ماددەی 140 لە بەرنامەی كازمیدا نییە

بەغدا/ 8ی ئایاری 2020/ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق لەكاتی رادەستكردنەوەی كابینەكەی بە مستەفا كازمی فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران

سۆران محەمەد – کەركوك

یەكلاییكردنەوەی ماددەی 140 لە كارنامەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق باسنەكراوە و پەرلەمانتارانیش تەئكید دەكەنەوە لەوەی لە ئەولەویەتی كارەكانیدا نییە، ئەوەش لەكاتێكدایە زۆرینەی پەرلەمانتارانی كورد و ناوچەكانی جێناكۆك لە پەرلەمان متمانەیان پێدا.

كابینەكەی مستەفا كازمی، لە شەوی 7ی ئایار لە پەرلەمانی عیراق متمانەی وەرگرت و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان كارنامە و كابینەكەی پەسەند كران، بەڵام لە هیچ خاڵێكی بەرنامەكەیدا باسی ماددەی 140ی دەستوری عیراقی نەكردووە، كە تایبەتە بە یەكلاییكردنەوەی خاوەندارێتی ماددەی 140ی دەستوری هەمیشەیی عیراق.

جەمال شکور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسێۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستور لەئەولەویەتی كازمیدا نییە و هیچمان نەبیستووە لەبارەی ئەوەی كار بكات بۆ جێبەجێكردنی ماددەكە".

جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستور لەئەولەویەتی كازمیدا نییە

"بەڵام پێش پێكهێنانی كابینە تازەكە و لە دانوستانی نێوان هەرێم و بەغدا پرسی کەرکوک بەوردی گفتوگۆی لەسەر کراوە و جەختكراوەتەوە لەوەی دەبێت جێبەجێبکرێت". بەوتەی جەمال شوكر.

یەكلاییكردنەوەی خاوەندارێتی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك  لە نێوان هەولێر و بەغدا بەستراوەتەوە بە جێبەجێكرنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق. دەبوو حكومەتی فیدراڵ لە ساڵی 2007دا بەسێ قۆناغ، ئاساییكردنەوە، راپرسیی و سەرژمێری خاوەندارێتییەكەی یەكلاییبكردایەوە، بەڵام ئەو پرسە هێشتا قۆناغی ئاساییكردنەوەی تێنەپەڕاندووە.

kirkuk
كەركوك/ ئازاری 2020/ وێنەی بەشێك لە قەڵای كەركوك لەسەر پردی خەباتەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

لە خاڵێكی كارنامەكەی كازمیدا، هاتووە كە حکومه‌تی فیدراڵ بە ‌هەماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کارده‌کات بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان و رێزگرتن له‌ رێککه‌وتنه‌کانی نێوان هه‌ردوولایه‌ن به‌پێی ده‌ستوور.

بەگشتی کارکردن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته، كاری لە پێشینەی كابینەكەی مستەفا كازمییە. ئەوەش رەنگە هۆكارێكی باسنەكردنی ماددەی 140 بێت لەكارنامەكەیدا.

جەمال شوكر زیاتر وتی "گرنگە حکومەتی هەرێم فشار بکات بۆ ئەوەی کازمی كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە بكات، ئومێدێکیش هەیە کە کازمی کار لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە بکات".

شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە فراکسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێشتر و لە دانوستانەکانی نێوان عیراق و هەرێم باس لە ئاساییکردنی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان و ماددەی 140 دەكرا، كابینە یەكلەدوای یەكەكان هەمیشە دروشمی جێبەجێكردنی ماددەی 140یان بەرزدەكردەوە، بەڵام ئەمجارە دۆخی عیراق رونیدەکاتەوە کە ئایا کازمی دەتوانێت ئەو کارە بکات یان نا، بەڵام بەگشتی یەکگرتویی کورد وادەکات کە ئەو ماددەیە جێبەجێبکرێت نەک کابینەکەی کازمی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT