كەسوكاری شاهین گومانیان لەكەس نییە و بەو هۆیەوە هیچ سكاڵایەكیان تۆمارنەكردووە.
ئه‌حمه‌د جه‌عفه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی زوممار به (که‌رکوک ناو)ی وت "كوشتنی شاهین زۆر دڕندانە بووە، سەریان بە دیواردا كێشاوە و بە بەرد و بلۆك لێیانداوە تا گیانیلەدەستداوە"، ئەحمەد جەختیكردەوە "دەبێت بكوژانی سزابدرێن، بەڵام هیشتا هیچ لایه‌نێک به ته‌واوی نازانێت کێ ئه‌م تاوانه‌ی کردووه و هۆکاری کۆشتنه‌که‌ی دیار نییه".
لەگەڵئەوەشدا بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار وتی "كارەكە تیرۆریستی نییە، زیاتر روداوێکی تاوانکارییە".
كێن ئەوانەی دەستگیركراون؟
ئەو 10 كەسەی دەستگیركراون، کۆمه‌ڵێک گه‌نج، که‌سانی نزیک و خزمی شاهین و دراوسێیەكانین لە كۆمەڵگەی دۆمیز.
"به‌رده‌وامین له لێکوڵینه‌وه، هه‌رکه‌سێک ئه‌م تاوانه‌ی کردبێت یان په‌یوه‌ندی به روداوهکەوە هه‌بێت به‌توندی سزادهدەرێت"، ئه‌حمه‌د جه‌عفه‌ر وای وت.
لیژنەیەكی تایبەت لە ئاسایش و پۆلیسی زوممار، سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن، لەو كەیسە، بەڵام وەك یونس فه‌تحی، له بنکه‌ی پۆلیسی ناحیه‌ی زوممار به (که‌رکوک ناو)ی وت "هیچ لایه‌نێک به ته‌واوی هۆکاری کوشتنی ئه‌و منداڵه نازانێت، لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ ئەو 10 گومانلێكراوە بەردەوامن و رەوانەی موسڵ كراون".
یونس وتی "ئەوەی بۆ ئێمە جێی شۆكە، ئەوەیە ئەو خێزانە هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتیی و عەشایەرییان نییە، نازانین بۆ ئەو منداڵە بەو شێوە دڕندانەییە كراوەتە ئامانج".
سه‌فوان به‌شیر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق که خه‌ڵکی ناوچه‌یه‌که و به‌دواداچونی بۆ ئەو كەیسە كردووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمه گومانمان هه‌یه که که‌سێکی نزیک له بنه‌ماڵه‌که‌ی شاهین بەو كارە هەستابێت، ئەو بابەتە تیرۆریستی نییە و ئەگەری زۆرە پەیوەندی بە بنەماڵەكەیانەوە هەبێت".
ئێمه گومانمان هه‌یه که که‌سێکی نزیک له بنه‌ماڵه‌که‌ی شاهین بەو كارە هەستابێت
بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی كە هێشتا هیچ شتێكی رەسمی نییە و چاوەڕێی لێكۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەكانن.