چواریان گیانیانلەدەستدا
شەش كەس بە ئاگركەوتنەوە لە فڕنێكی كەركوكدا سوتان

كەركوك /14ی ئایاری 2020/ ئاگركەوتنەوە لە فڕنێكدا چوار كەس گیانیانلەدەستدا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی

شەش كەس لە فڕنێكی شاری كەركوكدا سوتان و چواریان دەستبەجێ گیانیانلەدەستدا، ئەوەش لە ئەنجامی كەوتنەوەی ئاگر و تەقینەوەی بەرمیلی نەوتی فڕنەكە.

ئاگرەكە كاتژمێر 9:30ی بەیانی ئەمڕۆ لە فڕنێكدا كەوتەوە و لە گەڕەكی دۆمیز، سێ كەس هەر لەناو فڕنەكە بە تەواوی سوتاون و منداڵێكی 12 ساڵانیش كە بۆ كڕینی سەمون لەبەردەم نانەواخانەكە بوو ئەویش گیانیلەدەستدا.

شایەتحاڵێك كە لە راستەوخۆیەكی پەیجی (كەركوك ناو)دا قسەی كرد، ئاماژەی بەوەدا سێ كەس لەوكاتەدا لەناو فڕنەكەدا بون كە ئاگرەكە كەوتۆتەوە و هەرسێكیان مردون.

ئەو وتی "فڕنەكە بە نەوت ئیشدەكات، كاتێك گڕیگرتووە ئاگر لەڕێی سۆندەی نەوتەكەوە بۆ بەرمیلەكە چووە كە لەسەرەوە بووە، بەهۆیەوە تەقیوەتەوە... دوان لەناو فڕنەكە راستەوخۆ گڕیان گرتووە و كەسی سێیەمیش كاتێك ویستویەتی رابكات، پێی لە سۆندەی نەوتەكە گیر بووە و ئەویش سوتاوە. لەگەڵ منداڵێك كە لەبەردەم فڕنەكە بووە بۆ سەمون كڕین".

فڕنەكە دەكەوێتە بازاڕی دۆمیز، شوێنێكی میللی قەرەباڵخە.

sutan2
كەركوك /14ی ئایاری 2020/ ئاگركەوتنەوە لە فڕنێكدا چوار كەس گیانیانلەدەستدا و تەواوی فڕنەكە و هۆڵێكی لەشجوانی سوتا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

لەو روداوەدا دوو كەسی تر سوتاون، بەڵام گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریدان كە یەكێكیان ژنە و لەوكاتەدا بە بەردەم فڕنەكەدا تێپەڕ بووە.

فڕنەكە لە دوو دوكانێكی گەورە پێكهاتووە و نهۆمی سەرەوەی هۆڵێكی لەشجوانییە، ئەویش زیاتر لە نیوەی ئامێرەكانی سوتاون، وەك خاوەنی هۆڵەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "18 ئامێرم سوتاون و زیانی 25 هەزار دۆلارم پێگەیشتووە".

شایەتحاڵەكان دەڵێن تیمەكانی ئاگركوژێنەوە دوای 20 بۆ 25 خولەك گەیشتونەتە شوێنی روداوەكە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT