لە پرسەی ئافرەتێكدا لە گەڕەكی حورییەی كەركوك، 18 كەس كە خزمی نزیكی یەكترن توشی كۆرۆنا بون و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە ڤایرۆسەكە لە ناوچەی پیشەسازی.
ئەو ئافرەتە (105 ساڵە) لە 15ی نیسانی رابردوو كۆچی دواییكرد و خزم و كەسوكاری بڕیاریاندا پرسەی بۆ دانەنێن، بەڵام لەكاتی بەخاكسپاردنیدا كۆبونەوە و دواتر بەشێك لە كەسە نزیكەكانیان سەردانی ماڵی كۆچكردوەكەیان كرد.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو دۆسیەیە ئاشكرای كرد كە دوێنێ یەكشەممە 3ی ئایار ئەنجامی چەند پشكنینێك گەڕاوەتەوە و دەركەوتووە، پێنج كەسی تر توشی ڤایرۆسەكە بون كە بەشداریی ئەو پرسەیەیان كردووە.
سەرچاوەكە جەختیكردەوە لەوەی لەسەر قەبران وتویانە لەبەر كۆرۆنا پرسەی بۆ ناگێڕین، بەڵام بەشێك لە خزم و كەسوكارییان هەر بۆ سەرخۆشی چونەتە ماڵیان.
دوای چەند رۆژێك یەكێك لە خاوەن پرسەكە، دەركەوت هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە، بەو هۆیەوە تەندروستی كەركوك پشكنینی بۆ خزم و كەسە نزیكەكانی دەستپێكرد.
سەرچاوەكە وتی "لەو پشكنینانەدا دوجار ئەنجامی حەوت كەس گەڕاوەتەوە كە هەڵگری ڤایرۆسەكە بون و زۆرینەیان لەو پرسەیە بەشدارییانكردووە، پێنج كەسیان ئامۆزا و پورزای یەكترن".
دوجار ئەنجامی حەوت كەس گەڕاوەتەوە كە هەڵگری ڤایرۆسەكە بون و زۆرینەیان لەو پرسەیە بەشدارییانكردووە
دوێنێ یەكشەممە 3ی ئایار، ئەنجامی چەند پشكنینێكی نوێ گەڕایەوە و دەركەوت پێنج كەسیان هەڵگری ڤایرۆسەكەن كە پێكهاتون لە باوك و كوڕێك و سێ ئامۆزا كە لە پرسەكەدا بەشداربون.
تا ئەم هەفتەیە، پشكنین بۆ 50 كەس لە خزم و كەسوكاری ئەو ئافرەتە كۆچكردوەدا كراوە و دەركەوت 18 كەسیان توشی كۆرۆنا بون، هەر بەپێی سەرچاوەكە.
دلێر سەمەد، ئەندامی لیژنەی شانەی قەیران لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەر شەوی رابردوو ئەو پێنج توشبووە نوێیە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەی پیشەسازی گوازرانەوە".
فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، لە راگەیەنراوێكیدا جەختیكردەوە لەوەی لە ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئایارەوە، بۆ ماوەی سێ رۆژ هەڵمەتی پشکنین بۆ ۳۰۰۰ کەس ئەنجامدەدرێت. ئەوەش لەو گەڕەکانەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تیادا دەركەوتووە.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، زۆرینەی توشبووەكان لە گەڕەكەكانی شۆڕیجە، پەنجەعەلی و حورییەن.
تائێستا لە كەركوك، 53 حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، 26یان چاكبونەتەوە و دوو حاڵەتیان مردون، 25 حاڵەتی تر لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.
قەیس عەبدولڕەزاق، لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی كەركوك وتی "لەگەڵ گواستنەوەی توشبووەكان بۆ نەخۆشخانە، دەستمانكردووە بە رشتنی دەرمان بە كۆڵان و گەڕەكەكاندا".