دادگای كەركوك بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ژنێكی تەمەن 18 ساڵ دەركرد كە بەشداریكردووە لە كوشتنی هاوژینەكەی بە هاوكاریی دوو كەسی تر.
لە 8ی ئابی 2019، پیاوێك لە گەڕەكی نەسر و لە ماڵەكەی خۆی بە دوو گولـلەی دەمانچە كوژرا و كچە تەمەن ساڵ و نیوەكەشی برینداركرا. هەمان رۆژ پۆلیس هاوژینی ئەو پیاوە و دواتر دوو كەسی تری دەستگیركرد، بە تۆمەتی بەشداریكردن لەو كوشتنە.
دواى نزیكەی 10 مانگ، دووشەممەی رابردوو 19ی ئایار، دادگای كەركوك، بڕیارى لە سێدارەدانى بۆ هاوژینی ئەو پیاوە و دوو كەسی تر دەركرد، كە هەستاون بەو تاوانە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانیشتنەكانی ئەو كەیسە لە دادگای كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ رەحاب خالد ئیبراهیم، هاوژینی پیاوەكە و دووكەسی تر بەناوەكانی عەبدولمەهدى رەحیم خزەیر و ئەحمەد مەحمود رەمەزان دەركرد كە بەپێی دانپێدانانەكانیان پێكەوە هەستاون بە دانانی پلان و كوشتنی مستەفا ئەحمەد كە هاوژینی رەحاب خالدە".
بەپێی دانپێدانانەكانیان پێكەوە هەستاون بە دانانی پلان و كوشتنی مستەفا ئەحمەد كە هاوژینی رەحاب خالدە
بەپێی دانپێدانانەكانیان، مستەفا ئەحمەدیان بە دەمانچە كوشتووە، پاشان تەرمەکەیان بە محاجەرەی پەیژەی نهومی دووەمی ماڵەكەدا هەڵواسیوە و بۆ ئەوەى بڵێن کە خۆى کۆتایی بە ژیانى خۆى هێناوە.
هەروەها دانیانبەوەداناوە كە منداڵەكەیان "بە دڕندەترین شێوە ئەشکەنجەداوە و بە ئاگرى جگەرە جەستەیان سوتاندوە، دواتر بە شوشە و چەقۆ جێگەی سوتانەكەیان بڕیوەتەوە"، سەرچاوەكە وایوت.
منداڵەكە كچە و كاتی روداوەكە تەمەنی ساڵ و نیوێك بووە.
چۆن ئاشكرا بووە؟
دوای روداوەكە، ژنەكە منداڵەكەی دەباتە نەخۆشخانە و وتویەتی كە شوشە قاچی بڕیوە، بەڵام كارمەندانی نەخۆشخانە گومان دەكەن و بەشی ئەمنی ئاگاداردەكەنەوە، لەوێوە روداوی كوشتنی هاوژینەكەی ئاشكرادەبێت، ئەوەش هەر بەپێی سەرچاوەكە.
ژنەكەی لەكاتی دەستگیركردن و لێكۆڵینەوەدا داندەنێت بەوەی كارەكەی بە هاوكاری دووكەسی تر كردووە. هەرچەندە ئەوان سەرەتا خۆیان دەشارنەوە، بەڵام دواتر دەستگیردەكرێن و دانبەو روداوەدا دەنێن.
بڕیاری لە سێدارەدانی ئەو سێ كەسە بەپێی ماددەی 406 بوو لە یاسای سزادانی عیراقی، كە بەپێی ماددەكە هەركەسێك بە ئەنقەست كەسێك بكوژێت، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت.