تەرمی مفەوەزێكی پۆلیس بەناوی بەهجەت ئەنوەر، بەسەربڕدراوی لەناو بۆدی ئۆتۆمبێلەكەیدا لە شەقامێكی سەرەكی كەركوك دۆزرایەوە، ئەوەش دوای 24 كاتژمێر لەدیارنەمانی هات.
کاتژمێر ۱۱ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 24ی ئایار، (یەكەم رۆژی جەژن)، تەرمی ئەو فەوەزەی پۆلیس لەلاین پۆلیسەوە هەڵگیرایەوە و رەوانەی پزیشكی دادوەری كرا.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی و ئاگادار لەو پرسە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەهجەت ئەنوەر مفەوەزی پۆلیسی فریاکەوتنی كەركوكە و لە دوێنێوە مۆبایلەكەی داخراوە و هیچ چارەنوسی نەبوو".
وتیشی "بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، تەرمەكەی كرابوە ناو بۆدی ئۆتۆمبێلەکەیەوە کە لە جۆری پیکاب رەنگ سورە و لە شەقامی سەرەكی گەڕەكی عەسكەری بەجێهێڵدرابوو".
"تا ئێستا هۆکاری کوشتنی ئەو پۆلیسە رون نییە، نازانین روداوەكە تیرۆرستییە یان کێشەی کۆمەڵایەتی، لەلایەن هەواڵگری عیراق و پۆلیسی کەرکوکەوە لێکۆڵینەوە لەو روداوە دەكەین"، سەرچاوەكە وایوت.
پەیامنێری (كەركوك ناو)، سەردانی شوێنی روداوەكەی كرد، تەرمەكە لەناو گوێنییەك بە سەربڕدراوی جێهێڵدرابوو و بە بەتانیی و پارچە پەڕۆ داپۆشرابوو.