ته‌نیا له ماوه‌ی 48 كاتژمێردا، زیاتر له 10 خێزانی ئاواره گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ گرعوزێر له شنگال، ئه‌وه‌ش به‌هۆی چڕبونه‌وه‌ی پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانی و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كان.
یه‌كه‌م قۆناغی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی گرعوزێر، له 15ی ته‌مموزی 2019دا بوو، له‌وكاته‌شه‌وه پرۆسه‌كه چه‌ندجارێك وه‌ستا، به‌هۆی وێرانكار‌یی شه‌ڕ له ناحیه‌كه و نه‌بونی خزمه‌تگوزاریی.
جه‌لال خه‌ڵه‌ف، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له ماوه‌ی دوو رۆژدا 10 خێزانی ئاواره‌ی ئێزیدی گه‌ڕاونه‌ته‌وه گوندی وه‌ردییه و زرافكێ له ناوچه‌كه"، ئه‌و ده‌ڵێت نه‌بونی كێشه‌ی ئه‌منی و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان هانی خه‌ڵك ده‌ده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه.
ناحیه‌ی گرعوزێر له سێ كۆمه‌ڵگا پێكهاتووه؛ سیبا شێخ خدر، گرزه‌رك، ره‌مبوسیێ، زیاتر له 15 گوند له خۆده‌گرێت.
به‌وته‌ی خه‌ڵه‌ف جگه له هه‌زار و 500 خێزانی عه‌ره‌ب، نزیكه‌ی 600 خێزانی ئێزیدی ناوچه‌كه‌ش گه‌ڕاونه‌ته‌وه، "ژماره‌یه رۆژ به‌رۆژ له زیادبوندایه".
زۆرینه‌ی دانیشتوانی قه‌زای شنگال به ناحیه‌كانیه‌وه، له نێویاندا گرعوزێر، له ئابی 2014 و دوای هێرشی داعشه‌وه ئاواره‌بون، هه‌رچه‌نده ناوچه‌كانیان چه‌ند ساڵێكه كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ژیانه‌وه ئاواره‌كان ئاماده‌ی گه‌ڕانه‌وه نه‌بون.
له هه‌رێمی كوردستان، هێشتا زیاتر له 787 هه‌زار ئاواره هه‌ن كه زۆرینه له پارێزگای نه‌ینه‌واوه‌یه، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ شوباتی 2020.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كاندا، حكومه‌تی فیدراڵی چوار فه‌رمانگه‌ی نۆژه‌نكردۆته‌وه له نێویاندا كشتوكاڵ و ره‌گه‌زنامه و شاره‌وانی، كه بڕیاره له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بكرێنه‌وه و فه‌رمانبه‌رانیان ده‌ست به ده‌وام بكه‌نه‌وه.
به‌ر له هێرشی بۆ شنگال و ده‌وروبه‌ری، زیاتر له 10 فه‌رمانگه‌ی حكومی له ناحیه‌ی گرعوزێر هه‌بون، به‌ڵام ئێستا كه‌متریان كراونه‌ته‌وه و كاروباری هاوڵاتییان راییده‌كه‌ن.
جه‌لال خه‌ڵه‌ف رونیكرده‌وه كه پرۆسه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنه گشتییه‌كان، رێگه‌وبان و خوێندنگه‌كانی تر به‌رده‌وامه، تا به ته‌واوی ژیانی ئاسایی و بارودۆخی به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی داعش بۆ گرعوزێر بگه‌ڕێننه‌وه.
زۆرینه‌ی دانیشتوانی گرعوزێر ئێزیدین، كه ئه‌و پێكهاته‌یه زۆرترین زیانی ماڵی و گیانییان به‌ركه‌وت له هێرشه‌كانی داعش، جگه له كوشتن و بێسه‌روشوێنبونی هه‌زاران كه‌س له نێویاندا ژن و منداڵ، زیاتر له 300 هه‌زار ئێزیدی ئاواره‌بون.
قه‌زای شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ) كه لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت، لە تشرینی دووەمی 2015وه كۆنتڕۆڵكراوه‌ته‌وه.