بازاڕی خان خورما، ئێستا كه‌مترین دوكان و فرۆشیاری خورمای تێدا ماوه؛ ناوه‌كه‌یشی لای هه‌ندێك كه‌س گۆڕاوه بۆ عه‌لوه‌ی میوه و سه‌وزه له كه‌ركوك.
ساڵانی رابردو زیاتر له 60 دوكان و خانی فرۆشتنی خورما له‌و بازاڕه‌دا هه‌بون و ئێستا ته‌نیا سێ دوكانیان ماونه‌ته‌وه.
"ناتوانین تەنیا خورما بفرۆشین، چونكە ئەو خواستەی له‌سه‌ر نییە وەك جاران، ئێمەش كرێی دوكان و كرێكار و شتی دیكەمان لەسەرە، بۆیه ناچارین میوە و سه‌وزه دەفرۆشین" عه‌باس ئه‌سغه‌ر وای وت.
عه‌باس ساڵانێكه له‌گه‌ڵ میوه‌دا خورماش ده‌فرۆشێت، ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت كه بازاڕی خان خورما وه‌ك بیستویه‌تی له سەردەمی عوسمانییه‌كاندا شوێنی مانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه بووه له توركیاوه شمه‌كی وشكه‌یان بردۆته كه‌ركوك.
مانگانه له خان خورما 10 ته‌ن خورما ده‌فرۆشرێت، له ره‌مه‌زان و وه‌رزی دروێنه‌دا، رێژه به‌رزتر ده‌بێته‌وه و هه‌ندێكجار ده‌گاته 50 ته‌ن.
عیماد سدیق ناسراو بە عیماد خورما، 40 ساڵه له‌و بازاڕه‌دا فرۆشیاری خورمایه و ئێستا له كۆی نزیكەی 500 خان و دوكانی میوە ته‌نیا سێ خان ماوە تایبەت بە خورما.
"ئه‌و سێ دوكانه ته‌نیا خورما ده‌فرۆشن و ژماره‌یه‌ك دوكانی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ میوه‌دا خورما داده‌نێن، كه‌مبونه‌وه‌ی فرۆشیاری خورماش وایكردووه ناوی خان خورما لای بەشێك لە هاوڵاتیان گۆڕاوە بۆ بازاری عەلوەی میوە" عیماد بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و فرۆشیاره له‌سه‌ر مێژوی بازاڕه‌كه ده‌ڵێت له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا، ناوی خان ئیبراهیم شەفیق بووه، ته‌نیا 15 خان و ژماره‌یه‌ك دوكانی هه‌بووه، دوای ئه‌وه‌ی كاسبكاری زیاتر رویانكردۆته‌وه بازاڕه‌كه، فراوانتر بووه.
بازاڕی خان خورما، له ساڵی 1984و به‌هۆی شەڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عیراق له‌گه‌ڵ ئێران، موشەكی بەرده‌كەوێت و زیاتر له 18 كاسبكار گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن و بریندارده‌بن.
عیماد خورما وتی "دوای نۆژه‌نكردنه‌وه ناوه‌كه‌ی گۆڕا بۆ خان خورما، هه‌ر دوكاندارێكیش به فرۆشتنی جۆره میوه‌یه‌ك ناوبانگی ده‌ركردووه، وه‌ك من كه ناسناوی خورما-م هه‌یه، چونكه هه‌ر خورما ده‌فرۆشم".
له عیراق 151 جۆر خورما هه‌یه، نرخی هه‌ر یه‌كێكیان جیاوازه، كیلۆیه‌ك خورما له 500 دیناره‌وه ده‌ستپێده‌كات تا حه‌وت هه‌زار دینار، له‌م وه‌رزه‌دا زۆرترین خواست به‌وته‌ی عیماد له‌سه‌ر جۆری خه‌ستاوییه.
خورما له جۆری به‌رحی به چوار هه‌زار دیناره، ئه‌زره‌ق كیلۆی به پێنج هه‌زار دینار، عه‌شره‌سی به حه‌وت هه‌زار دیناره كه به ئاغای خورماكان ناسراوه، له ناوچه‌كانی خانه‌قین و مه‌نده‌لی به‌رهه‌مده‌هێنرێن، له‌گه‌ڵ دوو جۆر خورمای هاورده‌ی ئێرانی.
خورما له وه‌رزی هاوین و به‌رزترین پله‌ی گه‌رمیدا پێده‌گات.
عیماد سدیق ده‌ڵێت هێشتا به‌رهه‌می خورمای ئه‌مساڵ نه‌كه‌وتۆته بازاڕ، ئه‌وه‌ی هه‌یه هی ساڵی رابردووه، كه ئه‌وكاته‌ش به‌رهه‌م كه‌مبوو، به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی جۆره نه‌خۆشییه‌ك له‌نێو دارخورماكاندا كه پێیده‌وترا (عه‌نكه‌بوت) و له ئه‌نجامدا، سه‌دا 25ی به‌رهه‌م كه‌مبۆوه و نرخه‌كه‌یشی له بازاڕدا زیادیكرد.
به‌وته‌ی عیماد، ئێستا خه‌ڵك به پێچه‌وانه‌ی پێشتره‌وه، كه‌متر خورمای هاورده ده‌كڕن و خواستی زۆر له‌سه‌ر به‌رهه‌می ناوخۆیی هه‌یه.