كوردی فەیلی لە عیراق چەند دەیەیەكە لەبەردەم بەربەست و رێگریدان بۆ گەیشتن بە مافەكانیان. سەردەمێك باجی نەتەوە و دەمێك باجی مەزهەب دەدەن، بەڵام ئەوەی خاڵی گرنگە پێداگریی و هەوڵەكانیانە بۆ گەیشتن بە ماف و تێپەڕاندنی بەربەستەكانی بەردەمیان. لەنێویاندا پاراستنی زمان و ناسنامەیان.
ژمارهی فهیلییهكان له عیراق به زیاتر له 800 ههزار كهس ههژماردهكرێن، زۆرینهیان له ناوچهكانی دیاله، بهغدا و واست و بەشێكیشیان لە كەركوك نیشتهجێن.
فەیلییەكان لە نەتەوەی كوردن و مەزهەبی شیعەن، ئەو دوو شوناسەش بۆ هەر سەردەمێك باجی گەورەی بەو كەمایەتییەی عیراق داوە. بۆیە دەیانەوێت هەنگاوەكانی داهاتویان بە ئاراستەی یەكگرتن و بەهێزبون بێت تا بتوانن لە ناوەندەكانی بڕیاردا رۆڵیان هەبێت.
حاجی داود ئەسعەد، لێپرسراوی رێکخراوی کوردە فەیلییەکان كە بارەگاكەی لە شاری كەركوكە، دەڵێت ئەوان كەوتونەتە نێوان دوو بەرداش، "كاتێك داوای مافەكانمان دەكەین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و كێشەكانمان لەگەڵ لێپرسراوان باسدەكەین، دەڵێن ئێوە سەر بە مەزهەبی شیعەن، یارمەتیمان نادەن، حکومەتی عیراقیش دەڵێت ئێوە کوردن و بەو هۆیەوە بەربەستمان بۆ دروستدەكەن".
حكومەتی هەرێم و فیدراڵ بەربەستمان بۆ دروستدەكەن
بەگشتی فەیلییەكان دەیانەوێت لە پەرلەمان و ئەنجومەنەكانی بڕیار و یاسادانان نوێنەریان هەبێت. "دەمانەوێت نوێنەرەكانمان بەرگری لە كوردی فەیلی بكەن"، حاجی داود وایوت.
لە تەواوی عیراقدا كوردی فەیلی تەنیا یەك نوێنەریان لە پەرلەماندا هەیە، ئەوەش بە سیستمی كۆتا لە پارێزگای كوت گەیشتۆتە پەرلەمان. له ههردوو ئهنجومهنی پارێزگای بهغدا و واست كورسی كۆتایان ههبوو تا ئەوکاتەی ئەو ئەنجومەنە هەڵوەشێنرانەوە.
بەڵام لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم هیچ ئەندامێكیان نییە.
حاجی داود، دەڵێت كوردی فەیلی پێکهاتەیەکی سەرەکی عیراقین و پێویست بوو زیاتر رۆڵیان پێبدرێت؛ تەنانەت لە كەركوك هیچ نوێنەرێكمان لە ئەنجومەنی كەركوك نەبووە، لەكاتێكدایە دوو هەزار و 800 كوردی فەیلی لەو پارێزگایە دەژین.
رێكخراوی كوردە فەیلییەكان كە ئەمساڵ بارەگاكەی لە كەركوك كرایەوە؛ لە هەوڵدان بۆ كۆكردنەوە و كاركردنی پێكەوەیی زیاتری فەیلییەكان، تا بتوانن بەهێزتربن و كاریگەرییان هەبێت.
ئەو هەوڵە هاوكاتە لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، كە درەنگانێكی شەوی 6ی ئایار لە پەرلەمان دەنگ لەسەر كابینەكەی درا و ئەركی لە پێشینەی كاركردنە بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
هەر بۆیە لە ئێستاوە كوردە فەیلییەكان دەیانەوێت بۆ هەڵبژارنی داهاتوو بەهێزتر دەربكەون و لانیكەم لە بەغدا بتوانن یەكگرتوبن، كە زیاتر لە 400 هەزار كەسیان لەو پارێزگایە نیشتەجێن.
نەسرین محەمەد کەریم، چالاكوانی مافەكانی ژنان و كوردی فەیلی، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەسەردەمی حزبی بەعس و بەتایبەت لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، روبەڕوی چەندین كێشەی گەورە بوینەوە، بەربەستەكانی ئێستاش پێویستیان بەوەیە كوردە فەیلییەكان لە دەوری یەكتر كۆببنەوە تا رۆڵمان هەبێت و مافەكانمان بەدەستبهێنینەوە".
كوردانی فهیلی له سهردهمی رژێمی بهعسدا له عیراق روبهڕوی راگواستن وهرگرتنهوهی ناسنامه بونهوه بههۆی ئهوهی له مهزههبی شیعه بون، ئهو تاوانهش لهلایهن دادگای باڵای تاوانهكانهوه له 2010 وهك جینۆساید ناسێنرا.
"ژنانی فەیلی-ش قوربانی زۆریان چەشتووە، خاوەنی یەكەم ژنیشن كە لەلایەن ئەو رژێمەوە لەسێدارەبدرێت بەهۆی ئەوەی داوای مافەكانی دەكرد، ئەوەش لەیلا قاسمە"، نەسرین وایوت.
نەسرین زیاتر وتی "ئەوەی گرنگە و شانازی پێوە دەكەین ئەوەیە بەپێوە وەستاوین و لە هەوڵ و رێچكەی باووباپیرانمان بەردەوامبین و مافەكانمان بەدەستبهێنین".
ئەوەی گرنگە و شانازی پێوە دەكەین ئەوەیە بەپێوە وەستاوین و لە هەوڵ و رێچكەی باووباپیرانمان بەردەوامبین
کوردە فەیلییەکان خاوەن کلتور، زمان و دابونەریتی تایبەت بە خۆیانن؛ بەڵام كوردبون و مەزهەبەكەیان باجی گەورەی پێداون.
عەلی ئەحمەد فەیلی (54 ساڵ)، توێژەری سیاسی پێیوایه تهرخانكردنی كورسی كۆتا بۆ فەیلی تاكە هەنگاوێكی راستە كە لە چەند ساڵی رابردودا نرابێت، ئەو پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وتبوو "پێویستە ئێمەش لە پەرلەمان نوێنەری خۆمان هەبێت تا ئەو داوا و پێویستییانەی بۆ كوردانی فەیلی هەیە و لەبیریان چووە، ئێمە خۆمان بە بیریان بهێنینەوە لەڕێی نوێنەری خۆمانەوە".
زۆرێك لە كوردە فەیلییەكان لە ساڵی 2003 و دوای نهمانی رژێمی بهعس جارێكی تر بۆ بەغدا گەڕانەوە، بەڵام بەشێكیان بههۆی چهندین ههڕهشهی جیاوازهوه ناچار به كۆچكردن بونەوە.
وەك عەلی ئەحمەد وتی "كاتی بانگەشەی ریفراندۆم لە ئەیلولی 2017دا، كە توشی هەڕەشە بوینەوە لەبەر مەزهەبەكەمان نەبوو هۆكارەكە كوردبونمان بوو".
ئەو پێیوایە بەگشتی هەوڵەكە بۆ "توانەوە و لە ناوبردنی شێوەزار و کلتورەكەیانە" و زیاتر وتی "لەو چوارچێوەیەشدا بە پلان کار لەسەر ئەوە دەکرێت".
دۆخەكە ئێستا بۆ پێكهاتە ئایینی و جیاوازەكانی عیراق ئەگەر تەنیا هەوڵدان بێت بۆ بەشداربونیان لە ناوەندەكانی بڕیارداندا، ئەوە بۆ فەیلییەكان لەپاڵئەوەدا دەبێت كاركردن بێت بۆ "یەكگرتن بۆ مانەوەی زمان و ناسنامە و پاراستنیان"، وەك خەلیل شوانی، لێپرسراوی کۆمەڵەی رۆشنبیریی وڵاتی کوردی فەیلی بە (كەركوك ناو)ی وت.