وەزارەتی ناوخۆی عیراق رایدەگەیەنێت كە هێشتا تەواوی ئەو باندە دەستگیرنەكراون كە لە كەركوك بازرگانییان بەمرۆڤەوە دەكرد و تەنیا ژنێك و پێنج كچ بە بڕیاری دادوەر دەستگیركراون.
شەوی یەكی ئایار، هێزێكی هاوبەش لە فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك، لەهەڵمەتێكدا باندێكی لەشفرۆشییان لە گەڕەكی نەسر دەستگیركرد، كە لە شەش ئافرەت پێكهاتبون.
سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە پۆلیسی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "زانیاریمان لەسەر ئەو باندە پێگەیشت و هێزەكانمان توانیان بچنە ماڵەكەوە و دەستگیریان بكەن".
"لە ژورێکی ماڵەكەدا دوو کچ بە زنجیر بەسترابونەوە و سێ کچی تر بەجیا لەچەند ژورێكی تردا قۆڵبەست كرابون و دەرگایان بەسەردا داخرابوو...شوێنەواری ئەشكەنجەدان بەجەستەیانەوە دیاربوو"، سەرچاوەكە جەختیكردەوە لەوەی ژنێكیش لە ماڵەكە دەستگیركراوە كە سەرپەرشتی باندەكەی كردووە.
لە ژورێکی ماڵەكەدا دوو کچ بە زنجیر بەسترابونەوە و سێ کچی تر بەجیا لەچەند ژورێكی تردا قۆڵبەست كرابون و دەرگایان بەسەردا داخرابوو
بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس، هەر یەكێك لەو پێنج كچە، خەڵكی شارێكی عیراقن و لەلایەن دایكێك (62ساڵ) و كوڕەكەیەوە لە باندێكی تر كڕدراون و بۆ كاری لەشفرۆشی بازرگانیان پێوەكردون.
سەرچاوەكە وتی "دایكەكە هەر لە ماڵەكە دەستگیركراوە، بەڵام كوڕەكە هەڵهاتووە كە هەردوكیان سەرۆكایەتی ئەو باندەیان كردووە".
دایك و كوڕێك سەرۆكایەتی ئەو باندەیان كردووە، كوڕەكە هەڵهاتووە و دایكەكە دەستگیركراوە
وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە راگەیەنراوێكیدا یەكشەممە 3ی ئایار، بڵاویكردەوە كە ئەو هەڵمەتە لەلایەن هێزێكی هاوبەشی فەرماندەیی كەركوكەوە و بەپاڵپشت بە زانیاریی پۆلیسی كۆمەڵگە دەستگیركراون. ئەوەش دوای ئەوەی لەڕێی هێڵی گەرمەوە زانیارییان پێدراوە و رەزامەندی دادوەریان بۆ دەستگیركردنیان وەرگرتووە.
لە ماڵەكەدا، كۆمەڵێك بەڵگەنامەی ساختە دەستیبەسەرداگیراوە، كە بۆ گواستنەوەی كچەكان بەكارهاتون، كچەكان، دەستیان بەسترابۆوە و جەستەیان شوێنەواری توندوتیژی پێوە بووە، هەر بەپێی وەزارەتی ناوخۆ.
دۆسییەی ئەو باندە رەوانەی دادگا كراوە و وتەیان لێوەرگیراوە، لەئیستادا بەپێی یاسای سزادانی عیراقی دەستبەسەرن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، بە ئامانجی دەستگیركردنی ئەندامانی تری باندەكە كە هەڵهاتون. وەك ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت.
كچەكان تەمەنیان 26ساڵ، 28 ساڵ، 18ساڵ و دووانیان 23 ساڵن لە پارێزگای بەغدا، ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە لە باندێكی تر كڕدراون بۆ كاری لەشفرۆشی.