با دەنگی ئاوارەكان ببیسترێت
پڕۆژەیەک لە چەقی ئاوارەیی و پەراوێزخستندا

عەممار عەزیز

"باسی هەموو شتێك بكە تەنیا هەڵبژاردن نەبێت"، ئاوارەكان بەمشێوەیە دەیانویست گوێ لە تیمەكانی رێکخراوی میدیای سەربەخۆ (IMOK) نەگرن، كاتێك پڕۆژەكەیان بۆ هۆشیاركردنەوەی ئاوارەكان لەناو كەمپەكاندا دەستپێكرد؛ بەدەنگێكی بەرزتر دەیانوت: دەنگەكەمان بە مەڕێك یان تەنانەت كارتێكی مۆبایلیش دەفرۆشین.

ئەم دەربڕینانە، بۆ سارا حەسەن، رێكخەری تیمەكە ئازاربەخش بوو، هەروەها تەحەدییەكی گەورەش بوو لەوەی چۆن بتوانێت بكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵیاندا و لە گرنگی دەنگدان، بەشداریی سیاسیی و مافی كەمینە و ژنان ئاگاداریان بكاتەوە. هەروەها دەبوو بەربەستەكانی بەردەمی بە سەركەوتوی بشكێنێت.

ئەو پڕۆژەیە "با دەنگی ئاوارەكان ببیسترێت"، ساڵی 2018 بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان دەستیپێكرد و رێكخراوی هیڤۆس کە رێکخراوێکی گەشەپێدانی مرۆییە و لە ساڵی ١٩٦٨دا دامەزراوە پاڵپشتی دارایی دەكرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

سارا حەسەن، رێكخەری پڕۆژەكە یەكەم كەس بووە لە تیمەكان كە روبەڕوی ئەو ئاستەنگانە ببێتەوە، بەڵام ئەو بەربەستەكانی بەردەمی بڕیی و بڕیاریدا روبەڕوی تەحەدییەكان ببێتەوە، ئەوەش لە كۆتاییدا دڵخۆشی كرد.

نیسانی 2018، سارا حەسەن هەنگاوەكانی بۆ ناو كەمپەكانی ئاوارەیی لە پارێزگای دهۆك دەستپێكرد. ئەو وتی "دەستپێكێكی ماندوكەر بوو، ژنان ئامادەنەبون گوێبگرن، باسی هەڵبژاردن بۆ ئەوان بێزاركەر بوو. لەوكاتەدا، ئاواره‌كان زۆر بێزاربون‌ له‌ چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌كانیان و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان".

"تكايه‌ ده‌نگی خۆتان بۆ پارە مەفرۆشن، ئێوە دەتوانن لە پەرلەمان كاریگەریتان هەبێت و نوێنەری خۆتان دیاریبكەن"، سارا بە دەربڕینێكی سادە گفتوگۆكانی لەگەڵ ئاوارەكان دەستپێدەكرد.

تكايه‌ ده‌نگی خۆتان بۆ پارە مەفرۆشن، ئێوە دەتوانن لە پەرلەمان كاریگەریتان هەبێت و نوێنەری خۆتان دیاریبكەن

ئەو پڕۆژە 24 مانگییە لە عیراقدا، دوای ئاوارەبونی ملیۆنێك و 300 هەزار كەس هات بەهۆی هەڵکشانی توندوتیژی لە نێوان گروپە چەکدارەکان و هێزەکانی حکومەت، كە تا مانگی شوباتی ئەمساڵ، زیاتر له‌ 700 هه‌زار ئاواره له‌ سنوری هه‌رێمی كوردستاندا مابونەوە.

پڕۆژەكە ئامانج لێی گەیاندنی دەنگی ئاوارەكان بوو، بەتایبەت لە سەروبەندی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2018 و دواتر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە لەکاتی خۆیدا سازنەکرا بە ئێستاشەوە.

كێشەیەكی گەورەی بەردەم سارا و تیمەكانی تری سەنتەری میدیای سەربەخۆ لەناو كەمپەكاندا، ئەوەبوو ئاوارەكان بە تەواوی كەنارگیركرابون، هیچ رۆڵێكیان نەبوو لە بڕیار و بەشداریی سیاسییدا.

هاوکات، ناکۆکییەكی توند سەریهەڵدابوو لەسەر تۆماری دەنگدەران و بەشداریکردنی ئاوارەکان لەشوێنی ئاوارەبونیان لەنێوان گروپە نەتەوەیی و ئاینزا جیاوازەکاندا، کە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات.

یەکێکی تر لەکێشە سەرەکییەکان نەبونی سەرکردایەتی راستەقینە بوو لەنێو ئاوارەکاندا، ئەوە دەبوو ببێتە رۆڵ و كاری تیمەكانی (IMOK) لەناو كەمپەكاندا. بەتایبەت لەنێوان ژنان و کەمایەتییەکاندا، کە بەربەست هەبوو لەوەی نەبنە کاندید و نەچنە پێگەی بڕیاردان. چونكە نەریت و کلتورە باوەکان زیاتر رێگە لە بەشداری سیاسی ئافرەتان و کەمایەتییەکان دەگرێت، وەك سارا زیاتر جەختیكردەوە "بە ژنان و كچانمان دەوت، كە ئێوە چەند گرنگن ببنە نوێنەری خۆتان، هه‌ر ده‌نگێگی ئێوه‌ ده‌توانێت زۆرشت بگۆڕێت".

سارا حه‌سه‌ن خه‌ڵه‌ف (36ساڵ)، خۆی یەكێكە لە قوربانیانی دەستی توندوتیژییەكان و لە ساڵی 2014 ئاوارە بوو، ئەوەش هاوكاریی دەكرد تا لەگەڵ تیمەكان زیاتر تێكەڵی ئاوارەكان ببن.

ئەم پڕۆژەیە رێکخراوی هیڤۆس لە دەیان كەمپی ئاوارەكان لە پارێزگای دهۆك و دەشتی نەینەوا دەستیپێكرد و سێ ئامانجی سەرەكی هەبوو، لە نێویاندا هۆشیاركردنەوەی ئاوارەكان لە مافی دەنگدان، لەگەڵ كاركردن بۆ ئەوەی ژنان و کەمایەتیەکان، توانا و باوەڕیان هەبێت بۆ گرتنەدەستی رۆڵی سەرکردایەتیکردن لە کۆمەڵگە و سیاسەتدا. ئامانجی سێیەم بۆ ئەوە بوو پارتە سیاسییەکان و کەسایەتییەکانی کۆمەڵگە پشتیوانی رێگاکانی ناتوندوتیژی بن لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا.

imok
دهۆك/ ئایاری 2015، دانیشتنێكی تیمی رێكخراوی میدیای سەربەخۆ لەگەڵ ئاوارەكان فۆتۆ: IMOK 

تیمەكانی (IMOK)، لەناو كەمپەكاندا لە شێوەی گروپ گروپ، راهێنانیان بە ئاوارەكان دەكرد و بەشدارییان پێدەكردن، لە گۆڕینەوەی بیروبۆچونەكانیان؛ ئەوەش لانیكەم لە 10 كەمپی ئاوارە لەدهۆك بەردەوامبوو، لەگەڵ دەیان كەمپی تر لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەولێر.

سارا وتی "پێش دەستپێكردنی پڕۆژەكە بەهۆی ئەوەی بەردەوام لەناو ئاوارەكاندا بوم، دەمزانی بێئومێدییەكی گەورە هەیە و خەڵك پێیانوایە دەنگدان و هەڵبژاردن هیچ لە دۆخی ئەوان ناگۆڕێت، بۆیە بەشێك لە ئاوارەكان دەنگەكانیان دەفرۆشت، ئەمەش پێشێلكارییەكی گەورە بوو".

زیاتر وتی "هه‌ندێكیان به‌ كارتێكی مۆبایل یان به‌ ئاژەڵێك كارتی دەنگدانەكەی دەفرۆشت، پیاوه‌كان ده‌یانوت پێویست ناكا‌ت ژنان ده‌نگبدەن، ئەمەش بەربەست بوو لەبەردەم ئافرەتاندا".

"لە دانیشتنەكاندا گفتوگۆی زۆر دروستدەبوو، پرسیاریان لەسەر گرنگی دەنگدان و هەڵبژاردن دەكرد و بۆچونی خۆیان دەوت، لە كۆتاییدا كەمنەبون ئەوانەی باوەڕیان بەوە دەهێنا كە گرنگە دەنگبدەن". سارا وایوت.

هەرچەندە به‌پێی به‌دواداچونێكی (كه‌ركوك ناو)، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری 2018دا، له‌كۆی ده‌وروبه‌ری 450 هه‌زار ده‌نگده‌ری ئاواره‌، زیاتر له‌ نیوه‌ به‌هۆی به‌ربه‌سته‌كانه‌وه‌ نه‌یانتوانی ده‌نگبده‌ن، بەڵام لەو كەمپانەی سارا راهێنانی پێدەوتنەوە هەندێك ئاماری دڵخۆشكەر هەبون.

بۆ نمونە بەپێی ئامارێكی تیمەكانی سەنتەری میدیای سەربەخۆ (IMOK)، ته‌نها له ‌كه‌مپی ئیسیان له‌ هه‌ڵبژاردنەكەی ئایاری 2018، رێژەی بەشداریكردن لەسەدا 98 بوو. لەو كەمپەدا دەیان دانیشتن و راهێنانی تیمەكانی IMOK و ئاوارەكانی بەخۆوە بینی.

imokk
سلێمانی/ئایاری 2018/ تیمێكی رێكخراوی میدیای سەربەخۆ لەكاتی گفتوگۆكردن لەگەڵ ئاوارەكان لەسەر پرسی هەڵبژاردن و مافی ژنان لە دەنگداندا فۆتۆ: IMOK

ئێزیدییەكان كە بەشێكی زۆریان لە دانیشتنەكانی ئەو رێكخراوەدا بەشداردەبون، توانیان سێ كورسی لە پەرلەمانی عیراق و لەناو حزبە جیاوازەكاندا مسۆگەر بكەن کە یەكێكیان ئافرەتە، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەو پێكهاتەیە یەك كورسی كۆتای هەیە.

شادی حەسەن، بەڕێوەبەری پڕۆژەكان لە رێكخراوی میدیای سەربەخۆ (IMOK)، بە (كەركوك ناو)ی وت كە ئەوان تا كۆتایی ساڵی 2019 توانیویانە 21 دانیشتن لەگەڵ ئاوارەكان ئەنجامبدەن و زیاتر لە پێنج هەزار كەس بەشدارییان كردووە.

بەوتەی کارمەندانی ڕێکخراوی میدیای سەربەخۆ، "لێپرسراوانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە دهۆک پێییان راگەیاندون پڕۆژەی (با ئاوارەکان دەنگیان ببیسترێت)، تەنیا پڕۆژەی هۆشیارکردنەوە بووە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا کە سودی زۆری بەو گروپانە گەیاندووە کە ئامانجی پڕۆژەکە بون".

هاوکات "هەندێک لە بەشداربووی دانیشتنەکانی هۆشیارکردنەوە دوای دانیشتنەکان رایانگۆڕیوە و وتویانە ئەوان لە هەڵبژاردندا دەنگ بە کاندیدە ئافرەتەکان دەدەن نەک پیاوەکان".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT