كۆرۆنا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ بۆ نه‌ینه‌وا و دوزخورماتوو ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌

سه‌ڵاحه‌دین، ئایاری 2020، رشتنی ده‌رمان له‌ ده‌وروبه‌ری ماڵی یه‌كێك له‌ توشبوانی كۆرۆنا له‌ قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: ته‌ندروستی سه‌ڵاحه‌دین

كه‌ركوك ناو

پارێزگای نه‌ینه‌وا و قه‌زای دوزخورماتوو به‌ ته‌واوی به‌ڕوی هه‌موو هاتوچۆیه‌كدا داخراون، رێكاری توند گیراونه‌ته‌به‌ر و هه‌ڵمه‌ته‌كانی رشتنی ده‌رمان چڕكراونه‌ته‌وه‌، دوای هه‌ڵكشانی ژماره‌ی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، ته‌نیا دوشه‌ممه‌ 25ی ئایار له‌ ئه‌نجامی پشكنینه‌كاندا، 22 حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنا له‌ نه‌ینه‌وا تۆماركراون.

دوای ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی وه‌زاره‌ت، نه‌جم جبوری پارێزگاری نه‌ینه‌وا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی به‌ په‌له‌دا قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ته‌واوه‌تی و توندكردنی رێكاره‌كانی راگه‌یاند.

ئه‌و 22 توشبوه‌ی نه‌ینه‌وا، هه‌مویان له‌ كه‌ره‌نتینه‌دا بون، 15 كه‌سیان له‌ توركیا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و شه‌ش كه‌سیشیان له‌ خێزانی ئه‌و پزیشكه‌ بون كه‌ پێشتر توشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوو، به‌وته‌ی فه‌لاح تائی، به‌رێوه‌به‌ری ته‌ندروستی پارێزگاكه‌.

یه‌كێكی تر له‌ توشبوه‌كان دانیشتوی كه‌مپی حه‌سه‌ن شامه‌ له‌ خازر.

ئه‌بو محه‌مه‌د، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كه‌ره‌نتینه‌كراوانی نه‌ینه‌وا و هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌یه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت كاتێك زانیویه‌تی توشی كۆرۆنا بووه‌ "بێ هیوا بوم"، به‌ڵام به‌ هاندانی فه‌رمانبه‌ران و پزیشكانی نه‌خۆشخانه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ سه‌خته‌ی تێپه‌ڕاندووه‌ و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت".

ئێستا ژماره‌ی توشبوان به‌ كۆرۆنا له‌ نه‌ینه‌وا گه‌یشتۆته‌ 34 كه‌س، له‌و ژماره‌یه‌ شه‌ش كه‌س چاكبونه‌ته‌وه‌.

100658666_614528016085469_3012445011502432256_n
نه‌ینه‌وا، ئایاری 2020، داخستنی پرده‌كانی موسڵ به‌روی هاتوچۆدا فۆتۆ: ئه‌حمه‌د زه‌یدی

له‌ قه‌زای دوزخورماتوی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی توشی كۆرۆنا بون و به‌هۆیه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ به‌روی هاتوچۆدا داخراوه‌ بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ.

له‌و دوو رۆژه‌دا كه‌ بڕیاره‌ چوارشه‌ممه‌ 27ی ئایار كۆتاییبێت، ته‌واوی دوكان و بازاڕ و فڕنه‌كانیش داده‌خرێن.

شانه‌ی قه‌یرانه‌كان له‌ سه‌ڵاحه‌دین هۆكاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ته‌واوه‌تی له‌ دوزخورماتوو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مه‌ترسی هه‌ڵكشانی ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا.

له‌ ته‌واوی پارێزگاكه‌دا 13 توشبوی كۆرۆنا تۆماركراوه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ 9 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه‌.

له‌ پارێزگاكانی عیراق، رۆژانی جه‌ژن قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تی هاتوچۆ هه‌بون، له‌ چه‌ندین ناوچه‌ش هێشتا نیمچه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌رده‌وامه‌، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بڕیاریداوه‌ له‌مه‌ودوا كار به‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی ناوچه‌یی بكات، واته‌ له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی كۆرۆنای تێدا تۆمارده‌كرێت قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تی رابگه‌یه‌نرێت.

له‌ كه‌ركوك، ته‌نیا سێ توشبوی كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌كاندا ماون، دوای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ چه‌ندین كه‌س به‌ هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ خرانه‌ ژێر چاودێری پزیشكییه‌وه‌.

زیاد خه‌ڵه‌ف، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند تائێستا 67 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه‌ له‌ كۆی 72 توشبوی كۆرۆنا و دوو حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان هه‌بووه‌.

ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له‌ عیراق گه‌یشتۆته‌ چوار هه‌زار و 632 كه‌س، له‌ نێویاندا دوو هه‌زار و 811 كه‌س چاكبونه‌ته‌وه‌ و 163 هاوڵاتی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش نزیكه‌ی پێنج ملیۆن و 608 هه‌زار كه‌س توشی كۆرۆنا بون، له‌و ژماره‌یه‌ چاكبونه‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ دوو ملیۆن و 384 هه‌زار، مردوانیش 348 هه‌زار و 260 كه‌سن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT