حكومەتی عیراق بەرهەمی دانەوێڵەی هەموو ناوچەكانی جێناكۆك وەردەگرێت

كه‌ركوك، نیسانی 2020، جوتیارێك سه‌رقاڵی ئاودان و خزمه‌تی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌یه‌تی فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

كەركوك ناو

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە، بەرهەمی دانەوێڵەی هەموو جوتیارانی ناوچەكانی جێناكۆك وەربگرێت، ئەوەش بەوتەی پەرلەمانتار دیلان غەفور، نوێنەرێكی كەركوك لە پەرلەمانی عیراق.

دیلان لە راگەیەنراوێكیدا 6ی ئایار جەختیكردەوە "ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق نوسراوی بۆ وەزارەتی بازرگانی کردووە بە مەبەستی وەرگرتنی سەرجەم بەرهەمی گەنمی جوتیاران، ئەوانەی لەناو پلانی کشتوکاڵین‌ و ئەوانەشی کە لە دەرەوەی پلانن، بەو پێیەش تەواوی ئەو زەوییانەی بەڵگەی یاساییان نەگەڕاوەتەوە بۆ خاوەنەکانیان ئەمساڵ بەرهەمەکانیان لەلایەن حکومەتەوە وەردەگیرێت".

دیلان، ئەو زانیارییانەی وەكو مژدە بە جوتیاران داوە و دەڵێت دوای هەوڵێكی زۆر ئەو كێشەیەی جوتیاران چارەسەركراوە.

"بەم هەنگاوە زیاتر لە 250 هەزار دۆنم زەوی بەرهەمی جوتیاران وەردەگیرێت"، دیلان غەفور وایوت.

حكومەتی عیراق، ساڵانی رابردوو بەرهەمی ئەو زەوییانەی وەرنەدەگرت كە كێشەی یاساییان هەیە و لە پلانی کشتوکاڵیدا دەرهێنراون. زۆربەی ئەو زەوییانەش هی جوتیارە کورد و تورکمانەکانن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT