چه‌ند كه‌سێك به‌هۆی دواخستنی موچه‌ی خانه‌نشینانی كه‌ركوك ده‌ستگیرده‌كرێن

كه‌ركوك، ئاداری 2020، بازگه‌ی كاتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌هۆی كۆرۆناوه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عیراق، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیایه‌كی پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی و دوو كه‌سی دیكه‌ی ده‌ستگیركرد، به‌هۆی دواخستنی پێدانی موچه‌ی خانه‌نشینان له‌ پارێزگای كه‌ركوك.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 18ی ئایار بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌رێی تیمه‌كانیانه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌رباره‌ی هۆكاری راگرتنی موچه‌ی خانه‌نشینان و ئه‌و كارته‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ی پاره‌ی پێ وه‌رده‌گرن.

"له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا ده‌ركه‌وت نیمچه‌ فشار له‌سه‌ر خانه‌نشینان هه‌بووه‌ تا ناچاربن كارته‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی وه‌رگرتنی پاره‌ بگۆڕن به‌ كارتی كۆمپانیایه‌كی تر، ئه‌وه‌ش له‌ به‌رانبه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كدا بێ هیچ به‌ڵگه‌ و رێكارێكی یاسایی".

ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ ده‌ڵێت خه‌رجكردنی موچه‌ی خانه‌نشینان به‌ ئه‌نقه‌ست و له‌به‌ر ئه‌و ئامانجه‌ دواخراوه‌.

"به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی، یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی و لێپرسراوی هه‌ماهه‌نگی نێوان كۆمپانیاكه‌ و فه‌رمانگه‌ی خانه‌نشینی نیشتمانی ده‌ستگیركراون"، به‌پێی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ دۆسیه‌ی ده‌ستگیركراوه‌كان ره‌وانه‌ی دادگا كراوه‌.

 4-1
نه‌ینه‌وا، 2019، شه‌قامێكی سه‌ره‌كی له‌ ناوه‌ندی شاری موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

پێشتر و له‌ 13ی ئایاردا، ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری خانه‌نشینی نه‌ینه‌وا و 18 كه‌سی دیكه‌ی ده‌ستگیركرد، به‌ تۆمه‌تی بڕینی پاره‌ له‌ موچه‌ی خانه‌نشینی كه‌ به‌رێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی وه‌ریده‌گرن.

ئه‌وكات نه‌زاهه‌ رونیكرده‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ی ده‌ستگیركراوه‌كان له‌ فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و كۆمپانیایه‌ن كه‌ ئه‌ركی دابه‌شكردنی موچه‌ی خانه‌نشینانیان له‌ئه‌ستۆدایه‌ به‌پێی گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی.

تۆمه‌تی ده‌ستگیركراوه‌كانی نه‌ینه‌وا هاوشێوه‌ی دۆسیه‌ی تۆمه‌تباره‌كانی كه‌ركوكه‌.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كۆمپانیای پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی له‌ نه‌ینه‌وا، تۆمه‌ته‌كانی ره‌تكرده‌وه‌ و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ته‌نیا هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن بووه‌ و هیچ تۆمه‌تێك ساغنه‌بۆته‌وه‌".

ره‌عد مه‌حمود، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی نه‌ینه‌وای كۆمپانیای نه‌خیل بۆ پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی ده‌ڵێت فه‌رمانبه‌ره‌كانیان به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكراون، ئه‌وان هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ خانه‌نشینان نابڕن و به‌بێ كێشه‌ موچه‌كانیان دابه‌شده‌كرێت.

ئه‌و كۆمپانیایه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی خانه‌نشینی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی هه‌یه‌ و مۆڵه‌تی بانكی ناوه‌ندی هه‌یه‌ بۆ ده‌رهێنان كارتی پاره‌دانی ئه‌لیكترۆنی بۆ بانكه‌كانی عیراق له‌ نێویاندا بانكی ره‌شید.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT