هەزاران دۆنم زەوی دانەوێڵەی گەنم و جۆ لەكەركوك، بەرهەمەكانیان لەناوچون، ئەوەش بەهۆی تەرزە و بارینی بەخوڕ. ئەوە لەكاتێكدایە بەشێكی زۆری جوتیاران بە قەرز پارەی بنەتۆویان داوە و زەوییە كشتوكاڵییەكانیان هەر بەقەرز كێلاوە.
ئێوارەی 6ی نیسان، ناوچەكانی پردێ، شوان، قەرەهەنجیر و حەسار و چەند ناوچەیەكی تر لە خۆرهەڵات و باكوری خۆرهەڵاتی كەركوك شەپۆلێكی تەرزە و بارانی بەخوڕی بەخۆوەبینی، كە زیانی زۆری هەبوو بۆ سەر بەرهەمی دانەوێڵە و سەوزە و میوەی جوتیاران.
هۆگر سەلیم، جوتیارە لە گوندی حەسار، بە (كەركوك ناو)ی وت "تەرزە و بارانێكی بەخوڕ بوو، دەغڵ و دانی جوتیارانی كوتا و تەنیا لە گوندەكەی ئێمە لەسەروی هەزار و 500 دۆنم دانەوێڵەی گەنم و جۆی كوتاوە". بەنزیكەیی تەنیا لەو گوندە لانیكەم هەزار و 500 تەن گەنم و جۆ لەناوچون.
"جوتیار هەیە تاوەکو ئێستا پارەی کێڵانی زەوییەکی نەداوە، پارەی پەین و بنەتۆوەكەی نەداوە و بەقەرزی بەرهەمەكە هێناویەتی"، هۆگر داوای لە حكومەتی فیدراڵ و هەرێم كرد قەرەبویان بكاتەوە.
رەئوف ستار، موختاری گوندی دوبزنی لە ناحیەی شوان، كە لەهەمانكاتدا جوتیارە، وتی "زیاتر زیانەكە بەهۆی ئەوەوە بوو كە لەكاتێكدا تەرزەكە باری گوڵە گەنم و جۆیەكان وشكیان كردووە، ئەوەش وایكرد بەرهەمەكەی بكەوێتەسەر زەوی".
زیاتر زیانەكە بەهۆی ئەوەوە بوو كە لەكاتێكدا تەرزەكە باری گوڵە گەنم و جۆیەكان وشكیان كردووە
لەكاتێكدا بەرهەمەكان وادەی دروێنەكردنیان بون، قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی كۆرۆناوە، بەربەست بوو لەبەردەم ئەوەی جوتیاران زوو بەرهەمەكانیان دروێنە بكەن، رەئوف وایوت.
پارێزگای كەركوك زەوییەكی بە پیتی هەیە بۆ كشتوكاڵ بەتایبەت دانەوێڵە و ساڵانە لانیكەم ملیۆنێك و 500 هەزار دۆنم زەوی دەكرێت بە دانەویڵە، لەو ژمارەیە 900 هەزار دۆنمی دەكرێت بەگەنم، ئەوەش بەپێێ ئامارێكی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك.
ئەحلام فەخرەدین، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمساڵ زیانەكانی تەرزە زۆر زیاترە، بەڵام بەگشتی نەتوانراوە زیانەكان بخەمڵێنرێن، ئەوەش بەهۆی نەبونی دەوامی پێویست و قەدەغەی هاتوچۆ".
بەڵام لەگەڵئەوەشدا جەختیكردەوە كە یەكشەممەی داهاتوو 10ی ئایار، لیژنەیەك بۆ خەمڵاندنی زیانەكان سەردانی ناوچەكە دەكەن.
"ئێستا وەرزی وشکبونی گوڵی گەنم و جۆیە، بۆیە زیانەكان زۆرن"، ئەحلام وایوت. بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئەگەری قەرەبوكردنەوەی جوتیاران بكات.
رەوف ستار، جوتیارەكەی گوندی دوبزنی، جەختیكردەوە لەوەی جوتیار هەیە بەرهەمەكەی نزیكبۆتەوە لە سفر و چاوەڕێی رەحمەتی حكومەت دەكات.