سێ كەس بە تۆمەتی گەندەڵی لە پارەی وانەبێژانی پەروەردەی شنگال دەستگیركراون، كە بەهای گەندەڵییەكە ملیارێك و 98 ملیۆن دینارە. ئەوە لەكاتێكدا بووە كە لەو ماوەیەدا سەدان كەس بەخۆبەخش وانەیان دەوتەوە بۆ ئەوەی منداڵانی ئێزیدیی و ئاوارە بێبەش نەبن لە خوێندن.
ئەو گەندەڵییە بەوتەی پەرلەمانتارێك و بەپێی راپۆرتی دەستەی نەزاهەی دهۆك، لە ماوەی نێوان شەڕی داعشدا لە پەروەردەی شنگال كراوە، كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆكە.
هه‌ڵز سه‌عید، ئه‌ندامی لیژنەی پەروەردە لە په‌رله‌مانی کوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی په‌روه‌رده‌ی شنگال له‌گەڵ برایه‌ك و به‌ڕێوه‌به‌ری ژمێریاری له‌ماوه‌ی ساڵانی شه‌ڕی داعشدا و لەکاتى ئاواره‌بوونی خه‌ڵکی شنگال به بەهای ملیارێك و 98 ملیۆن دینار گه‌نده‌ڵییان له‌پاره‌ی وانه‌بێژاندا كردووە، ئه‌م دۆسییەیە ره‌وانه‌ی ده‌سته‌ی نه‌زاهه کراوه و ڵێکوڵینهوه به‌ردەوامه".
به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی په‌روه‌رده‌ی شنگال، لەگەڵ برایه‌ك و به‌ڕێوه‌به‌ری ژمێریاری گەندەڵییەكەیان كردووە
بەڕێوەبەری پێشوی پەروەردەی شنگال، كە بە گەندەڵییەكە تۆمەتباركراوە، نازانرێت لە كوێ‌یە و دیار نییە، بەڵام براكەیی و بەڕێوەبەری ژمێریاریی و كەسێكی تر دەستگیركراون.
هه‌ڵز وتی "هەندێك كەس دەڵێن بەڕێوەبەرەكە چۆتە ئەڵمانیا، هەندێكی تر دەڵێن لە هەرێمی كوردستانە و خۆی حەشارداوە... ئێمە ناوه‌ستین تاوه‌کو سزای گەندەڵكاران نەدرێت".
لە ئێستادا بەڕێوەبەرێكی نوێ بۆ پەروەردەی شنگال دانراوە.
(که‌رکوک ناو) په‌یوه‌ندی به راگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌ی گشتی دهۆکەوە كرد، بەڵام هیچ رونكردنەوەیەیكان نەدا، تەنیا ئەو راگەیەنراوە نەبێت كە بڵاویانكردۆتەوە و تیایدا هاتووە "له چوارچێوه‌ی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له سنوری بهرێوهبەرایهتییەكەمان توانیمان چاکسازی له لیستی وانه‌بێژانی سنوری په‌روه‌رده‌ی قه‌زای شنگال به‌شی کوردی‌دا بکه‌ین و دوسیه‌ی گه‌نده‌ڵی له پاره‌ی وانه‌بێژانی په‌روه‌رده‌ی شنگال ره‌وانه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی پارێزگای دهۆک کراوه".
ئەو گەندەڵییە لە ماوەی شەڕی داعش و كاركردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان لەكاتێكدابوو كە لەو ماوەیەدا لانیكه‌م 400 وانه‌بێژ بەشێوەی خۆبەخش له په‌روه‌رده‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عیراق له‌ناوچه جیاوازه‌كانی شنگال و كه‌مپی ئاواره ئێزیدییه‌كان وانەیان دەوتەوە، ئه‌وه‌ش بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی له نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی مامۆستایانی ئاواره دروستبوو بوو.
كۆتایی هەفتەی رابردوو، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە لە دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستاندا، وتی "به فه‌رمانی سه‌رۆک وه‌زیران روبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵی بوینه‌وه و له یه‌کێک له په‌روه‌رده‌کانی پارێزگای دهۆک به بەهای ملیارێك و 98 ملیۆن دینار گه‌نده‌ڵی له پاره‌ی وانه‌بێژاندا کراوه".