(كەركوك ناو)، وردەكاریی رادەستكرنەوەی دەستگیركراوانی عەرەب دەگێڕێتەوە

كه‌ركوك، ئه‌یلولی 2019، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی كه‌سوكاری بێسه‌روشوێن و رفێنراوان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ناو

گەڕاندنەوەی 176 كەس لە زیندانەكانی سلێمانییەوە بۆ كەركوك كە بەتۆمەتی "تیرۆر" دەستگیركرابون، لەسەر داوای هاوسەرۆكانی یەكێتیی و بە ئاگاداری سەرۆكایەتی كۆماری عیراق بووە، بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی هەرێم. ئەو دەستگیركراوانە كە لە گرتوخانەی معەسكەر سەلام بون، لەسەدا 90یان خەڵكی كەركوكن و هەندێكیان لە كاتی روبەڕوبونەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا دەستگیركراون.

ئەو پرسە كە ناڕەزایی پارتی و حكومەتی هەرێمی كوردستانی لێكەوتۆتەوە، لەكاتێكدایە پارتی چەند رۆژێك بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 "دەیان زیندانی تۆمەتبار بە تیرۆر لە هەولێرەوە بۆ كەركوك گەڕاندۆتەوە". ئەوەش بەپێی وتەی ئیسماعیل حەدیدی، كەسایەتی عەرەبی كەركوك و راوێژكاری سەرۆك كۆماری عیراق بۆ (كەركوك ناو). بەڵام ئەو وتی "هێشتا دەیان عەرەبی كەركوك لەزیندانەكانی هەولێرن".

 

دەستگیركراوەكان كێن؟

بەرەبەیانی 21ی ئایار، لە معەسكەر سەلامەوە لە سلێمانی ئەو 176 زیندانییە گەڕێنرانەوە كەركوك، كە بەتۆمەتی تیرۆر و گومانی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ چەكدارانی داعشدا هەیە لە ماوەی نێوان ساڵی 2014 – 2017 دەستگیركراون.

نازم شەمەری، جێگری سەرۆكی بەرەی عەرەبی – لە كۆمەڵێك لایەنی عەرەبی و هۆزەكانی كەركوك پێكدێت-، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم دەستگیركراوانە بەشێكیان لەكاتی شەری داعش و بەشێكی تریان لەدوای ساڵی 2003وە لەلایەن حزبە كوردییەكانەوە دەستگیركراون... ئێمە دەمانەوێت ئەوەی بێتاوانە ئازادبکرێت، ئەوەشی دەستی سورە بە خوێنی ئەم میللەتە دادگایی بکرێت و سزابدرێت".

rakan
كەركوك/ 19ی ئایاری 2020/ كۆبونەوەی هاوبەشی راكان سەعید، لەگەڵ مەڵبەندی یەكێتیی و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

بەپێی لیستی ناوی ئەو دەستگیركراوانەی كە دەست (كەركوك ناو) كەوتووە و لە 21 ئایار گەڕێنراونەتەوە بۆ كەركوك، لەسەدا 90یان خەڵكی پارێزگای كەركوكن، زۆرینەی ئەو سەدا 90ەش خەڵكی قەزای حەویجە و ناحییەكانی دەوروبەرین لە باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوك.

ئیسماعیل حەدیدی، راوێژکاری سەرۆک کۆماری عیراق و كەسایەتی عەرەبی كەركوك، كە خۆی لایەنێكی رێككەوتنی یەكێتی و ئیدارەی كەركوك بوو بۆ گەڕاندنەوەی زیندانییەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشێك لەو زیندانیانە تەنیا گومانلێکراون و لەکاتی روداوەکاندا دەستگیرکراون، بەشەکەی دیکەیان کەسانێکیان تێدایە لەکاتی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تردا دەستگیركراون".

هەروەها وتی "بەشێكی تریان لەكاتی ئاوارەبونی خەڵكدا خۆیان پەڕاندۆتەوە بۆ كەركوك و دواتر هێزەئەمنییەكان پێیان زانیون و دەستگیریان كردون بە تۆمەتی تیرۆر".

حەدیدی جەختیكردەوە لەوەی زیندانییەكان لە معەسكەر سەلام لە سلێمانی زیندانیكرابون، نەك گرتوخانەی سوسێ كە سەر بە حكومەتی فیدراڵە.

چونكە ئەو وتی "ئەوانەی لە سوسێن دادگا بڕیاری لەسەر دۆسییەكانیانداوە و ناویان تۆمارە".

هەروەها نازم شەمەری لەوبارەیەوە وتی "ئەگەر لە زیندانی سوسێ بونایە، حكومەتی فیدراڵ زانیاری لەسەریان هەبوو و زیندانییەكان تۆماركراوبون، بەڵام ئەمانە لای حزب زیندانیكرابون و هیچ چارەنوسێكیان دیار نەبوو".

 

پرۆسەكە بە بڕیاری كێ بوو؟

پرۆسەكە رێككەوتنێكی هاوبەشی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و ئیدارەی كەركوك بووە، بەڵام بە ئاگاداری سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەگەریش هەیە لایەنی دەرەكیش رۆڵی تیایدا هەبێت.

hoz
كەركوك/2019/ خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە هۆز و عەشیرەتە عەرەبییەكان دژی دەنگۆی رێككەوتنی نێوان یەكێتیی و پارتی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار لە عەرەب فۆتۆ: كاروان ساڵحی

 

محەمەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لە 19ی ئایار، وتی "دواى ئەوەى لەلایەن هاوسەرۆکى یەکێتیی و مەکتەبی سیاسییەوە ئامۆژگارى کراین، کە پێداچونەوە بە دۆسیه‌ی ئه‌و دەستگیرکراوانە بكەین كە لاى یەکێتین و لە سەردەمى شەڕى داعشدا دەستگیرکرابون، بڕیارماندا هەمویان رادەستى حکومەتى فیدراڵی عیراق بکەینەوە".

"هەوڵدەدەین ئەو کێشانەی چارەسەر بکەین پێشتر رویانداوە و لاپەڕەیەکى نوێ هەڵبدەینەوە"، محەمەد عوسمان زیاتر وتی "ئەو دەستگیرکراوانە رادەستى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبه‌شه‌كانی کەرکوک دەکەینه‌وه‌، لە ئەمڕۆوە (19ی ئایار) ئەوان لێپرسراون لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا".

بەڵام ئیسماعیل حەدیدی، كە وەك نوێنەری سەرۆك كۆمار لەو پرسەدا بەشداربووە، وتی "لە کارنامەی مستەفا کازمیشدا هاتووە كە دەبێت چارەنوسی هەموو بەندكراوان و بێسەروشوێنەکان یەکلاییبکرێنەوە، نەک تەنیا لەهەرێمی كوردستان، بەڵكو لە تەواوی عیراق، ئەمەش بەشێكە لەو بەرنامەیە".

 

"پارتیش دەیان زیندانیكراوی بۆ كەركوك گەڕاندۆتەوە"

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە 21ی ئایار راگەیەنراوێكی لەسەر ئەو دۆسیەیە بڵاوكردەوە، تیایدا جەختیكردەوە لەوەی بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری راده‌ستکردنەوەی ئه‌و که‌سانه‌ بێت، که‌ بە تۆمه‌تی "تیرۆر" ده‌ستگیرکرابون.

هاوكات ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکوک لەراگەیەنراوێکیاندا جەختیانكردەوە لەوەی ئاگاداری بونی دەستگیرکراوانی لای هێزەکانی یەکێتی نین و ئەو حزبەی بەبونی زیندانی نهێنی تۆمەتباركرد.

پارتی لەكاتێكدا لەو راگەیەنراوەدا داوا دەكات، لێپێچینەوە لەو کەسانە بکرێت کە لێی بەرپرسیارن، بەڵام خۆیشی وەك ئیسماعیل حەدیدی دەڵێت "دەیان زیندانی عەرەبیان لایە و پێش 16ی ئۆكتۆبەریش 50 دەستگیركراوی خەڵكی كەركوكیان رادەستكردونەتەوە".

حەدیدی بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو هەنگاوی یەكێتی بۆ گەڕاندنەوەی زیندانییەكان جوامێرانەیە، هیودارین پارتیش ئەو هەنگاوە بنێت، چونكە زیندانییان لایە و پێش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بەهەوڵی تاكەكەسیی 50 زیندانی كراوی خەڵكی كەركوكیان رادەستكردونەتەوە".

پێش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بەهەوڵی تاكەكەسی پارتی 50 زیندانیكراوی خەڵكی كەركوكیان رادەستكردونەتەوە

نازم شەمەری،  داوایكرد دۆسییەی زیندانیكراوانی عەرەب لە پارێزگاكانی هەرێم بەدوربگیرێت لە رێككەوتنی سیاسی بۆ پۆستەكان و وتی "چونكە ئەمە پەیوەندی بە چارەنوسی مرۆڤ و مافی مرۆڤەوە هەیە و هاوڵاتیمان هەیە 17 ساڵە لای حزبە كوردییەكانە و چارەنوسی نادیارە".

بەڵام حەدیدی وتی كە ئەو پرسە بەلای حكومەتی عیراقەوە زۆر گرنگە و یەكلاییكردنەوەی كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر حكومەتێكی هاوبەش و فراوان لەسەرتاسەری عیراق.

لایەنە عەرەبییەكانی كەركوك، ساڵی 2019 ناوی 1000 كەسیان ئاراستەی حكومەتی عیراق كرد و هەردوو ئاسایشی یەكێتیی و پارتیان بە دەستگیركردنیان تۆمەتباركرد. لەوكاتەوە حكومەتی عیراق وەك ئیسماعیل حەدیدی وتی "بەردەام لەگەڵ هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی هەرێم لەسەر خەت بووە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT