عیراق؛ توشبوانى كۆرۆنا له هه‌ڵكشاندایه‌
له‌ چوار رۆژدا پێنج كه‌س له‌ نه‌ینه‌وا توشی په‌تاكه‌ بون

به‌غدا، ئایاری 2020، توشبوانی كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵگرانی ڤایرۆسه‌كه‌ فۆتۆ: وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی

ئه‌حمه‌د زه‌یدی

له‌ نه‌ینه‌وا، ته‌نیا له‌‌ چوار رۆژدا پێنج توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ژماره‌ی هه‌ڵگرانی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ عیراقدا.

به‌پێی دوایین به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ی ئایار 150 توشبوی كۆرۆنا بون، كه‌ به‌رزترین ژماره‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تای گه‌یشتنی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ تائێستا له‌ یه‌ك رۆژدا تۆماربكرێت.

دكتۆر عوده‌ی عه‌بادی، وته‌بێژی شانه‌ی قه‌یرانه‌ له‌ نه‌ینه‌وا رایگه‌یاند له‌ نێو توشبوه‌ نوێیه‌كاندا، یه‌ك حاڵه‌تی له‌ ناوچه‌كه‌ی ئه‌واندا بووه‌، ئه‌ویش هاوڵاتییه‌كه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ موسڵ.

زیادبونی ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له‌ نه‌ینه‌وا له‌ كاتێكدابوو بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك هیچ حاڵه‌تێك له‌ پارێزگاكه‌دا نه‌بوو، تا جارێكیتر په‌تاكه‌ گه‌یشته‌وه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ و له‌ 13ی ئایاردا، كاتێك ئه‌نجامی پشكنینی دوو هاوڵاتی ده‌ریخست هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن.

له‌ 14 و 16ی ئایاریشدا هه‌ر له‌ نه‌ینه‌وا دوو توشبوی تری كۆرۆنا هه‌بون.

ته‌واوی توشبوانی نوێی كۆرۆنا له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و پارێزگاكانی تری عیراقه‌وه‌ بۆ نه‌ینه‌وا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

98349702_2947625941958451_6411138626662432768_o
نه‌ینه‌وا، ئایاری 2020، هاوڵاتیان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ له‌توركیا ده‌برێنه‌ كه‌ره‌نتینه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی ته‌ندروستی

فه‌لاح تائی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت شوێنی كه‌ره‌نتینه‌كردن شیاو و ته‌ندروست نییه‌، بۆیه‌ داوایكرد حكومه‌تی خۆجێیی هه‌رچی زووه‌ هاوڵاتیان له‌و شوێنانه‌ رزگاربكات.

تائی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ خه‌ڵكی زیاتر له‌ شوێنی كه‌ره‌نتینه‌دا توشی كۆرۆنا بن، چونكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و جێگاكه‌ش فراوان نییه‌ تا هه‌موان له‌ خۆبگرێت.

ئێستا ژماره‌ی توشبوان به‌ كۆرۆنا له‌ نه‌ینه‌وا گه‌یشتۆته‌ 11 كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ شه‌ش كه‌س چاكبونه‌ته‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌، له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه‌ش ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا زیاتر بون.

ته‌نیا له‌ كه‌ركوك له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له‌ 20 كه‌س ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن و ئێستا ژماره‌ی توشبوان گه‌یشۆته‌ 71 كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ك 59یان چاكبونه‌ته‌وه‌ و دوو هاوڵاتیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

coronakirkuk
كه‌ركوك، ئایاری 2020، نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به‌ توشبوانی كۆرۆنا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ته‌ندروستی

هه‌ر له‌ مانگی ئایاردا، له‌ دیاله‌ 10 هاوڵاتی و له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێنج كه‌س توشی كۆرۆنا بون، كه‌ بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ئه‌و دوو پارێزگایه‌ له‌ كۆرۆنا پاكببونه‌وه‌.

له‌ پارێزگاكانی عیراق، هێشتا نیمچه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌رده‌وامه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ئێوارانه‌وه‌ تا دره‌نگانی شه‌و، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بڕیاریدا له‌مه‌ودوا كار به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ناوچه‌یی بكات، واته‌ له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كۆرۆنای تێدا تۆمارده‌كرێت قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تی رابگه‌یه‌نرێت.

ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له‌ عیراق گه‌یشتۆته‌ سێ هه‌زار و 554 كه‌س، له‌ نێویاندا دوو هه‌زار و 310 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه‌ و 127 هاوڵاتی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش نزیكه‌ی چوار ملیۆن و 859 هه‌زار كه‌س توشی كۆرۆنا بون، له‌و ژماره‌یه‌ چاكبونه‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك و 888 هه‌زار، مردوانیش 318 هه‌زار و 522 كه‌سن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT